زمان وەک ماڵی بوون<br> (زمان لای هایدگەر)

زمان وەک ماڵی بوون
(زمان لای هایدگەر)

بەفراو نوری

پرسیارێک کە لە مێژووی فەلسەفەدا تا ئێستا ڕوبەرێکی گەورەی فەلسەفەی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردوە، ئەوەیە ئایا پەیوەندی زمان لە گەڵ بیرکردنەوە و فیکر وحەقیقەتدا چییە؟ بابەتی زمان و پەیوندی لە گەڵ حەقیقەت و بیرکردنەوەدا یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکان کە بەردەوام لای فەیلەسوفان و لە هەموو سەردەمە جیاوازەکانی مێژووی فەلسەفەدا جێگای بیرکردنەوە و تێڕامان بووە. لەو کاتەوە مرۆڤ خۆی وەک بوونەوەرێکی بیرکەر ناسیبێت، بە جۆرێک لە گەڵ ئەم بابەتەدا پەیوەندی و دەرگیری هەبووە، کە بە ڕاستی پەیوەندی زمان لەگەڵ حەقیقەت و راستیدا چییە؟ دیوە ئاڵۆز و ناڕوونەکانی حەقیقەت چۆن دەتوانرێت لە رێگای زمانەوە هەڵبدرێتەوە و خۆی پیشان بدات، تا بەو جۆرە کە بوونی هەیە دەرک بکرێت؟ ئایا هەر بە ڕاستی دەتوانین لە دەرەوەی زمان بیر بکەینەوە و لەم رێگایەوە بگەین بە حەقیقەت؟ بە واتایەکی تر ئایا زمان تەنیا وشە و جۆرەکانی تێکەڵ کردنی وشەکانە کە تەنیا ڕۆڵی ئەوەیان هەیە، وەک ئامێریکی سرووشتی، قسەکەر لە رێگایەوە حەقیقەتەکان بدۆزێتەوە؟هیراکڵیتۆس فەیلەسوفی یونانی یەکەم کەس بوو کە وەڵامی ئەم پرسیارەی داوە، هیراکڵیتۆس لە حەقیقەتێک بە ناوی (لۆگۆس)وە قسەی کرد کە هەم نەزمی و رێکی دەبەخشێت بە جیهان و هەم دەیهێنێتە ناو فیکر و ئەندیشەوە. لای هیراکلیتۆس زمان هەڵگری حەقیقەتی هەموو بوونە. ئەفلاتوون لە دیالۆگی کراتولۆسدا ئاماژە بەوە دەکات کە (ناوەکان و وشەکان راستی و حەقیقەتی شتەکانمان بۆ دەردەخەن). یان ئەم ڕستەی سوقراتە کە دەڵێت (قسەی بێ فیکر و فیکری بێ قسە بوونیان نییە ) خۆی پەیوەندی فیکر و زمانمان بۆ دەردەخات. زۆر نووسەر و فەیلەسوف لە سەر بابەت و گرنگی زمان دواون. لە سەردەمی نوێشدا فەیلەسوفان و نووسەران هەر لە هردر و ویکو تا دەگاتە هایدگەر و ڤیتگنشتاین هەر کامیان بە جۆرێک و لە رێگای جیاوازەوە باسیان لە گرنگی و پەیوەندی زمانەوە لەگەڵ بوون و جیهاندا کردووە. پاول سیمپسونی زمانناس لە سەرەتای کتێبی (زمان، ئایدۆلۆژیا و ڕوانگە) وە نموونێک دەهێنێتەوە کە تێدا وردەکارییەکانی ڕۆڵی زمان و جۆرەی بە کارهێنانی دەشوبهێنێتە هونەری نیگارکێشان: دەلێت لە سەردەمی کۆندا پاشایەک بووە کە قەمووربووە و چاوێکی کوێر بووە و قوولێکیشی