حەللاج، سۆفییەکی عاشق و یاخی<br>عەباس ئەرنائوت

حەللاج، سۆفییەکی عاشق و یاخی
عەباس ئەرنائوت

خەڵک

حەللاج، لە حەسرەتی تۆیە دڵ ناسرەوێ، ناونیشانی ڕۆمانێکی عەباس ئەرنائوتە و ئازاد بەرزنجی کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ئەندێشە چاپ و بڵاوی کردۆتەوە. ئەمەی لێرەدا دەیخوێننەوە، لە پێشەکی ئە کتێبەوە ئامادە کراوە کە ئازاد بەرزنجی بۆ کتێبەکەی نووسیوە.

حەللاج کێ بوو؟

ئەبولموغیس حوسەینی کوڕی مەنسووری حەللاج لە ساڵی ٢٤٤ك بەرامبەر بە ٨٥٧ یان ٨٥٨ـی زاینی لە دێی "توور”ـی سەر بە شاری "بەیزا” لە هەرێمی فارسی باکووری شاری شیراز هاتۆتە دونیاوە. باپیرەی کابرایەکی زەردەشتی بووە، باوکیشی هەللاج (حەللاج) بووە. ئەو هێشتا لاوێکی مناڵ بووە کە خێزانەکەیان چوون بۆ "واسیت” لە عیراق. سەبارەت بەوەش کە بۆچی نازناوی "حەللاج”ـی دراوەتە پاڵ، قسە و باسی جیاواز هەیە. لەوانە ئەوەی کە باوکی هەللاج بووە، هەروەها پێی وتراوە هەللاجی نهێنییەکان، لەبەرئەوەی پەردەی لە ڕووی نهێنییەکانی یەکتاپەرستان هەڵماڵیوە. هەروەها هۆکاری تریش هەن کە زیاتر خەیاڵ بە سەریدا زاڵە، وەک ئەوەی کە کاتێک لە واسیت بووە (جارێکیان داوا لە هەللاجێک دەکات، لە هەندێک کاردا یارمەتیی بدات، کابرا سەرەتا داواکەی ڕەتکردۆتەوە، بە بیانووی ئەوەی سەرقاڵی هەللاجییەکەی خۆیەتی، بەڵام کاتێ حوسەین بەڵێنی دەداتێ کە ئەگەر یارمەتیی بدات، ئەوا ئەمیش لە کاری هەللاجیدا یارمەتیی ئەو دەدات، ئیدی کاتێ کابرای هەللاج دێتەوە بۆ شوێنکارەکەی خۆی، سەیردەکات هەرچی لۆکە هەیە شی کراوەتەوە، هەر لەوەوە نازناوی حەللاج دەخەنە پاڵ حوسەینی کوڕی مەنسوور.)

*****

دادگاییکردنەکەی حەللاج

پاش ئەوەی لە ساڵی ٣٠٦ک دا قەیرانی دارایی ڕووی کردە وڵات و سەرشەقامەکان پڕبوون لە خۆپیشاندەران و پێکدادان و، هەڵپژان لەنێوان خەڵک و سوپادا ڕووی دا و ژمارەیەکی زۆر لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون، خەلیفە بۆ پاککردنەوەی دەستوپێوەند و دامەزراوەکانی لەو کەسانەی لایەنگری خۆپیشاندەران بوون، هەندێ گۆڕانکاریی ئەنجام دا. لەوانە؛ لابردنی ئیبنو فورات و دانانی حامیدی کوڕی عەباس بە وەزیر. حامیدیش یەکێک بوو لە دوژمنە سەرسەختەکانی حەللاج. بۆیە ئەوەی بە فرسەت زانی و دوای ئەوەی عەلیی کوڕی عیسای جێگری لە خۆی دوورخستەوە، بڕیاری سازکردنەوەی دادگایی بۆ حەللاج دەرکرد.

