سەرۆكی یارییەكە كشایەوە و سوریا كەوتە واقیعێكی نوێوە

سەرۆكی یارییەكە كشایەوە و سوریا كەوتە واقیعێكی نوێوە


خەڵك – بەشی هەواڵ

بڕیارە چاوەڕوان نەكراوەكەی ڕوسیا بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی لە سوریا خوێندنەوە و پرسیاری جیاوازی لە ناوەندە جیهانییەكاندا بەدوای خۆیدا هێناوە و سوریا و چارەنووسی بەشار ئەسەدی خستووەتە بەردەم واقیعێكی نوێ‌ و زۆرترین پرسیار دەكرێت ئایا ڤلادمیر پۆتن دەست لە پشتیوانی هاوتا سورییەكەی هەڵدەگرێت وا هێزەكانی دەكشێنێتەوە یان قەیران و هەڵاوسانی ئابوری ڕوسیا ناچاری كردووە ئەو بڕیارە بدات.

بەپێی لێكدانەوەكانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2015دا ئابوری ڕوسیا بە ڕێژەی 3.7% پاشەكشەی كردووە و مۆسكۆ دوچاری هەڵاوسانی ئابوری بووە، چاوەڕوانیش دەكرێت لە ساڵی 2016دا هەڵاوسانەكە زیاتر بێت، بۆیە پێویستە مۆسكۆ ئاگاداری خەرجییەكانی بێت، ئەوە جگە لە دابەزینی بەهای دراوی ڕۆبڵی ڕوسی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی، كە گورزێكی كاریگەری لە ژێرخانی ئابوری ڕوسیا وەشاندووە.

بەوپێیەی زۆرینەی بۆچونەكان بەو ئاڕاستەیەن، كە ڕوسیا لەژێر فشاری ئابوریدا هێزەكانی لە سوریا كشاندووەتەوە، ناوەندە ئابورییەكانی جیهان خوێندنەوەی ورد بۆ ڕەوشی ئابوری ڕوسیا دەكەن، بەجۆرێك هەڵاوسانی ئابوری ڕوسیایان لە ساڵی 2015دا بە 15.4% خەمڵاندووە، هەربۆیە هەندێك سەرچاوە باس لەوە دەكەن ڤلادمیر پۆتن بە ناچاری 5%ی بودجەی بەرگری وڵاتەكەی كەمكردووەتەوە، لە حاڵێكی وەهاشدا بودجەی بەرگری ڕوسیا بەرگەی شەڕی سوریا ناگرێت بەتایبەت، كە ڕوسیا چ بە فڕۆكەی سەربازی و چ بە موشەك و چ بە هێزی وشكانی بەشداری شەڕەكەی كردبوو و لە هەوڵدابوو ئەسەد ڕزگاربكات لەو گێژاوەی، كە تێیكەوتووە، بەڵام سەركەوتوو نەبوو.



بڵاوكراوەی (میدڵ ئێست بریڤینگ) كە بڵاوكراوەیەكی ڕاوێژكاری سیاسی ئابورییە لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە، كە ئەمریكا بە هێمنی دەستیكردووە بە نوێكردنەوە و فراوانكردنی چەكە ستراتیژییەكانی وەك ئەتۆمی و هایدرۆجینی، ئەوە جگە لە پەرەپێدانی سیستمی بەرگری ئاسمانی و دەریایی و وشكانی و پنتاگۆن بڕی یەك تریلۆن دۆلاری بۆ ئەم پڕۆژەیە تەرخان كردووە، هەربۆیە ڕوسیا ناتوانێت لە دوورەوە چاودێری بەهێزبونی نەیارەكەی بكات و توانای سەربازی و ئابوری خۆی لە سوریا بەهەدەر بدات.

