عەدنان كەریم له‌ باره‌ی ئه‌و پاره‌یه‌وه‌ ده‌دوێت كه‌ وه‌ری گرتووه‌

عەدنان كەریم له‌ باره‌ی ئه‌و پاره‌یه‌وه‌ ده‌دوێت كه‌ وه‌ری گرتووه‌

خێزان

پاش ئه‌وه‌ی ناوی هونه‌رمه‌ند عه‌دنان كه‌ریم وه‌ك یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ بڵاو كرایه‌وه‌ كه‌ له‌ یادی هه‌ڵه‌بجه‌دا بڕێكی زۆر پاره‌یان وه‌رگرتووه‌، ناوبراو ئه‌مڕۆ ڕونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌.

به‌پێی زانیاریه‌كانی خێزانیش عه‌دنان كه‌ریم له‌ به‌رامبه‌ر به‌شداریكردنی له‌و ساڵیاده‌دا و ئاماده‌كردنی سوردێكی تایبه‌ت بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ 40 هه‌زار دۆلار (4 ده‌فته‌ر)ی وه‌رگرتووه‌.


ده‌قی ڕونكردنه‌وه‌كه‌ی عه‌دنان كه‌ریم:

سەرۆكی هەرێم ، سەرۆكی حكومەت ، سەرۆكی پەرلەمان.


من هونەرمەندێكم سی وپێنج ساڵە خزمەت بە هونەری وڵاتەكەم ئەكەم ، ئێستاش مامۆستام لە زانكۆی سلێمانی وانەی هونەر دەڵێمەوە ، چونكە ئەگەر كارێك نەكەم ناتوانم بە هونەرەكەم بژیم، لە حەفتەیەكدا چەند جارێك سەردانی ژمێریاری كۆلێجەكەم دەكەم پرسیاری لێدەكەم بزانم موچە نەهات. ئەگەر من هونەرمەندی وڵاتێكی تر بومایە دڵنیابن بەلایەنی كەمەوە دەمتوانی بە هونەرەكەم زۆر باش بژیم. چەندین ساڵە كابینەكانی حكومەت دەگۆڕدرێ و هونەرمەندان داوا لە پەرلەمانی كوردستان دەكەن كە مافی هونەرمەندان بپارێزن ، نەك هیچ وەڵامێكیان نەدراوەتەوە ، بگرە ئێستا لە خودی پەرلەمانتارەوە سوكایەتی بە هونەرمەند دەكرێ و لە ڕوپەڵی فەیزبوكەكانیانەوە ناوی هونەرمەند لەكەدار دەكەن، بەڕەوای نابینن كە داوای مافی خۆی كردبێ لە فەستیڤاڵێك كە بۆ هەڵەبجە كرا ئەوەش پێش دووساڵ بەر لەئێستا رووی داوە لەكاتێكدا حكومەت خۆی بودجەی بۆ تەرخان كردبوو، ئەگەر وانەبوایە من بە دڵنیاییەوە دەڵێم نەك تەنها من هەموو ئەوهاوڕێ هونەرمەندانەی دیكەش هەر بە خۆبەخش كاریان دەكرد، چونكە چەندین ساڵە هونەرمەند بە ئەركێكی نەتەوەیی خۆی زانیوە كە لە هەموو بۆنە نەتەوەییەكاندا بە هونەر ڕوحی خۆی پێشكەش بكات بێ بەرامبەر، دەبوو ئەوە لەبەر چاو بگیرایە. بەڵام بە داخەوە ئەم سوكایەتی پێكردنەی هونەر و هونەرمەندان زۆرێك لە تەلەفیزۆنە حیزبیەكان و تەنانەت ئۆپۆزسیۆنەكانیش بەرنامەیان بۆ لەكەداری كەسایەتی هونەرمەند پەخش كردەوە، من لە ناخی دڵمەوە گلەییم هەیە لێیان ، تەنها ئەوەم لە دەست دێ، چونكە دەزانم لە وڵاتەكەم یاساكان زۆر شەرمنن ، بەداخەوە ئەوەشیان هەر ئێوە لێی بەرپرسیارن.
ناتەبایی و یەكترقوبوڵنەكردن و تۆڵە سەندنەوە و رق و كینەو توڕەبون بۆتە رەفتاری حیزبە كوردستانییەكان ، لەگەڵ رێزمدا بۆ هەموو بیرە جیاوازەكان، ئەمەش خەریكە دەبێتە كولتورێكی تر وەك پەتایەك لە رێگای تەلەفیزۆنەكانیانەوە میزاجی تاكی كوردی پێ تێك دەدرێ، دڵنیابن تەنها خەڵكی سادە و ئەدیبا ن و هونەرمەندان باجی ئەم ململانێیانە دەدەن، ئەوە بزانن كە هیچ وڵاتێك لەسەر ئەم گۆی زەمینە خەڵكی لە خۆبوردەو وڵاتپەرستی بەئەندازەی كوردستان نییە ئەم خەڵكە شایەنی گەورەترین خزمەت و خۆشەویستییە. 
بەڕێزان ئێوە سەرنج بدەن بزانن هیچ وڵاتێك لە ئەوروپادا بە ئەندازەی یەك شاری كوردستان تەلەفزیۆن و رادیۆی تێدایە ، كە زۆربەی زۆریان نەك تەنها هیچ مافێكی هونەرمەند نادەن هەمووبەرهەمێكیان بێبەرامبەر دەوێ لێیان ،بگرە لە خودی شاشەكەیانەوە لەبەر چاوی چەماوەر سوكایەتی بە هونەرمەندە گەورەكانمان دەكەن و خەریكە پرسیاری {چەندد وەرگرت} كە لە هونەرمەند دەكرێ دەبێتە كولتور، لەوانەوە شۆردەبێتەوە بۆ ناو خەڵك، واتە ئەو تەلەفیزۆنانە دەبووئامانجیان پەروەردەو مەعریفە بوایە بۆخەڵكی ، نەك ئەو پەروەردە نابەجێیە.
دەزانم ئەگەر بنوسم سەدان لاپەڕە ی دەوێ كە باس لە خەمی هونەرمەندی كورد بكەم. 
تكاتان لێ دەكەم قەرارێك بدەن و وەرنە ناو جەماوەر، خۆتان دوورە پەرێز مەگرن بزانن گرفتەكان چییەو پەنچە بخەنە سەر برینەكان بە یاسایەكی پتەو چارەی ئازارەكانی خەڵكی بكەن هەوڵ بدەن ئیدارەتان پتەوو بەهێز بێت تا كار لەكار نەترازاوە.
هونەرمەند
عەدنان كەریم
١٩ كانونی دووەمی ٢٠١٥



ئه‌م بابه‌ته 1577 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:12:06:19/01/2015