"كوردستان لە هەندێ بەروبووم گەیشتۆتە خودبژێوی"

"كوردستان لە هەندێ بەروبووم گەیشتۆتە خودبژێوی"


خەڵك- بەشی هەواڵ

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، هۆكاری دواكەوتنی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان لە ماوەكانی رابردوودا زیاتر لە سیاسەتی ڕژێمی بەعس و كاولكردنی گوندەكان و ڕاگواستنی دانیشتوانەكانی بۆ كۆمەڵگا زۆرەملێیەكان و كوێركردنەوەی سەرچاوە و كانیاوەكان بووە.

عەبدولستار مەجید ؛وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم جەختیشدەكاتەوە، لە سیاسەتی هەرێمی كوردستاندا، كە بە پلەی یەكەم پشتی بە نەوت بەستووە وەك تاكە داهاتی دارایی و ئابووری و كەمتر بە لای كشتوكاڵدا چووە، كە هەر وەك دەگوترێت ( كشتوكاڵ نەوتی بەردەوامە)، بەڵام لەئێستادا سەرباری ئەو قەیرانە دارایی و ئابوورییەی رووی لە كوردستان كردووە، بەڵام جموجۆڵێكی بەرچاو لە سێكتەری كشتوكاڵدا بەدی دەكرێت.

عەبدولستار مەجید لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی ئاسمانیی (الجزیرە)ی عەرەبیدا، لە وەڵامی پرسیارێكدا، كە بۆچی كشتوكاڵ زۆر بە سستی هەنگاودەنێت، ئاشكرای كرد، قەیرانی دارایی و شەڕی داسەپاوی تیرۆریستانی داعش و كێشە و ململانێی ناوچەكە و بێبەشكردنی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق و زۆر هۆكاری دیكەی زانستی و تەكنیكی كاریگەرییان لەسەر ئەم سێكتەرە هەبووە.

وەزیری كشتوكاڵ ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو ڕێژە بودجەیەی بۆ كەرتی كشتوكاڵ لە بودجەی گشتیی هەرێمی كوردستان تەخانكراوە لە 2% تێپەڕناكات و وەزارەتیش داوای كردووە، كە رێژەكە بەلای كەمیی بكرێتە 10%.

ڕاشیگەیاند، لە زۆربەی دەوڵەتە پێشكەوتووەكاندا تەنانەت پیشەسازییەكانیش بە پلەی یەكەم گرنگیی بە كشتوكاڵ دەدەن و كردوویانەتە سەرچاوەی داهات، بۆ نموونە وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپی، كە زیاتر پیشەسازین، بەڵام 40%ی بودجەیان بۆ كشتوكاڵ تەرخانكردووە.

لە وەڵامی پرسیارێك دەربارەی بوونی بەروبوومی كشتوكاڵی و پەلەوەڕی توركی و ئێرانی و وڵاتانی دیكە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە بەروبوومی خۆماڵی، عەبدولستار مەجید ڕوونی كردەوە، لەم ماوەی دواییدا وەك سیاسەتی وەزارەت رێژەیەك باجمان خستە سەر بەروبوومی هاوردە لە وڵاتانی دەورووبەر، بەمەش هەم جووتیاران قازانج دەكەن و هەمیش رێژەی هاوردە كەم دەبێتەوە، بۆ نموونە بەروبوومی هاوردەی توركی بۆ 28% كەمی كرد و بۆ وڵاتانی دیكەش بە ڕێژەی جیاجیا.

وتیشی: "هەرێمی كوردستان لە ڕووی هەندێ بەروبوومەوە گەیشتۆتە تێراخۆ و خودبژێوی، لەوانەش گەنم و پەتاتەو پیازو هەندێ سەوزەو میوە، ئەمە جگە لە بەروبوومی پەلەوەڕ وەك مریشك و هێلكە،هەروەها لە ماسی"

لە كۆتایشدا سەبارەت بە پاڵپشتیی حكومەت بۆ ئەم كەرتە، ئاماژەی بەوەكرد "لەم دوو ساڵەی دواییدا، سەرباری نەبوونی بودجەی گشتی لە هەرێمی كوردستان، بەڵام هاریكاریی كشتوكاڵی( اڵ‌عانات الزراعیە) بۆ یارمەتیدانی جووتیاران لەلایەن وەزارەتەوە دابینكراوە".


ئه‌م بابه‌ته 2353 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:07:50:15/03/2016