كاردانەوەكان دژی تەقینەوەكەی ئەنكەرە فراوانتر دەبن

كاردانەوەكان دژی تەقینەوەكەی ئەنكەرە فراوانتر دەبن


خەڵك – بەشی هەواڵ

تەقینەوەكەی ئەنكەرە سەرنجی جیهان بەلای خۆیدا ڕادەكێشێت و كاردانەوە نێودەوڵەتییەكانیش بەردەوامن، هاوكات میدیاكان بە بایەخەوە لە هەر زانیارییەك دەڕوانن لەبارەیەوە، چونكە ئەمە دووەم تەقینەوەیە لەماوەی مانگێكدا پایتەختی توركیا دەهەژێنێت.

محەمەد موئزن ئۆغلۆ ؛وەزیری تەندروستی توركیا؛ ئەمرۆ دوو شەممە بە میدیاكانی وڵاتەكەی ڕاگەیاند، ژمارەی كوژراوانی تەقینەوەكە گەیشتووەتە 37 كەس و 71 كەسیش بریندارن، كە باری تەندروستی 15 برینداریان ناجێگیرە.

ئەگەرچی لە ماوەیەكی زۆر كەمدا زۆرینەی وڵاتانی جیهان ڕای خۆیان لەسەر تەقینەوەكەی ئەنكەرە دەربڕی و ئیدانەیان كرد، بەڵام تا ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی تەقینەوەكەی لە ئەستۆ نەگرتووە و دەوڵەتی توركیاش پەنجەی تۆمەت بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) درێژ دەكات.

بەرپرسێكی باڵای هەواڵگری توركیا ئاشكرای كردووە، سەرەداوی ڕووداوەكەیان دەستكەوتووە و بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان پەكەكە ئەنجامدەری تەقینەوەكەیە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە دەزگا ئەمنییەكانەوە دزەیان كردووە، ئەو ئۆتۆمبێلەی تەقینەوەكەی پێ‌ ئەنجامدراوە ئۆتۆمبێلێكی جۆری (BMW)ی ئەڵمانی بووە و لە تۆماری هاتوچۆی ئەو وڵاتەدا بەناوی ژنێكی بەتەمەنەوەیە، كە لە ئورفا دادەنیشێت، بەڵام لە ڕۆژی 10ی كانونی دووەمی ئەمساڵدا ئەو ئۆتۆمبێلە دزراوە و هەمان ڕۆژ گەیەندراوەتە ئامەد و هەڵگری تابلۆی ئەستەنبوڵە.

هەر لە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەكاندا هاتووە، كە ئەو ئۆتومبێلە ڕۆژی 26ی شوبات لە دیاربەكرەوە بەڕێكەوتووە بەرەو ئەنكەرە و دەزگای هەواڵگری توركیاش لەماوەی ڕابردوودا زانیاری هەبووە، كە تەقینەوەیەك لە ئەنكەرە ڕوودەدات، بەڵام تەقینەوەكە گەورەتر بوو لە پێشبینییەكان و زانیارییەكانیش ئاماژە بەوەدەكەن، كە 2 كەس هەستاون بە ئەنجامدانی و گومان دەكرێت یەكێكیان ژن بێت، ڕۆژی 11ی ئەم مانگەش باڵیۆزخانەی ئەمریكا هۆشدارییەكی پێگەیشتبوو لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێكی خۆكوژی لە ئەنكەرە.

كاردانەوەكان دژی ئەو تەقینەوەیەی ئەنكەرە لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا سەرانسەری جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كرد و هەردوو زلهێزەكەی جیهان بە تووندی ئیدانەیان كرد.

ئاژانسی (تاس)ی ڕوسی لە زاری ڤلادمیر پۆتنی سەرۆكی ئەو وڵاتەوە هێرشەكەی ئیدانەكرد و بە كردەوەیەكی نەزانانە ناوی بردووە، هاوكات جۆن كیربی ؛وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا؛ تەقینەوەكەی ئیدانە كرد و باڵیۆزی ئەمریكاش لە توركیا هاوخەمی واشنتۆنی بۆ ئەنكەرە دەربڕی.

