ڕزگاری لە شاوشینگ <br> The Shawshank Redemption
       
ڕزگاری لە شاوشینگ
The Shawshank Redemption

خەڵک- و: شاڵاو حەبیبە



دەرهێنەر: فڕانک دارابۆنت

فیلمنامە: فڕانک دارابۆنت، ستێڤن کینگ

ئەکتەران: تیم ڕۆبینز، مۆرگان فریمان، بۆب گونتۆن

دەبێت ساڵانێك تێپەڕ ببن و ڕۆژگار بێت و بڕوات، تا "فڕانك دارابۆنت" دەستبەكار بێت و چیرۆكێکی كورتی "ستێڤن كینگ" بكاتە یەك لە شاكارەكانی مێژووی سینەما، كە بە جورئەتەوە دەتوانین بە یەكێك لە هیوابەخشترین فیلمەكانی ئەم قۆناغەی دابنێین. هیوا نێوەڕۆكی فیلمەكانی دارابۆنتە و ئەمە لە فیلمەكانی دیکەیشیدا، وەك "تەم" و "ڕێگای سەوز" دەبینرێت. ئەم فیلمە هێشتا پڕفرۆشترینە لای كڕیارانی دیڤیدی، بەڵام لەبەر ناوە شیعرییەكەی سەرەتا ڕووبەڕووی شكست بووەوە.

ئەندی دۆفرین لە فیلمەكدا، لە بەندیخانەی شاوشینگدا دیلە و بەردەوام جەخت لە بێگوناحیی خۆی دەكاتەوە، بەڵام تاقەكەسێك باوەڕی بەو قسەیەی هەبێت، خۆیەتی.


ئەم فیلمە بە جۆرێك لە جۆرەكان بە یەكەمین فیلمی فڕانك دارابۆنت دادەنرێت، چونكە پێشتر تەنیا كورتەفیلمێك و ئپیزۆدێكی تەلەفزیۆنیی دەرهێناوە، بەڵام "ڕزگاری لە شاوشینگ"ـی بە پێی كورتەچیرۆكێكی "ستیڤن كینگ" دروست کردووە، بە ناوی "ڕیتا هیۆرت و ڕزگاری لە شاوشینگ." فیلمی زۆر لە چیرۆكەكانی ستیڤن کینگەوە دروست كراون، بەڵام فیلمەكەی دارابۆنت جیاوازە. جگە لەوەی خۆی لە ترساندنی بێهۆ و دایەلۆگی دووبارە بەدوور گرتووە، بگرە هەستی ڕزگاریی ڕۆحیش بە هەموو بینەرێك دەبەخشێت. چیرۆكی فیلمەكە لە سێ دەیەدا دەگێڕدرێتەوە و وا لە بینەر دەكات هاوڕێی ئەم ڕەوتە بێت و ڕووداو و پێشهاتەكانی ژیانێك لە زینداندا ببینێت.

تێكڕای ڕووداوەكان لە بەندیخانەدا ئاماژە بۆ یەك شت دەكەن: بەندیخانە ڕێچارەی هیچ كێشەیەك نییە. ژیانی بەندی، گۆڕاوە بۆ جەهەننەم و هەر پێناسێك كە پێشتر هەیبوو، ئێستا تەنیا ژمارەیەكە؛ وەك بڵێی ئەو هەرگیز بوونی نەبووبێت. هەڵبەت ئەمانە شتگەلی زۆر سادەی ڕەوتی چیرۆكەكەن و سەرەنجام فیلمەكە بینەر دەباتە دنیایەكی شەخسییەوە و چیرۆكی نامومكینی بۆ دەگێڕێتەوە.


بەشێكی زۆری سەركەوتنی فیلمەكە بۆ ڕۆڵگێڕانی ئەكتەرەكان دەگەڕێتەوە. كارتی براوەی فڕانك دارابۆنت لەم فیلمەدا ئەوە بوو، گەیشتە ئەو ئەنجامەی، كە لە بری سوودوەرگرتن لە ئەستێرەكانی سینەما و ناوە نێودارە هۆڵیوودییەكان، كەڵك لە ئەكتەرە لێهاتووەكان وەربگرێت. بڕیارێك كە وای كرد فیلمەكەی لە بەرهەمێكی هۆڵیوودی دوور بكەوێتەوە.

تیم ڕۆبینز، ڕۆڵی مرۆڤێكی وشیار و نەجیبی بە جوانترین شێوە نمایش كردووە. لە كاتێكدا بێگوناح و بە تەواوی جێی متمانە دەردەكەوێت. هەر ئەمە كلیلێكە بۆ مانەوە و خۆڕاگریی ئەو لە بەندیخانەدا و ئەوەی كە هیچكەس ناتوانێت هەستی هیواداریی لەو بستێنێت. بە زەردەی وشك لەسەر لێوی و دایەلۆگە چاوەڕواننەكراوەكانی، هەموان ناچار دەكات باوەڕ بە قسەكەی بكەن.


