دەرهێنەرێکی کورد خەڵاتێکی گرنگ ڕەت دەکاتەوە

دەرهێنەرێکی کورد خەڵاتێکی گرنگ ڕەت دەکاتەوە

خەڵک

بوڵه‌‌نت گوندوز، ده‌رهێنه‌ری كوردی باكووری كوردستان، خه‌ڵاتی فێستیڤاڵی فیلمی له‌نده‌نی بۆ باشترین فیلمی بێگانه‌ ڕه‌ت كرده‌وه‌.

له‌ لێدوانێكیدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، بوڵه‌نت رایگه‌یاندووە، له‌به‌ر بێده‌نگی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و به‌تایبه‌تی وڵاتانی به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا له‌ به‌رامبه‌ر كوشتاری كوردان، خه‌ڵاته‌كه‌ی ڕه‌ت كردۆته‌وه.

بوڵه‌‌نت له ‌دایكبووی ١٩٧٩ـی باكووری كوردستانه‌ و له‌ ساڵی ٢٠٠١ـه‌وه‌ به‌هۆی كێشه‌ی سیاسییه‌وه‌ ئاوارەی فەڕەنسا بووە و ئێستا له‌ پاریس نیشته‌جێیه‌.

ئه‌مساڵ به‌ فیلمی (كوردستان كوردستان) به‌شداری "فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی له‌نده‌ن"ـی كرد.

فیلمه‌كه باس لە‌ چیرۆكی مۆسیقاژه‌نێكی كورد دەکات‌ كه‌ دوای ٢٠ ساڵ له‌ په‌ناخوازی له‌ ئه‌وروپاوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ باكووری كوردستان.

ئه‌و ده‌رهێنه‌ره‌ گوتوشییەتی: "ئێمه‌ی كورد كه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی ٤٠ ملیۆنین، تاكه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ بێده‌وڵه‌تین و به‌ڕاستیش شه‌ڕی سه‌رسه‌ختترین دوژمنی مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ین كه‌ داعشه‌، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ جدی پشتگیری كورد ناكات، به‌تایبه‌ت ئه‌ورووپا و به‌ تایبه‌تتریش وڵاتانی به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا بێده‌نگ له‌به‌رامبه‌ر كوشتاره‌كانی باكوور."

پێشتر ئه‌و ده‌رهێنه‌ره‌ چه‌ندین خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی وه‌رگرتووه‌، له‌ ساڵی ٢٠١٠ـه‌وه‌ وه‌كو ده‌رهێنه‌ر كار ده‌كات و یه‌كه‌م فیلمیشی به‌ناوی" evdalê zeynikê" بووه‌ و خه‌ڵاتی نیویۆركی وه‌ك باشترین ده‌رهێنه‌ر پێ دراوه‌.

فیلمی دووه‌می له‌سه‌ر كاره‌ساتی ڕۆبۆسكی باكووری كوردستان بووه‌، به‌ناوی" roboski mon amour- ڕۆبۆسكی خۆشه‌ویستم" كه‌ باس له‌ بۆمبارانی فڕۆكه‌كانی توركیا ده‌كات كه‌ ده‌بێته‌ هۆی شه‌هیدبوونی ٣٤ هاووڵاتی مه‌ده‌نی كورد له‌و گونده‌ی باكووری كوردستان.

ساڵی ٢٠١٥ـش فیلمی "كوردستان كوردستان"ـی ده‌رهێناوه‌ و لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٥ دوو خه‌ڵاتی له‌ فێستیڤاڵی لۆس ئه‌نجلس برده‌وه‌، یه‌كه‌میان وه‌ك باشترین فیلم و دووه‌میش وه‌كو باشترین گۆرانی ئۆرجیناڵ له‌ فیلمه‌كه‌دا.

ڕۆژی شه‌ممه‌ ٢٧ـی شوباتیش له‌ فێستیڤاڵی له‌نده‌ن ئه‌و فیلمه‌ خه‌ڵاتی باشترین فیلمی بێگانه‌ی پێ درا، به‌ڵام بوڵه‌نت خه‌ڵاته‌كه‌ی وه‌رنه‌گرت وه‌ك ناڕه‌زایه‌تی بێده‌نگبوونی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر كوشتاری كوردان.


ئه‌م بابه‌ته 1687 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:09:31:29/02/2016