مانای هەندێك لە كورتكراوەكانی جیهانی ئۆتۆمبێل

مانای هەندێك لە كورتكراوەكانی جیهانی ئۆتۆمبێل


خەڵك-دڵشاد حەمە

زۆرێك لە ئێمە لە كاتی خوێندنەوەی هەواڵی تایبەت بە ئۆتۆمبێل یان زانینی تایبەتمەندییەكانی ئۆتۆمبێلێك، هەندێك دەستەواژە دەبینین كە لێیان تێناگەین.

دیارە هەرە ئۆتۆمبێلیك كۆمەڵێك تایبەتمەندی خۆی هەیە، لە رووی سیستمی كارپێكردن و قەبارەی بزوێنەر و هی تریشەوە، ئەو تایبەتمەندێتیانەش زۆركات بە شێوەی هێما ئاماژەیان پێدەكرێت، لێرەدا چەند هێمایەك لەوانە روون دەكەینەوە:

- (*) ئەم هیمایە، مانی ئەوەیە خێرایی ئەو ئۆتۆمبێلە بە شێوەی ئەلیكترۆنی لەوەندە كیلۆمەتردا داخراوە، بۆ نمونە: 180* كیلۆمەتر/سەعات.

- (2.5SC)  واتە، بزوێنەرێكی قەبارە (2.5) یان هەر ژمارەیەكی تر، بە هەواكێشی ئاسایی.

- (2.5TC) واتە، بزوێنەرێكی قەبارە (2.5) یان هەر ژمارەیەكی تر، بە هەواكێشی توربۆ.

- (2.5D) واتە، بزوێنەرێكی قەبارە (2.5)ـی دیزڵ (گاز).

- (2.5TDI) واتە، بزوێنەرێكی قەبارە (2.5)ـی دیزڵ (گاز)، لەگەڵ توربۆ.

- (l4) واتە، بزوێنەرێكی (4) بستۆن كە بە شێوەی ئاسۆیی بستۆنەكانی دانراوە.

- (l6) واتە، بزوێنەرێكی (6) بستۆن كە بە شێوەی ئاسۆیی بستۆنەكانی دانراوە. (نمونەی بزوێنەرە پێشووەكانی كۆمپانیای تۆیۆتا)

- (V6) واتە، بزوێنەرێكی (6) بستۆن یان هەر ژمارەیەكی تر، كە بستۆنەكانی بە شێوەی پیتی (V) دانراوە، لەم سیستمەدا كە زۆرینەی بزوێنەرە نوێیەكانی لەسەر بنیاد نراوە، هێزێكی زیاترمان بە بڕێكی كەمتر لە سوتەمەنی دەستدەكەوێت.

- (FWD)، كورتكراوەی (Front Wheel Drive)ـە، واتە ئەو ئۆتۆمبێلە هێزی بزوێنەرەكەی دەدات بە تایەكانی پێشەوە، بۆ ئەوەش تەنها تەماشەیەكی بزوێنەرەكە دەری دەخات، ئەگەر بزوێنەرەكە لە باری پانی ئۆتۆمبێلەكە دانرابوو، ئەوا (FWD)ـە.

- (RWD)، كورتكراوەی (Rear Wheel Drive)ـە، واتە ئەو ئۆتۆمبێلە هێزی بزوێنەرەكەی دەدات بە تایەكانی دواوە، ئەگەر بزوێنەرەكە لە باری درێژی ئۆتۆمبێلەكە دانرابوو، ئەوا (RWD)ـە.

- (AWD)، كورتكراوەی (All Wheel Drive)ـە، واتە ئەو ئۆتۆمبێلە هێزی بزوێنەرەكەی بە شێوەی ئۆتۆماتیك و بە سیستمێكی كۆمپیوتەری، دابەش دەكات بەسەر هەر چوار تەگەرەكەدا بە شێوەی هەمیشەیی.

- (4WD)، كورتكراوەی (4 Wheel Drive)ـە، واتە ئەو ئۆتۆمبێلە هێزی بزوێنەرەكەی بە شێوەی دەستی یا ئۆتۆماتیكی كاتێك شۆفێر بیەوێت، دابەش دەكات بەسەر هەر چوار تەگەرەكەدا، لەم جۆرە ئۆتۆمبێلانەدا دەتوانرێت تەنها تەگەرەكانی دواوە بخرێنە كار، لە كاتی پێویستیشدا هەر چواریان.

- (5M) واتە، گێربۆكسی ئۆتۆمبێلەكە، (5) نمرە یان هەر ژمارەیەكی دیكەی دەستییـ(Manual)ـە.

- (5A) واتە، گێربۆكسی ئۆتۆمبێلەكە، (5) نمرە یان هەر ژمارەیەكی دیكەی ئۆتۆماتیكیـ(Auto)ـە.

- (5AM) واتە، گێربۆكسی ئۆتۆمبێلەكە، (5) نمرە یان هەر ژمارەیەكی دیكەی دەستی و ئۆتۆماتیكیشە.

- (RPM)، كورتكراوەی (Round Per Minute)ـە، كە ئاماژەیە بۆ خولانەوەی فڕەكانی كرانك شەفتی بزوێنەرەكە لە یەك خولەكدا، لێرە پێی دەڵێن (پەستانی مەكینە).

- (ABC) كورتكراوەی (Active Body Control)ـە، واتە كۆنترۆڵی چالاكانەی بۆدی ئۆتۆمبێلەكە، ئەم تایبەتمەندێتییە لە ئۆتۆمبێلە گرانبەهاكاندا هەیە، كە لە پێچكردنەوەدا ناهێڵێت ئۆتۆمبێلەكە زۆر بكەوێتە سەر لا و بە رێكی دەیهێڵێتەوە.

- (ABS)، كورتكراوەی (Anti Lock Brake System)ـە، كە ناهێڵێت برێكی ئۆتۆمبێلەكە قوفڵ ببێت و بخلیسكێت، بەڵكو بە شێوەی راست و چەپ تەگەرەكان دەگرێت و بەری دەدات، تا ئۆتۆمبێلەكە بە هاوسەنگی بمێنێتەوە.

- (ESP)، كورتكراوەی (Electronic Stability Program)ـە، واتە جێگیرهێشتنەوە ئۆتۆمبێلەكە بە شیچوەی ئۆتۆماتیكی، ئەم تایبەتمەندێتییەش ناهێڵێت ئۆتۆمبێلەكان لە پێچەكاندا، یاود لەسەر جادە خلیسكەكان بخلیسكێن.

- (EBD)، كورتكراوەی (Electronic Brakeforce Distribution)ـە، كە بە شێوەی ئۆتۆماتیكی هێزی برێكەكە دابەشی هەر چوار تەگەرەكە دەكات، هەركام پێویستی بە زیاتر بوو زیاتر دەیگرێت و كامیان پێویستی بە كەمتر بوو، كەمتر دەیگرێت، ئەوەش لە كاتی برێكی توند و پێچدا ناهێڵێت ئۆتۆمبێلەكە بەملاولادا بچێت، هاوكاری سیستمی (ABS)ـە لە كاركردندا. 


ئه‌م بابه‌ته 6657 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:01:24:06/03/2016