نەبووە، ڕۆژێک ئەم پاشایە بە هونەرمەندەکانی دەرباری خۆی دەڵێت نیگارێکی لێ بکێشن. یەکەم ڕەسام بۆ ئەوی پاشا لێی ناراحەت نەبێت عەیبە و خەوشەکانی پاشا ڕەسم ناکات و نیگارێکی نۆڕماڵ دەکێشێت، بەڵام پاشا کە ڕەسمەکە دەبینێت تووڕە دەبێت و فەرمان دەدا نیگارکێشی ڕیاکار لە ناوببەن. نیگارکێشی دووهەم کە دۆخەکەی بینی و زانی پادشا بەم ڕیاکاریە ناڕەحەتە، هەوڵی دا کە پاشا چۆنە بە وردی وەک خۆی بیکێشت تا پاشای لێ تووڕە نەبێت و وەک نیگارکێشی یەکەمی بە سەر نەێت. بەڵام پاشا هەر کە ڕەسمەکەی بینی و خۆی بینییەوە چەندە ناشیرینە و هەموو عەیبەکانی لە نیگارەکەدا دەرکەوت بوو، بە بینی تووڕە بوو و ئەم نیگارکێشەش وەک ئەوی یەکەم بووە قوربانی. نیگارکێشی سێهەم کاتێک بانگ کرا و زانی ئەو دوو نیگارکێشەی پێشوو چیان بە سەر هاتووە، بیری کردەوە چی بکات بۆ ئەوەی پاشای لێ تووڕە نەبێت. نیگارکێش هەوڵیدا بۆ ئەم مەبەستە پاشا بەجۆرێک نیگار بکات کە خەریکی شکار کردنە، کاتێک خەریکە تیرێک لە کەوانەکەی بە مەبەستی پێکانی نێچیر دەهاوێت و لەم حاڵەتەشدا نیگارەکە بە جۆرێکە کە پاشا چاوە کوێرەکەی بەستووە و دیار نییە ولە حالەتی دەرکردنی تیرەکەشدا تۆزێک خۆی کۆم کردوەتەوە و قەمووریەکەشی دیار نامێنێت و هەموو عەیبەکانی لەو شێوازی وەستاندنەدا ناسروشتی دەر ناکەون. بە مانای ئەو خەوش و کەموکورتییەی کە نیگارکێشی یەکەم لە بەر نیگار نەکردنی کۆژراو و نیگارکێشی دووهەمیش لە بەر ئاشکراکردنی ژیانی لە دەستدا، بەڵام نیگارکێشی سێهەم لە بەر ئەو زیرەکییەی لە هونەرەکەیدا بە کاریهێنا، بوو بە هۆی ئەوەی پاشا خەڵاتێکی زۆری پێببەخشێت. لەم نموونەدا سیمپسون دەیەوێت بلێت کە چۆن هونەرمەند دەتوانێت هونەرەکەی بە شێوەی جیاواز و بۆ مەبەستی جیاواز بە کار بێهێنێت و راستییەکان بەو جۆرە نیگار بکات کە خۆی دەیەوێت، دەریبخات یان بیشارێتەوە یان لە شتێکی ترەوەی بپێچێت، زمانیش هەمان یاری دەکات. واتە چۆن نیگارکێش دەتوانێت لە باتی ڕەش سپی دانێت یان لە باتی سپی رەش دابنێت ئەوا نووسەر یان قسەکەریش دەتوانن بە ئامێری زمان هەموو شتێک بکەن، دڵەکان بێشێنن، بوختان دروست بکەن، کەسێک لە دەسەڵات بهێننە خوارێ یان بیخەنە سەر کورسی دەسەڵات. زمان هەموو شتێکی پێ دەکرێت و دەکرێت بۆ هەر مەبەستک بە کار بێت. بەمجۆرە زمان وەک خودی نیگارکێشان دەتوانێت ڕاستی بڵێت یان بیشێوێنێت یاخود ئاڵۆزی بکات و لە ژێر شتی ترەوە بیشارێتەوە.