لە لایەكی ترەوە ڕۆڵی باشی "مۆرگان فریمەن" دەبینین، كە بە جورئەتەوە دەتوانین بە درەوشاوەترین ڕۆڵبینینی تێكڕای ئەكتەرەكانی ئەم فیلمەی ناو بەرین. ئەو لەم فیلمەدا ڕۆڵی مرۆڤێك دەگێڕێت؛ لەدەستچوو، پەشیمان، تاڵ و ناهومێد، كە كەس باوەڕی پێ ناكات. ڕۆڵێك كە زۆر بە قووڵی كاری تێدا كراوە. بە دەنگێكی مەودادار و گریان‌گرتوو، هێندێک خاڵی جوانی چیرۆكەكە دەخاتە ڕوو، ڕاستییەكەی بە هۆی مۆرگانەوەیە كە لەگەڵ دنیای دەروونیی "ئەندی"ـدا ئاشنا دەبین.

فیلمی "ڕزگاری لە شاوشینگ،" لە سەرەتادا شكستی هێنا و خەڵكی بۆ بینینی نەچوون. ئەمە ناكرێت بڵێین لەبەر ئەوە بوو كە ئەكتەری نێوداری تێدا نەبوو، بەڵكوو دەبێت هۆكارەكە بە ناونیشانی فلیمە بزانین، كە هیچ دەربارەی ژانر یان چییەتیی فیلمەكە بە بینەر ناڵێت. فڕانك دارابۆنت بۆی گرینگ نەبوو خەڵكی بۆ بینینی فیلمەكەی بچن، یان نا.


هێندێك سەرنجی پەراوێزی:

  • فیلمەكە لە باشترین فیلمەكانی سینەمایە و پێش فیلمی "زە گاد فازە"یش دێت، لە ڕاپرسییەكی سیاتی imdb.comـدا.
  • ڕۆڵی تامی ولیامز سەرەتا بۆ براد پیت دانرابوو.
  • ئەنجوومەنێكی ئەمەریكی سەبارەت بەو دیمەنەی كرمێك دەدرێت بە قەلەڕشێک، سكاڵای كرد. گوتیان ئەوە زوڵمە و دەبوو كرمێكی پێ بدرێت كە پێشتر بە سروشتی مردبێت.
  • ستیڤن مافی چیرۆكەكەی زۆر هەرزان بە فڕانك دارابۆنت فرۆشت.
  • لە گۆڤاری ئیمپایەردا، وەك باشترین فیلمی هەموو قۆناغەكان هەڵبژێردرا.
  • لە كۆتابەندی فلیمەكەدا چاومان بەم ڕستەیە دەكەوێت: "بە یادی ئالن گرین." ناوبراو كارگوزار و هاوڕێی نزیكی فڕانك دارابۆنت بوو. لە ڕۆژەكانی كۆتاییی دەرهێنانی فیلمەكەدا، بە هۆكاری ئایدز گیانی سپارد.
  • كارەكتەری ئەندی دۆفرین، لە ڕاستیدا بۆ تۆم هانكس دانرابوو، بەڵام هانكس لەبەر فیلمی "فۆرست گەمپ" نەیتوانی بەشدار بێت.
  • كۆین كاستنەر ڕەتی كردەوە ڕۆڵی ئەندی دۆفرین بگێڕێت، پاشان زۆری خەفەت بۆ خوارد كە وای كرد.
  • ڕزگاری لە شاوشینگ، بۆ ٧ خەڵاتی ئۆسكار ناودێر كرا، بەڵام هیچیانی بە دەست نەهێنا.



دایەلۆگێك لە فیلمی "ڕزگاری لە شاوشینگ"ـەوە

ئەندی: دەزانی مەكسیكییەكان لە بارەی زەریاوە دەڵێن چی؟

ڕێد: نا.

ئەندی: دەڵێن كە هیچ بیرەوەرییەكی نییە. ئەمە شوێنێكە كە من دەمەوێت ماباقیی ژیانمی تێدا بەسەر بەرم. شوێنێكی گەرم، بی هیچ بیرەوەرییەك.

(ڕێد، پاش ئازادبوون لە بەندیخانە، لە خاوەنی فرۆشگەیەك ڕووخسەت وەردەگرێت، كە ئایا بۆی هەیە تەوالێتەكە بەكار بهێنێت؟)

ڕێد وەك ڕاویی چیرۆكەكە: چل ساڵ بۆ چوونە تەوالێت ڕووخسەتم وەرگرتووە. بەبێ ئەو ڕووخستە ناتوانم بیدڵۆپێنم.

PM:08:48:01/03/2015

ئه‌م بابه‌ته 2067 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com