وڵاتانی ئەوروپاش ڕاستەوخۆ هاتنە سەرهێڵ و بەریتانیا وەك یەكەم وڵاتی ئەوروپی ئیدانەی تەقینەوەكەی كرد، دەیڤد كامیرۆن ؛سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا؛ لە پەیامێكدا ئاماژەی بەوەدا، تووشی شۆك بووە كاتێك هەواڵی تەقینەوەی لە ئەنكەرە پێگەیشتووە.

هاوكات جان مارك ئیرلوت ؛وەزیری دەرەوەی فەرەنسا؛ هاوخەمی ئیلیزیەی بۆ هاوڵاتیانی توركیا دەربڕی و ئامادەیی پاریس و خودی فرانسۆ هۆلاندی نیشاندا بۆ هەر هاوكارییەك.

لە بەیاننامەیەكی ڕەسمیشدا، فێدریكا مۆگرینی ؛بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا؛ نیگەرانی وڵاتانی ئەوروپای لە تەقینەوەكە ڕاگەیاند و هاوسۆزی خۆیانی بۆ توركیا دەربڕی و داواشی لە تەواوی وڵاتانی ئەوروپا كرد برەو بە پەیوەندییەكانیان بدەن لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، بە هەمان شێوەش وڵاتانی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ" ئامادەیی خۆیان بۆ هەر هاوكارییەك دەربڕی.

لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش كاردانەوەكانی تەقینەوەكەی ئەنكەرە تا ڕادەیەكی زۆر فراوان بوون و چەند كاتژمێرێك دوای تەقینەوەكە هەریەك لە وڵاتانی كوەیت، قەتەر، ئوردن، میسر، بزوتنەوەی حەماس تەقینەوەكەیان ئیدانەكرد و بە كارێكی نامرۆڤانە وەسفیانكرد.

لە ناوخۆی توركیاشدا هەرزوو بەرپرسانی ئەو وڵاتە پەنجەی تۆمەتیان بۆ پەكەكە درێژكرد.

رەجەب تەیب ئەردۆغان ؛سەرۆك كۆماری توركیا؛ لە پەیامێكدا بە ناونیشانی "دەبێت تیرۆر مل كەچ بكات" ئاماژەی بەوەدا، كە ئەم هێرشە وادەكات هێزە ئەمنییەكانی توركیا تۆكمەتر و بەهێزتر ببن.

ئاماژەی بەوەشدا، تیرۆریستان ناتوانن ڕووبەڕووی سەرباز و هێزە ئەمنییەكان ببنەوە، بۆیە پەلاماری هاوڵاتیانی مەدەنی دەدەن.

هاوكات كاردانەوەی دەوڵەتی توركیا بەرامبەر تەقینەوەكە كاردانەوەیەكی پراكتیكی بوو، ئەمڕۆ دوو شەممە لە زۆر ناوچەی باكوری كوردستان ئۆپەراسیۆنی سەربازی تووند ئەنجامدرا و لە چەند ناوچەیەكی شیرناخیش هاتوچۆ قەدەغە كرا، هەروەك فڕۆكە جەنگییەكانی ئەو وڵاتە هێرشی چڕوپڕیان كردە سەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان.

ئەم تەقینەوەیەی ئەنكەرە دووەم تەقینەوەیە لەماوەی كەمتر لە یەك مانگدا، دوای ئەوەی ڕۆژی 17ی شوبات، تەقینەوەیەكی دیكە لە ئەنكەرە كاروانێكی ئۆتومبیلی كردە ئامانج و بەهۆیەوە 29 كەس كوژران و گروپی هەڵۆكانی ئازادی كوردستان بەرپرسیارێتی خۆیان لەو هێرشە ڕاگەیاند كە گروپێكن بە وتەی خۆیان لە پەكەكە جیابوونەتەوە.


ئه‌م بابه‌ته 1981 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:07:31:14/03/2016