دوای باس کردنی گرنگی زمان لێرەدا دێمەوە سەر شوێنی زمان لە فەلسەفەی مارتین هایدگەردا کە یەکێ لە بە ناو بانگترین فەیلەسوفەکانی سەدەی بیستەمە. زمان لای هایدگەر لە ئاوا یان لەفزەکاندا دیل نییە، بەڵکو مەبەست لە زمان لە سەر بنەمای ریشە ناسی(Etymology) وشەی «لوگوس» لە ئەساسدا خودی بوون، یان بە واتایەکی تر شوێنی دەرکەوتنی هەموو شتێکە. هەموو ئەو شتانەی کە بوونی هەیە و ڕوو دەدات لە زماندایە، لای هایدگەر ئەم دیوەی زمان کە زمان تەنیا وەک ئامرازێکی پەیوەندی یان هونەرێک لە خزمەتی مرۆڤدایە، بایەخێکی ئەوتۆ گرنگی نیە. لایەنی کەم لە قۆناغی نووسینی کتێبی (بوون و کات)دا، زمان لای هایدگەر تەنیا جێگایەکە بوون و حەقیقەتی تیا دەردەکەونەوە، بۆیە ئەم دیوەی زمان کە ڕیاکارە زۆر بایەخی نیە.

ئەم فەیلەسووفە بوونگەرایە، یەکێک لە گرنگترین عیبارەکانی ئەو ڕستەیە کە دەڵێت (زمان، ماڵی بوونە)واتە مرۆڤ کە دانیشتووی ماڵی بوونە بە قسە کردن لە بوونی بەرگری دەکات. لای هایدگەر لۆگۆس ئەو هێزەیە کە وا دەکات ڕاستی و حەقیقەتی شتەکان دەرکەون، لۆگۆس ئاشکرا کردن و دەرخستی ئەو شتەیە کە مرۆڤ لە بارەیەوە قسە دەکات، لێرەوە لۆگۆس مانای ڕوون کەرەوە و دەرخەری شتەکان دەگەێنێت، واتە لۆگۆس لای هایدگەر ئاماژە نیە بۆ خودی عەقڵ، بەڵکو ئاماژەیە بۆ هێزی تێگەیشتن و ڕوونکردنەوە. لۆگۆس وا دەکات ئەو شتانەی لە بارەیەوە قسە دەکرێن، ببینرێن و دەرکەون و ئەمەش تەنیا بۆ کەسانێک دەکات کە لە قسە کردندا بەشداربن. ئەو شتەی کە خۆی دەردەخات دەرکەوتەیە (پەدیدار)، پەدیدار ئەو شتەیە کە لە رێگای لۆگۆسەوە خۆی ئاشکرادەکات. هایدگەر دەلێت لۆگۆس خۆی دەسەڵاتێکی رەها و تەواوی نیە بۆ دەرخستنی راستی و حەقیقەت، بەڵکو ئەوە خودی شتەکانن کە لە ئاوێنەی لۆگۆسدا دەردەکەون، واتە ئەوە زەین نییە کە مانایەک دەدات بە پەدیدار یان شتەکان بەڵکو ئەوی پیشان دەدرێتەوە و دەیبینین نمایشی خودی شتەکانە.

هایدگەر دەلێت مرۆڤ لەو کاتەوەی لە رێگای ناسینی متافیزیکانەی بوونی خۆیەوە وەک مرۆڤی قسە کەر خۆی ناسی و خۆی پێناسە کرد، لەو کاتەوە ئیتر بیریچوەتەوە کە کێیە و چییە. هایدگەر مرۆڤ وەک دازاینە (بوون لێرە) ناودەبات، ماڵەکەی لەو شوێنەدایە کە بوون تێیدا دەردەکەوێت و ڕوون خۆی بەیان دەکات. زمان ئەو جێگایەیە کە مرۆڤ دەتوانێت زات و بوونی خۆی بدۆزێتەوە. کەواتە مرۆڤ دازاینە و ماڵی بوونی دازاینیش زمانە، هایدگەر پێمان دەلێت ئێمە لە زماندا دەژین و بوونی ئێمە وەک زمان وایە و قەت ناتوانین لە شوێنێک کە زمانی تێدا نەبێت سەیری شتەکان بکەین، سنووری مرۆڤ تا ئەو شوێنەیە کە زمان پێی دەبەخشێت، بوونی ئێمە لە