لە هەولێر سینەما لە نیگای ئافرەتدا خۆی دەردەخات

لە هەولێر سینەما لە نیگای ئافرەتدا خۆی دەردەخات

خەڵک

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ئافرەتان لە 8ـی مارس، دیدارێكی سینەمایی تایبەت بە ئافرەتان لە هەولێر ساز دەكرێت و چەند خانمە ئەكتەر و سینەماكارێكی ناسراو بەشداری تێدا دەكەن.

پشتیوان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئەو دیدارە بە "وشە"ـی ڕاگەیاندووە، "سینەما لە نیگای ئافرەتدا" ناوی دیدارێكی هونەرییە كە بەبۆنەی رۆژی جیهانی ئافرەتان لە 8ی مارس لە هەولێر ساز دەكرێت، ئەو دیدارە بە بەشداری فیلمی كوردی، بیانی، عێراقی، عەرەبی ساز دەكرێت و پێك هاتوون لە 14 كورتە فیلم، 11 فیلم لەو فیلمانە لە دەرهێنانی ئافرەتانە، 3 فیلمەكەی تر لە دەرهێنانی پیاون كە بابەتەكانیان لەبارەی ئافرەتانە.

ئەوەشی گوت، زۆربەی فیلمە كوردییەكان بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای هەولێرن، خانمە هونەرمەندان لە بەغدا، كەركووك و سلێمانی بانگهێشت كراون، لە بەغدا ئەنعام عەبدولمەجیدی دەرهێنەری فیلمی "شرووق" بەشداریی تێدا دەكات، هەروەها خانمە شاجوانی عێراق كە كوردی كەركووكە شەیما قاسم لەگەڵ شادی جەزا لەكەركووكەوە بەشداری دەكەن، لە سلێمانیش دەوەن نەوزاد، سولین جیهاد، رووناك دڵپاك، سنوور ئالانی، كاردینیای سپی نیگار عوسمان، چریكە عەبەڕەش و چەندین خانمی تر بانگهێشت دەكرێن.

ئاماژەی داوە، كۆی گشتیی بانگهێشتكراوان 12 سینەماكار و ئەكتەری ئافرەتن، جگە لە نمایشكردنی فیلم، ئاهەنگی موزیكی زیندوو و پێشانگەی شێوەكاری بۆ قوتابییانی كچی پەیمانگەی هونەرە جوانەكان ساز دەكرێ‌، گرووپی گۆڵدن ئارت ئەو دیدارە لە مێگامۆل سینەما لە هەولێر ساز دەكات.

ئەو دیدارە بەن مایشكردنی 8 فیلمی كوردی، دوو فیلمی عێراقی، یەك فیلمی مەغریبی، دوو فیلمی بیانی و یەك فیلمی فەلەستینییە لە دەرهێنانی وەفا جەمیل. فیلمە بەشدارەكان لە دوو كاتی جیاواز نمایش دەكرێن، لە سەعات 11ی سەرلەبەیانی بۆ 12:30ی نیوەڕۆ، دوای نیوەڕۆیش لە سەعات 4 بۆ 7ـی ئێوارە دەبێت، لەو دیدارەدا خەڵات دەبەخشرێت بە 8 ئافرەت و خانمی چالاك و سەركەوتوو لە هەریەك لە بوارەكانی سینەما، ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی.

ئه‌م بابه‌ته 1077 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:01:49:03/03/2016