داڵێكی سیخوڕ بە سەلامەتی گەڕێنرایەوە بۆ ئیسرائیل

داڵێكی سیخوڕ بە سەلامەتی گەڕێنرایەوە بۆ ئیسرائیل


خەڵك-دڵشاد حەمە

سەربازەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل (یونیفێل)، داڵێكی ئیسرائیلیان لە چەند هاوڵاتییەكی لوبنانی وەرگرتەوە، كە گومان دەكرا سیخوڕی بۆ ئیسرائیل كردبێت.

ئەو داڵە لە ناوچەی سروشتی پارێزراوی (جەمالا) لە باكوری ئیسرائیل هەڵاتبوو، بۆ ماوەی (4) كیلۆمەتر چووبووە نێو خاكی لوبنانەوە، هاوڵاتیانی باشوری لوبنانیش توانیبوویان بیگرن و بیپشكنن، چونكە گومانیان لەوە بووە ئەو داڵە ئامێری سیخوڕی كردنی ئیسرائیلی هەڵگرتبێت و هاتبێتە باشوری لوبنان كە حیزبوڵڵا تیایدا باڵا دەستە لە رووی سەربازییەوە.

دواتر، سەربازەكانی یونیفێل، داڵەكەیان رادەستی ئیسرائیل كردەوە، پاش ئەوەی دەركەوت هیچ ئامێرێكی پێنەبووە.

پێش دوو ساڵ، بزوتنەوەی حەماس ئەوەی ئاشكرا كردبوو، كە لە كەناراوەكانی غەزە، توانیویانە دۆلفینێك بگرن، كامێرای چاودێری پێوە بەستراوە بۆ چاودێری كردنی كەناراوەكانی ئیسرائیل، هەروەها سعودیەش لە ساڵی (2011) ئاشكرای كردبوو، داڵێكیان گرتووە كە ئامێرێكی (GPS) لە ملی بەستراوە و هەڵگری لۆگۆی زانكۆی تەلئەبیبە.


ئه‌م بابه‌ته 9939 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:11:50:30/01/2016