جیهاندا پەیوەندی بە زمانەوە هەیە، هایدگەر تا ئەو شوێنە دەڕوات کە دەڵێت زمان لەگەڵ ئێمەدا قسە دەکات و سەربەخۆیە لە ئێمە و پەیوەندی بە بوونەوە هەیە و دەلێت زمان هێزی ئەوەی تێدایە کە ئەوەی خۆی دەیڵێت بە جۆرێک پیشانی بدا تا ئێمە گۆمان بکەین ئەوە هێزی ئێمەیە، ئەوەی زمان دەریدەخات زادەی پەیوەندی زمانە بە بوونەوە، ئەوەی زمان ئاشکرای دەکات خودی بوونە. ئەوە زمانە کە جیهان ئامادە دەکات و دەیخاتە بەردەمی ئێمە و توێژ و لایەنەکانی جیهانمان لەلا ئاشکرا دەکات. هایدگەر دەڵێت قسە کردن ئیشی بەردەوامی مرۆڤە و هەموو کات لە گەڵیەتی، واتە ئەوەی ماهییەت و بوون و شووناس دەبەخشێت بە مرۆڤ زمانە کە دەبێتە مایەی ئەوەی جیاواز بێت لەگەڵ بوونەوەر و شتەکانی تری ناو سرووشتدا. مرۆڤ تا ئەو کاتە مرۆڤە کە بتوانێت قسە بکات، کاتێک وەک بوونەوەرێکی قسەکەر لە بەین چوو، وەک مرۆڤیش لە بەین دەچێت. پەیوەندی زمان لە گەڵ بووندا لای هایدگەر تا ئەو شوێنەیە کە دەڵێت بەس زمانە رێگای ئەوە دەکاتەوە بوون دروست ببێت. لەو شوێنەی قسە نەبێت رێگاش نییە بوون خۆی دەربخات، بۆیە لە ڕستە بە ناو بانگەکەیدا دەلێت (زمان، ماڵی بوونە). مرۆڤ دانیشتووی ماڵی بوونە. هایدگەر دەیەوێت ئەوە بڵێت تەنیا لە ماڵی زماندایە حەقیقەت دەمووچاوی خۆی پیشان دەدات و خۆی ئاشکرادەکات.

فیکری هایدگەر لە سەرەتایەوە دژی ئەوە بووە سوژەی زانا، ئەو کەسەی دەبێت بە هەڵگری مەعریفەت و زانیاری، بەجۆرێ ڕوبەڕوی دنیا ببێتەوە، وەک ئەوەی دنیا خۆی جێگایەکی بێ مانا بێت و ئەو وەک قارەمانێک هاتبێت لە سەحرای بێمانایدا مانا دروست بکات. هایدگەر کاتێک دەڵێت (زمان قسەدەکات)، دەیەوێت ئەو ئیمتیازە لە قسەکەر بستێنێتەوە کە وابزانێت هەمو حوکم و بڕیارێکی بە هۆی دۆزینەوەکانی خۆیەتی. هەموو حوکمێکی ئێمە حوکمێکە زادەی دۆزینەوەی خۆمان نیە، بەڵکو حوکمێکی وتراوە، پێشتر بووە، بەجۆرێک لە جۆرەکان ئێمە تەنیا دووبارەکەرەوەین. ئەم جۆرە لە تێگەیشتن ڕەوتێکە پێش هایدگەر لای دێلتی و هۆسرل هەبووە. دێلتی لەوانەبوو کە دەیوت مرۆڤێک کە حوکم دەدات بە تەنیا نیە، پێشتر ئەو حوکمە لە یەکێکی ترەوە دراوە، ڕای وابوو زانین بریتیە لە زانینی زانراو. ئەمە مانای ئەوە نابەخشێ کە ئێمە وتراوی کەسێکی تر دوبارە دەکەینەوە، بەڵکو ناسینی هەموو دیاردەیەک (فینۆمینێک) لە دیاردەکە خۆیدایە. گەر دەروازە بۆ حوکمدانێک دەدۆزینەوە، چونکە ئەم دەروازەیە بەشێکە لە دیاردەکە، ئەوەی زانیارییەک دەزانین لە بەرئەوەیە زانراو خۆی بۆ ئەو زانین بەخشینە ئاشکرادەکات. لای هایدگەر مرۆڤ لە جەمسەرێکدا نیە و دنیای شتەکان لە جەمسەری ئەوبەریدا، سوژەی زانا و ئوبژەی زانراو