*****

لە ڕۆژی ـ٢٤ـی زولقەعدەی ساڵی ٣٠٩ک دا و لە (بابی خوراسان)، خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە تا چۆنێتیی کوشتن و لەخاچدانەکەی حوسەینی کوڕی مەنسوری حەللاج ببینن. حەللاج وەختێ لە شوێنی لەخاچدانەکەی نزیک بووبۆوە و دار و تەختە و بزمارەکانی بینیبوو، هێندە پێکەنیبوو تا چاوەکانی پڕ بووبوون لە فرمێسک. دوو ڕکات نوێژی کردووە و ئینجا داوای لە خوا کردووە کە لە بکوژەکانیشی خۆش بێت. ئینجا ئەبو حارسی شمشێروەشێن لێی نزیک دەبێتەوە و بە دەموچاویدا دەکێشێت، دواتر هەزار قامچیی لێ دەدات و دوای ئەوەش دەست و پێی دەبڕێتەوە. هەڵبەت لەبەرئەوەی لەخاچدانەکەشی دەبووایە بە ئامادەبوونی وەزیر بووایە تا فەرمانی خەلیفە لەوبارەیەوە بخوێنێتەوە، لەخاچدانەکەی بۆ ڕۆژی دوایی دواخرا و بۆ ڕۆژی دوای ئەوە، شمشێروەشێن لە ملی دا و سەری پەڕاند. پاشان لاشەکەی لە حەسیرێکەوە دەپێچن و نەوتی پێدا دەکەن و دەیسووتێنن، ئینجا خۆڵەمێشەکەی دەبەن و لەسەر منارەیەکەوە دەیڕێژنە ناو ئاوی دیجلەوە. سەرە پەڕیوەکەشی دەبرێ بۆ زیندانە تازەکەی و، لەگەڵ هەردوو دەست و پێیە بڕاوەکەیدا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لەسەر دیواری زیندانەکە دایدەنێن. دوایی، کەللەسەرەکەی دەبەنە گەنجینەی دارولخیلافە و بۆ ماوەی ساڵێک لەوێ دەمێنێتەوە و پاش ئەوەش دەنێردرێ بۆ خوراسان تا لەوێ ببێت بە عیبرەتێک بۆ هاوڕێکانی.

******

ئەم ڕۆمانە

نووسەری ئەم ڕۆمانە کە ناوی "عەباس ئەرنائوت”ـە، لە بنەڕەتدا نووسەرێکی درامایی و دەرهێنەرێکی تەلەفزیۆنییە و لە بەریتانیا خوێندوویەتی و لە حەفتاکانەوە سەرقاڵی نووسین و دەرهێنانی زنجیرەی درامایی تەلەفزیۆنی بووە و کۆمەڵێک زنجیرەی تەلەفزیۆنیی سەرکەوتووی بۆ کەناڵە عەرەبیەکان نووسیوە، لەوانە: سولەیمانی حەڵەبی، عەنتەرە، شەوی کەوتنی غەرناتە، شکۆ شایانی ئەسپسوارانە، مەرگی موتەنەبی و هتد... لە بواری ڕۆماندا، جگە لەم کارە کارێکی تری هەیە بە ناوی "دەنگەکە بانگم دەکات”، لەگەڵ کۆمەڵە چیرۆکێکی کورتدا.