هاوكات لە ڕاپۆرتێكدا، كە ئاژانسی (ڕۆیتەرز) بڵاویكردووەتەوە، چەند لێكدانەوەیەكی جیاواز بۆ بڕیاری كشانەوەی ڕوسیا لە سوریا كراوە، بەڵام زۆرینەی لێكدانەوەكان دەگەڕێنەوە بۆ فشاری ئابوری بەتایبەت، كە ئێٍستا پۆتین بودجەی بەرگری ڕوسیای كەمكردووەتەوە ئەوەش یەكەمجارە بودجەی بەرگری ڕوسیا كەمبكرێتەوە دوای ئەوەی، كە پۆتین دەسەڵاتی ڕوسیای گرتووەتە دەست لە ساڵی 2000.

لەلایەكی دیكەوە چەند لێكۆڵەرێكی ئەمریكی لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەیان بەوەداوە، كە پۆتین ناچاربووە پاشەكشە لە سوریا بكات، چونكە چەند هەڵەیەكی قورسی كردووە لە نمونەی بڕیاری بڵاوكردنەوەی بۆمبی ئەتۆمی كورت مەودا و دەستوەردان لە كاروباری ئۆكرانیا و دژایەتی هێزەكانی ناتۆ، هەربۆیە ناتوانێت لەم هەموو بەرەیەی دژی خۆی كردویەتییەوە بجەنگێت و ناچارە دەستبكات بە خۆكۆكردنەوە و لە یەكەم هەنگاویشدا پێویست بوو هێزەكانی لە سوریا بكێشێتەوە تا چیتر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە لەمپەڕی بەردەم چارەسەری ئاشتیانەی دۆخی سوریا تۆمەتباری نەكەن.

بەڵام هەموو لێكدانەوەكان دژی پۆتن نین و هەموان پێیان وانییە، كە ڕوسیا بە شكستەوە گەڕاوەتەوە، چونكە كشانەوەی ڕوسیا لە سوریا هەمان ڕۆژی دەستپێكردنی گفتوگۆی جنێف بوو، كە هەوڵدەدرێت بە ڕێگایەكی ئاشتیانە چارەسەری ڕەوشی سوریا بكرێت.



ڕۆژنامەی (لیبراسیۆن)ی فەرەنسی لە ڕاپۆرتێكدا ڤلادمیر پۆتنی بە سەرۆكی یارییەكە ناوزەد كردووە و ئاماژەی بەوەداوە، كە پۆتن زۆر بە وریایی و لێزانانە توانی كارتی شەڕ و ئاشتی بكاربهێنێت، لە شەڕی سوریادا بە جیهانی وت ئەگەر بمانەوێت دەتوانین شەڕ بكەین، بە هەمان شێوەش بە جیهانی وت ئەگەر بمانەوێت دەتوانین ئاشتی بكەین.

هاوكات جۆرج مالبرونو، توێژەری سیاسی جیهانی ڕای وایە، كە پۆتن سەركەوتوو بووە لە سوریا، ئەگەر لە هیچ خاڵێكدا سەركەوتوو نەبوبێت لەو خاڵەدا سەركەوتوو بوو، كە دەرگای سوریای بەرووی توركیادا داخست و بە ئەنكەرەی وت ناتوانن هەنگاو لە دەرەوەی سنوورەكانی خۆتان بنێن لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.

هەرچۆنێك بێت ئێستا جیهان سەری سوڕماوە لە بڕیارە كتوپڕەكەی ڤلادمیر پۆتین، لەكاتێكدا چاوەكان لەسەر جنێف بوون و چاوەڕوان دەكرا بڕیارێك لە جنێف-ەوە بگاتە دیمەشق، بەڵام بڕیارێكی چاوەڕوان نەكراو لە مۆسكۆ بیسترا، هەموان كۆكن لەوەی ڕوسیا سەرۆكی یاری سوریا بوو و ئەم بڕیارەش بێ‌ كاریگەری نابێت، بەڵام نازانرێت ئایا سوریا بە رێگای دیكە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی سەرسەختانەی بەشار ئەسەد، یاخود كاتی ئەو كارتە سیاسییە كۆتایی هات و پۆتین دەست بۆ كارتێكی دیكە دەبات.


ئه‌م بابه‌ته 1090 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:44:15/03/2016