لای هایدگەر دوو شتی موقابیل و بەرامبەر نین، بەڵکو مرۆڤ خۆی لە جیهاندا دەدۆزێتەوە، زانینی بەهۆی دۆزینەوەی ئۆبژەکانەوە نیە، بەڵکو بە هۆی ئاشکرابوون و خۆئاشکراکردنی شتەکانەوەیە، ئەوە سوژە نیە دنیای ئۆبژە دەبڕێت، بەڵکو ئۆبژەیە لە ڕێگای تێگەیشتندا دەرگای خۆی بۆ تێگەیشتن دەکاتەوە. هایدگەر نیشتەجێ بوون لە دنیا دا گرێدەداتەوە بەو پەیوەندیەوە کە زانراو بە زاناوە دەبەستێتەوە. مرۆڤ لای ئەو بوونەوەرێک نیە بە ڕێگاوە بۆ شوێنێک یاخو کاتێکی تر، بەڵکو دەیەوێت لە ژینگەی خۆیدا شوێنێک و جێگایەک بدۆزێتەوە، ئەوەشی ئەم پردە لە نێوان دەزاین و زایندا ڕێکدەخات زمانە. لە بەر ئەم هۆیە هایدگەر زمان وەک کەرەستەی مرۆڤ بۆ باسکردن و گەیاندنی تێگەیشتنی خۆی ناونانێ، بەڵکو وەک پەیوەندیەکی مەعنەوی نێوان شتەکاندا سەیری دەکات. ئەو قسەکردن بە ژێرخانی هەموو رەفتارێک دەزانێت، هەموو ڕەفتارێکی مرۆڤ بەرامبەر خۆی و بەرامبەر ژینگەی. هایدگەر کاتێک دەڵێت ماهییەتی زمان، زمانی ماهیەتە، واتە مرۆڤ شتێک ئاشکراناکات کە ئاشکراناکرێت، بەڵکو ماهییەتێک نیشان دەداتەوە کە خۆی لە زماندا دەرخستۆتەوە، ماهییەتی شتەکان زمان دەدۆزێتەوە نەوەک زمان یان سوژەی زمانزان ماهییەتی شتەکان بدۆزێتەوە. بە بڕوای هایدگەر زمانی شێواو، پەیوەندیەکی شێواو دەردەخاتەوە، رویەکی نائاشکرا و تەماوی بوون. بیرکردنەوە کە لای هایدگەر بریتیە لە بوون کاتێک لە ڕێگای زمانەوە دەردەکەوێت، ئەوەش شتێک نیە لە سیفاتی سوژەدا بێت، بیرکردنەوە ڕوداوە، بوون خۆیەتی کاتێک وەک روداو دەردەکەوێت. لێرەدا زمان تەنیا وشە و تەعبیر نیە، بەڵکو نهێنی بوونە لە دۆخی خۆ ئامادەکردندا بۆ دەرکەوتن. بۆیە ناشێت زمان کورت بکرێتەوە تەنیا بۆ وتراو، بۆ ئەوەی بوون وەک شتێکی پێشوەخت و ئامادە دەیبەخشێت. وەک هایدگەر دەڵێت دەبێت (زمان وەک زمان بەرەو زمان) تەماشابکەین، بە مانای وەک جێگایەک کە بەڕێگاوەین بەرەو لای، وەک نهێنیەک کە نهێنی بوون دەدرکێنێت. گرنگی شیعریش لای هایدگەر لەوەدایە کە ئەم نیشتەجێ بوونەی بوون لە ناو زماندا دەردەخات. دوا خاڵی گرنگ لەسەر هایدگەر و زمان بیزانین ئەوەیە کە زمان لای ئەو نەگۆڕ نیە، بەڵکو زمان هەمیشە لە ناو سیستمێکدایە، قابیلی پیربوونە، قابیلی ئەوەیە پشێوی بخاتە نێوان ئێمە و بوونەوە. وەزیفەی زمان وەک ڕۆشنکەرەوە و پەردەلادەر، کە بوون تێیدا نیشتەجێ دەبێت، لە ڕێگای زمانێکەوە نابێت توانای ئەوەی نەبێت لە نزیک ماهییەتی بوونەوە نەوەستابێت. هەر کاتێک زمان مرد، بوون جێگایەکی نامێنێت تیا دەربکەوێتەوە.

ئه‌م بابه‌ته 4160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:01:30:22/02/2016