ئەگەر بمانەوێ چەند دێڕێک لەسەر ئەم ڕۆمانە بڵێین، ئەوا بەر لە هەموو شتێک دەبێ بڵێین کە ئەم ڕۆمانە بە شێوازێکی تەقلیدی نەنووسراوە و هەر لە سەرەتاشەوە خوێنەر هەست بەمە دەکات. واتە لەم ڕۆمانەدا خوێنەر گێڕانەوەیەکی باو نابینێتەوە وەکو ئەو گێڕانەوانەی زۆربەی ڕۆماننووسەکان پەنای بۆ دەبەن، بەڵکو زمانی گێڕانەوە لەم کارەدا پتر زمانێکی پەخشانیی شیعر ئامێزە کە خۆی لە دێڕی کورت کورت و وێنەی شیعری و بەکاربردنی زمانێکدا دەبینێتەوە کە ئەگەرچی شیعری ڕووت نییە، بەڵام دەیەوێ لەناو کەش و هەوایەکی شیعریدا بمانهێڵێتەوە. هەڵبەتە ئەگەر ئێمە وا بڕوانینە ئەزموونی سۆفییانە، کە بە دیوێک لە دیوەکانیدا ئەزموونێکی شاعیرانەشە، ئەوا بۆمان دەردەکەوێ کە هەڵبژاردنی ئەم شێوازەی بەکاربردنی زمان لەم دەقەدا هەڵبژاردنێکی زیرەکانەیە. نووسەر لەم ڕۆمانەدا کەسێتیی حەللاج هەم وەکو کەسێتیەکی موتەسەویفی تینوو بە مەعریفە و خۆناسین و خوداناسین پیشان دەدات هەم وەکو شاعیرێکی شەیدا ( کە حەللاج خۆی شاعیرێکی گەورەش بووە) و هەم وەکو کەسێتییەکی یاخی و شۆڕشگێڕ کە هاوخەمی ستەملێکراوان و مافخوراوانە، ئەوانەی لە سای ستەم و جەوری دەوڵەتی عەباسیدا ژیانێکی سەخت و ناشایستە بە ئینسان دەبەنە سەر و هەرچی موڵک و داهاتی وڵاتە قۆرخە بۆ توێژێک لە حوکمڕانان و کاربەدەستانی سەر بە دەوڵەت و خەلیفە و، جووتیار و کۆیلەکانیش ڕۆژانە ژەهراو دەچێت بە گەروویاندا. بەهەرحاڵ ئەم دوو ئاقارە لەلای حەللاج تێکەڵ دەبن و لە یەکدی جوێ ناکرێنەوە، واتە عیشق بۆ خودا و عیشق بۆ ئینسان، بۆ هەقی ئاسمان و هەقی مرۆڤەکان.

دەتوانین بڵێین کە نووسەر لەم کارەدا توانیویەتی سەرەکیترین ڕووداو و وێستگەکانی ژیانی حەللاج کۆبکاتەوە و بە خەتێکی سەردیی - شیعری پێکەوە گرێیان بدات و وێنەیەکی هونەریی جوان و دڵڕفێنمان بۆ بخاتە ڕوو.

دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم کە لە هەندێ شوێنی ئەم دەقەدا زمان دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی سەردییانەی خۆی، گەرچی ئەم شوێنانە لە کارەکەدا کەمن و بە شێوەیەکی گشتی زمانێکی شیعری و شاعیرانە بەسەر ڕۆمانەکەدا زاڵە، کە ئومێد دەکەین ئێمەش توانیبێتمان لە دەقە کوردییەکەدا ئەوە بە خوێنەر بگەیەنین. هەروەها دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە لە هەندێ جێدا، بە ئەنقەست هەندێ وشە و گوزارە و ئایەتم بە عەرەبیەکەی داناوەتەوە، چونکە هەستم کردووە ئەوە پتر هێزی ئەو شوێنانەی دەقەکە دەپارێزێت، بەڵام بەبێ ئەوەی لە یادم بچێت لە شوێنی خۆیاندا یان لە پەراوێزدا، مانایان لێک بدەمەوە یان ڕوونکردنەوەیان لەسەر بدەم، چونکە هەروەکو دەزانن لە تەسەووفدا هەندێ وشە و زاراوە و گوزارە هەن کە نەک هەر وەرگێڕانیان بێتامیان دەکات، بگرە هاوواتایەکی پڕ بە پێستیشیان دەست ناکەوێ.

دواجار، ئێوە و ژیان و عیشق و ئازارەکانی ئینسانێک کە لە زۆر ڕووەوە بە ئازارەکانی مەسیح شوبهێنراوە.


ئه‌م بابه‌ته 33841 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:01:44:22/02/2016