کێن ئەوانەی<br> نوێنەرایەتیی نەتەوەکەیان دەکەن؟

کێن ئەوانەی
نوێنەرایەتیی نەتەوەکەیان دەکەن؟

خەڵک- دانا فایەق

کێن دەبنە ناسنامەی گەلەکان؟ کێن ڕووە جوان و پڕ لە شانازییەکەی نەتەوە؟ کێن ئەوانەی دەمێننەوە و دەبنە ڕەمزی گەل؟ کێن ئەوانەی دواجار دەبنە سیما و ڕوخسارە درەوشاوەکەی گەلەکەیان و خەڵکی نیشتمانەکەیان بە شانازییەوە سەریان بڵند دەکەنەوە و سنگ دەردەپەڕێنن و دەڵێن ئێمە خاوەنی ئەمانەین؟ کێن ئەو کەسانە، سیاسی و دەسەڵاتدارەکانن یان کەسانی دی؟ کێن...؟

ئەگەر ئەو پرسیارانە لە هاووڵاتییەکی ڕووسی بکرێ، ناوی دۆستۆیڤسکی و تۆڵستۆی و پوشکین و چیخۆف و مایاکۆفسکی و مایەرهۆڵد و ستانیسلافسکی و ئاخماتۆفا و چایکۆفسکی و تارکۆفسکی و...ی لێ دەبیستیتەوە یان قەیسەرەکان و ستالین و ئەو دەسەڵاتدارانەی ملیۆنان کەسیان لەناوبرد؟

بۆ فەڕەنسییەکان کامیان جێی شانازییە، ناپلیۆن و داگیرکاری و وێرانییەکانی یان پروست و بەلزاک و هوگۆ و ڕامبۆ و بۆدلێر و سیزان و کامو و دی بوڤوار و روب گرێ و گودارد و ترۆفۆ و سەدانی تر؟

بۆ ئەڵمانییەکان هیتلەر و نازییەکان ماونەتەوە یان هاینریش بۆل و گۆنتەر گراس و ڕیمارک و نیچە و کانت و هیگڵ و بیتهۆڤن و باخ و واگنەر و هایدن و گۆتە و برێشت و تۆخۆلسکی و....؟

بۆ ئیتالییەکان چی جێی شانازییە؟ مۆسیلینی و فاشیزم و مێژووە خوێناوییەکەی، یان دانتێ و ڤیڤاڵدی و پاگانینی و پاڤاروتی و پازۆلینی و فیلنی و داڤنشی و مایکل ئەنجیلۆ و ئەنتۆییۆنی و ئیکۆ و...؟

سیمبۆلی ئیسپانییەکان چی و کێیە؟ داگیرکارییەکان یان دۆن کیشۆت و گرونیکا؟ کوشتارگەکان یان لۆرکا و نیرۆدا و فریدا و بۆنیۆڵ و ئەلبیرتی و ....؟

کێ نوێنەری ئێرانییەکانە و کێیە ماوەتەوە و دەمێنێتەوە؟ قاجاری و ڕەزاشاکان یان سەعدی و حافز و نیما و فروغ و سوهراب و شاملوو؟ خومەینی و خامنەیی و ئەحمەدی نەژادەکان یان کیاڕۆستەمی و فەرهادی و شەجەریان و نازری و داریوش و گوڵشیری و دەوڵەت ئابادی و گوڵپا و مازیار و ئیرەجەکان؟

بۆ عەرەبەکان کێ جێی شانازییە؟ مێژووی خوێناویی هەزار ساڵە یان موتەنەبی؟ ئالی سوباح و ئالی سعود و ئالی مەکتوب و ئالی ئەسەد و ئالی سەدام و ئالی.... یان ئوم کەلسوم و عەبدولحەلیم و ئەترەش و ئەسمەهان و تەیب ساڵح و نەجیب مەحفوز و عومەر شەریف و بن جەللون و بەیاتی و سەیاب و ئەدۆنیس و فەیروز و کازم ساهیر و ماجیدە رومی و....؟

کە باس لە کۆڵۆمبیادەکرێ جگە لە مارکیز کێمان بیردەکەوێتەوە؟ کە ناوی نەرویج دێ جگە لە ئیبسن و میونک خەیاڵمان بۆ لای کێ دەچێ؟ جگە لە ستریبێری و بێرگمان و ئەندرسن و داهێنەرەکانی تر، نمایندەکانی سوید کێن؟ لە هۆڵەندا ناوی چ سیاسی و دەسەڵاتدارێک دەزانین؟ کەچی هەموو حیکاتی گوێچکەبڕاوەکەی ڤان کوخ دەزانین و پەتاتەخۆرەکانی دەناسین. زۆربەمان نازانین چیک کەوتووەتە کوێوە، بەڵام ئاشناین بە کافکا و مەسخ! رەنگە بۆ زۆربەی ئینگلیزەکان هەموو مێژووی سیاسییان لەلایەک بێ و شەکسپیر لە لاکەی دی بێ!

بۆ ئەوان کە سەدان و هەزاران ساڵە دەوڵەتن، هەن و حوکم دەکەن کەچی هونەر و ئەدەبیان بووە بە سیمبۆل و ناسنامەیان، ئەی دەبێ بۆ ئێمە، ئێمەی کوردی بێ دەوڵەت و بێ خاوەن چەند گرنگ بێ لەو ڕێیەوە بناسرێین... چەند گرنگ بێ کتێبی نووسەرێکی کورد بکرێ بە زمانی گەورە و زیندووی جیهانی و ئیتر لەو ڕێیەوە کورد بناسرێ... کتێب نوێنەرایەتیی کورد بکا و بیناسێنێ نەک سواڵ و پاڕانەوە و شەڕ و ناشیرینی و ململانێی سیاسییەکان.

وەرگێڕانی ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی بۆ زمانەکانی ئەڵمانی و ئینگلیزی و فەڕەنسی دەبێ بۆ هەموومان جێی شانازی بێ. دەبێ کتێب ناسنامە و نوێنەرمان بێ، دەبێ لەڕێی ئەدەبەوە بمانناسن و دەبێ لەو ڕێیەوە خۆمان بناسێنین، دەبێ ئەدەب و هونەر سیمبۆل و نمایندەمان بێ، نەک نەوتی دزراو و پارەی دزراو و سیاسیی دز و شەڕی ناوخۆ، دەبێ یەڵماز گونەی و کامکاران و شێرکۆ بێکەس و بەختیار عەلی نوێنەر و ناسنامەمان بن.

ئه‌م بابه‌ته 19159 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:12:29:04/03/2016