پرێنتەرە (3D) ـەكان دەتوانن ئێسكە پەیكەری سەربازەكان دروست بكەنەوە

پرێنتەرە (3D) ـەكان دەتوانن ئێسكە پەیكەری سەربازەكان دروست بكەنەوە


خەڵك-دڵشاد حەمە

بە پێی رێككەوتنێكی نێوان سوپای ئەمریكا و زانكۆی نیڤادا، لە ئایندەیەكی نزیكدا پێش ئەوەی سەربازەكان بنێردرێن بۆ ناوچەكانی شەڕ، سكان دەكرێن و دواتر بە پرێنتەری (3D) ئێسكە پەیكەرەكەیان دروستدەكرێتەوە تا لە كاتی پێویستدا بۆیان بەكاربهێنرێتەوە.

زانكۆی نیڤادا وتووێژی خۆی لەوبارەیەوە لەگەڵ سوپای ئەمریكا ئاشكراكرد، ئەو زانكۆیە هەڵدەستێت بە سكان كردنی سەربازانی ئەمریكا، دواتر تۆماری زانیاری هەر سەربازێك هەڵدەگیرێت و لە كاتی بەركەوتنی ئەو سەربازە لە بەرەكانی شەڕ تۆمارەكە دەنێردرێتە نزیكترین نەخۆشخانەی سوپا و ئەگەر سەربازەكە پێویستی بە ئێسكی شوێنێكی هەبوو ئەوا بە پرێنتەری (3D) ئێسكە شكاوەكەی بۆ دروستدەكەنەوە.

لەو بارەیەوە جەیمس ما، بەڕێوەبەری بەشی پەرەپێدان لە زانكۆی نیڤادا، لە كۆنگرەیەكی زانستی لەشاری سان خۆسێ‌ لە كالیفۆرنیا ئەوەی ئاشكراكرد، وتووێژەكان لەگەڵ سوپا بەردەوامییان و دواتر ئەوان ئەو تەكنۆلۆژیایە دەگوێزنەوە بۆ بەرەكانی شەڕ لە هەر لایەكی جیهان بێت.

هەرچەندێك ئەو تەكنۆلۆژیایە تەنها دەتوانێت ئێسكەكان دروستبكاتەوە، بەڵام ئەوە بە هەنگاوێكی گرنگ بۆ چاندنەوەی پەلەكانی مرۆڤ دادەنرێت لە داهاتوودا.

 جەیمس ما، ئەوەشی ئاشكراكرد، توانیویانە چەند پارچە ئێسكێك بە وردەكاریی تەواوەوە لە مادەی تیتانیۆم (كە مادەیەكی رەق و سوكە) دروستبكەنەوە و چەند نەخۆشێكیش لەو تەكنۆلۆژیایە سوودمەند بوون.

جگە لەوەش توانیویانە كاسە سەری كچێكی گەنج بە پرێنتەری (3D) دروستبكەن و لە جێی كاسە سەری خۆی بۆی دابنێنەوە كە شێواو بووە. لەوەش وردتر توانیوانە بڕبڕەكانی پشت پرێنت بكەن و لە جێی بڕبڕەی پشتی نەخۆشێك دایبنێن كە نزیك بووە لەوەی تووشی شێرپەنجەی ئێسقان ببێت. هەروەها چەناكەی نەخۆشێكی دیكەیان دروستكردۆتەوە كە بە هۆی رووداوێكەوە لەدەستی دابوو.

لە حاڵەتی بڵاوبوونەوەی ئەو تەكنۆلۆژیایە، بواری پزیشكیی ئێسك و شكاوی هەنگاوێكی گەورە دەبڕێت. بۆ نمونە پزیشكەكان ناچار نابن بەهۆی فەوتانی ئێسكی پەلەكان یان نەخۆشكەوتنیان بیان بڕنەوە، یان لە كاتی بوونی نەخۆشییەكانی وەك ئێسكە نەرمە یان كنۆچكەبوونی ئیًسك، دەوتوانرێت بگۆڕدرێن بۆ ئێسكی نوێ‌.


ئه‌م بابه‌ته 3342 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:01:35:15/03/2016