یادێک لە یەشار کەمال

یادێک لە یەشار کەمال

خەڵک: بەکر شوانی

ساڵی ١٩٢٣ لە گوندی هەمیتە (لەم سەردەمەدا: گوێکچەدام)ی سەر بە قەزای عوسمانییەی گرێدراوی پارێزگای ئەدەنە لە دایك و باوکێکی کوردی بەڕەچەڵەك خەڵکی کەناری دەریاچەی وان لە دایك بووە. لە گوندی بورهانلیی نزیك لە گوندی خۆیان، دەستی بە خوێندنی قۆناغی سەرەتایی کردووە و دواتر لە ناوچەی قادیرلی تەواوی کردووە. لە ئەدەنە چووەتە قۆناغی ناوەندی و هەمان کات لە کارگەیەکی خۆشکردنی لۆکە کاری کردووە. لە دوایین ساڵی خوێندنی قۆناغی ناوەندیدا دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە و وەك فەرمانبەری پسوولەنووسی گازی ماڵان، سەرگەورەی پسوولەنووسان، یاریدەدەری مامۆستا، کارمەندی کتێبخانە، شۆفێری تراکتۆر و چاودێر و پاسەوانی مەرەزە کاری کردووە. سەرەتای ساڵانی ١٩٤٠ لەگەڵ هونەرمەندان و نووسەرانی مەیلەوچەپی وەك پەرتەڤ نایلی بۆراتاڤ، عابیدین دینۆ و عارف دینۆدا ئاشنایی پەیدا کردووە و کاتێك تەمەنی بووە بە ١٧ ساڵ، لەبەر هۆکاری سیاسی، بۆ یەکەمین جار خراوەتە زیندانەوە. ساڵی ١٩٤٣ یەکەم کتێبی خۆی بەناوی "لاواندنەوەکان" بڵاو کردووەتەوە. ئەو کتێبە چەپکێك لاواندنەوە و شیعری فۆلکلۆریی تورکی لەخۆدەگرێت کە نووسەر لە میانەی گەڕانی بە گوندەکانی ئەنادۆڵدا کۆی کردوونەتەوە. ساڵی ١٩٤٦ و پاش تەواوکردنی خزمەتی سەربازی، چووەتە ئیستانبوڵ و لەوێ وەك کارمەندی پسوولەنووسی گازی ماڵان لە کۆمپانیایەکی فەرەنسایی دەست بەکار بووە. ساڵی ١٩٤٨ سەرلەنوێ گەڕاوەتەوە ناوچەی قادیرلی و ماوەیەك وەك پاسەوانی مەرزە و دواتر وەك سکاڵانووس کاری کردووە. ساڵی ١٩٥٠ بە تۆمەتی ئەنجامدانی پروپاگەندەی کۆمۆنیستی، دەستگیر کراوە و لە گرتووخانەی کۆزان لە ئەدەنە بەند کراوە. ساڵی ١٩٥١ پاش ئەوەی بێتاوان دەرخراوە، چووەتە ئیستانبوڵ و تا ساڵی ١٩٦٣ لە ڕۆژنامەی جمهورییەت وەك نووسەری ڕیپۆرتاژ و گۆشە کاری کردووە.

یەشار کەمال ساڵی ١٩٥٢ یەکەم کۆمەڵە چیرۆکی خۆی لە کتێبێکدا بەناوونیشانی "گڕە" بە چاپ گەیاندووە. ساڵی ١٩٥٥یش بەرگی یەکەمی ڕۆمانی ئینجە مەمەد "حەمەدۆك"ی بڵاو کردووەتەوە و ئەم ڕۆمانە ناوبانگێکی زۆری بۆ نووسەر پەیدا کردووە. ساڵی ١٩٦٢ چووەتە ڕیزەکانی پارتی کارگەری تورکیاوە و ماوەیەك ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبەری گشتی و دواتر ئەندامی لیژنەی ناوەندیی بەڕێوەبردن بووە. لەپای نووسین و کاری سیاسی، چەندین جار دادگایی کراوە. ساڵی ١٩٥٧ یەکێك بووە لە دامەزرێنەرانی گۆڤاری ئانت "بە کوردی: سوێند". ساڵی ١٩٧٣ بووە بە ئەندامی سەندیکای نووسەرانی تورکیا و لە ١٩٧٤-١٩٧٥ سەرۆکی سەندیکا بووە. ساڵی ١٩٨٨ بووە بە یەکەم سەرۆکی یانەی "PEN"ی تازە دامەزرێندراو. ساڵی ١٩٩٥ لەپای وتارێك کە لە گۆڤاری "دێرشپیگل"ی ئەڵمانیدا بڵاو کرایەوە، لە دادگای ئاسایشی دەوڵەت لە ئیستانبوڵ دادگایی کرا و دواتر بێتاوان دەرخرا. هەمان ساڵ، لەپای وتارێك بەسەردێڕی "هەورە ڕەشەکانی ئاسمانی تورکیا" کە لە گۆڤاری ڕێکخراوی "Index on Censorship" بەریتانیدا بڵاو کرایەوە، سزای ساڵێك و ٨ مانگ بەندکردنی بەسەردا درا، بەڵام جێبەجێکردنی سزاکەی دواخرا. 

یەشار کەمال وەك نووسەرێکی خاوەن توانای سەرسوڕهێنەری وێناکردن و زمانێکی شیعرئامێز، ناوێکی دیار و لە پێشی نەك تەنیا ڕۆمانی تورکی، بگرە ئەدەبیاتی جیهانیشە و لە ساڵی ١٩٧٣وە تا مردنی، پاڵێوراوی خەڵاتی ئەدەبیاتی نۆبڵ بوو. نووسەر سەرووی ٤٥ کتێبی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە کە لە نیوە زیاتریان ڕۆمانن. بەشی زۆری بەرهەمەکانی نووسەر بۆ نزیکەی ٥٠ زمانی جیهان، بە زمانی کوردیشەوە، وەرگێڕدراون. لە ساڵی ١٩٥٥ تا ساڵی ٢٠١٤ لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا سەرووی٤٠ خەڵاتی گەورە و واتاداری وەرگرتووە. 

یەشار کەمال، ڕۆژی ٢٨ شوباتی ٢٠١٥، لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا لە شاری ئیستانبوڵ کۆچی دوایی کرد و ڕۆژی ٢ ئادار تەرمەکەی لە گۆڕستانی "زنجیرلیکویو"ی هەمان شار بە خاك سپێردرا.

ئه‌م بابه‌ته 1158 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:28:02/03/2016