(ABS) چییە؟ چۆن كاردەكات؟

(ABS) چییە؟ چۆن كاردەكات؟


خەڵك-دڵشاد حەمە

لە ئێستادا زۆرینەی كۆمپانیاكانی ئۆتۆمبێلسازی، سەلامەتییان كردۆتە دروشم و ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلار بۆ دۆزینەوەی تەكنۆلۆجیای تایبەت بەو بوارە خەرج دەكەن، ئەمە دەكرێت روویەكی بازاڕ و قازانج بێت، بەڵام لە روویەكی دیكەوە لە سودی بەكارهێنەرە و بەهۆی ئەو تەكنۆلۆجیا نوێیانەوە رادەی سەلامەتی ئۆتۆمبێلەكان بەرز بۆتەوە.

یەكێك لەو سیستمانەی كە رۆژانە گوێبیستی دەبین، سیستمی دژە داخستنی تەواوەتی تایەكانە لەكاتی برێكدا كە بە (ABS) دەناسرێت و ئەویش كورتكراوەی (Anti-lock Brake System)ـە، كە بە پێی دەزگاكانی تایبەت بە سەلامەتی ئۆتۆمبێل، ئەو سیستمە توانیویەتی رێژەی رووداوەكان (20 تا 35%) كەم بكاتەوە.

چۆنێتی كاركردنی (ABS)
بنچینەی كاری ئەم سیستمە بریتییە لەوەی، لە كاتی برێكدا ناهێلێت تایەكان بە تەواوەتی لە جوڵە بكەون، بەڵكو هێزی برێكەكە بە پێی كات دابەش دەكات و لە ماوەی تەنها یەك چركەدا لانی كەم (20) جار تایەكان لە سوڕان رادەگرێت و ئازادیان دەكاتەوە، بۆیە شۆفێر هەست بە لەرزینی پایدەری برێكەكەی ژێر پێی دەكات، ئەمەش وا دەكات كە ئۆتۆمبێلەكە لە كاتی برێك كردندا لە ژێر كۆنترۆڵدا بمێنێتەوە و بواری جوڵەی لاكان بۆ شۆفێر دەهێڵێتەوە، هەروەها ناخلیسكێت و ماوەی وەستانەوەشی كورت دەكاتەوە.

ئەم سیستمە لە چوار بەشی سەرەكی پێك دێت:

یەكەم، هەستەوەرەكان: هەر تایەیەك هەستەوەر (حساس)ێكی لەسەرە، لەكاتی هەستكردن بە كەمبوونەوەی خێرایی كتوپڕی تایەكان بەهۆی برێكی ئاساییەوە، ئاماژەی كارەبایی دەنێرێت بۆ یەكەی كۆنترۆڵی ناوەندیی سیستمەكە.

دووەم، یەكەی كۆنترۆڵی ناوەندیی: كاری ئەم یەكەیەش ئەوەیە، ئاماژە و زانیاری لەهەستەوەرەكانەوە وەردەگرێت و لە سەر ئەو بنچینەیە كۆنترۆڵی پەمپی برێك و ڤاڵڤ (سەمامە)ـی سیستمەكە دەكات.

سێیەم، پەمپ: كاری ئەم پەمپە بە خێرایی ناردنی رۆنی ئیستۆپە بۆ تایەكان لە ڕێی ڤاڵڤەكانەوە بە پێی ئەو ئاماژەیەی كە لە یەكەی كۆنترۆڵی ناوەندییەوە بۆی دێت.

چوارەم، ڤاڵڤ (سەمامە)ـەكان: لای خۆمان بە وەلف ناسراوە، كاری ئەم وەلفانە بریتییە لە ناردن و گرتنەوەی رۆنی ئیستۆپ بۆ تایەكان بەو شێوەی سیستمەكە دەیەوێت، لەگەڵ هەر نۆبەیەكی ناردن و گرتنەوەی رۆن ئیستۆپ، تایەكە دەوەستێت و دەكەوێتەوە جوڵە بەشێوەیەك لە هەندێك لە سیستمە تازەكاندا لە ماوەی یەك چركەدا (50) جار ئەم كارە دووبارە دەبێتەوە.

یەكەی كۆنترۆڵی ناوەندیی كە كۆنترۆڵی كاری وەلفەكان دەكات، نۆرەی وەستان و كەوتنەوە جوڵەی تایەكان رێكدەخات.

بەو شێوەیە لە كاتی كاركردنی ئەو سیستمە، ئۆتۆمبێلەكە ناخلیسكێت و بەهۆی وەستان و جوڵەی بەردەوامیشەوە، هێزی لێخشاندن لە نێوان تایەكە و زەویدا زیاد دەكات و ئەوەش یارمەتی شۆفێر دەدات ئۆتۆمبێلەكەی لە كۆنترۆڵدا بمێنێتەوە.

مێژووی (ABS)
بۆ یەكەمین جار ئەم سیستمە لە ساڵی (1929) لە لایەن ئەندازیارێكی فەرەنسی كە ناوی (گابریێڵ فوازان) بوو، دۆزرایەوە، ئەویش بۆ دانانی لەسەر تایەی فرۆكەكان تا لە كاتی نیشتنەوەدا ماوەی وەستانەوەیان كورت بكەنەوە.

یەكەمجاریش بۆ ئۆتۆمبێل، لە ئۆتۆمبێلی پێشبڕكێی (ferguson p99) دا دانرا، لە شەستەكانی سەدەی رابردووش، هەردوو كۆمپانیای (مارسیدس) و (پۆرش)ـی ئەڵمانی و (كریسلەر)ـی ئەمریكی كاری گەورەیان لەسەر پەرەپێدانی سیستمەكە ئەنجامدا، لە ساڵی (1971) كریسلەر بۆ یەكەمجار ئەم سیستمەی لە تایەكانی دواوەی ئتۆمبێلە كادیلاكەكانی بەكارهێنا، دواتر (مارسیدس) لە ساڵی (1978) ئەم سیستمەی بۆ هەر چوار تایەی ئۆتۆمبێلە ()ـەكانی دانا، لە نەوەدەكاندا زۆرێك لە كۆمپانیاكان ئەو هەنگاوەیان نا و ئێستاش زۆرێك لە ئۆتۆمبێلەكانی ئێستا سیستمی (ABS)یان تێدایە.

جێی گومانە
دامەزراوەیەكی ئەڵمانی تایبەت بە سەلامەتی ئۆتۆمبێل، لێكۆڵینەوەیەكی لەسەر تاكسییەكانی شاری میونیخ ئەنجامدا، كە نیوەیان (ABS)یان هەبوو نیوەكەی تر نەیانبوو، لە ئەنجامدا دەركەوت، رێژەی رووداوەكان لە هەردوو لادا وەك یەكە، دواتر هۆكاری ئەو بابەتە بۆ فاكتەری مرۆیی گێڕدرایەوە، بەجۆرێك ئەو شۆفێرانەی (ABS)یان هەیە پشت ئەستورتر بوون و سەركێشی زیاتریان ئەنجامداوە، لەكاتێكدا ئەوانەی ئەو سیستمەیان نەبووە زیاتر خۆپارێزییان كردووە. لە شاری ئۆسلۆش لێكۆڵینەوەیەكی دیكە هەمان ئەنجامی بەدەستەوە داوە.
  


ئه‌م بابه‌ته 9402 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:01:14:10/03/2016