خەڵك- ئومێد حسێن
ئەمڕۆ سێ شەممە، جارێكی دیكە نرخی نەوت بەهۆی تەقینەوەكانی بڕۆكسل-ی پایتەختی بەلجیكا نرخی نەوت دابەزی.
ئەمڕۆ ژمارەیەك تەقینەوەی بەهێز، بڕۆكسل-ی پایتەختی بەلجیكای هەژاند، كە بە پێی ڕاپۆرتی میدیاكانی بەلجیكا 34 كەس كوژران و زیاتر لە 135 كەس برینداربوون و ئەمەش كاریگەری ئابووری گەورەی لێكەوتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی (RT)ی ڕوسیا، تەقینەوەكەی بڕۆكسل وای لە وەبەرهێنەرەكان كردووە بەهۆی دۆخی ئەمنیەوە دووربكەونەوە بازاڕی پشك و ڕێوشوێنی مەترسیدار بگرنەبەر.
ئاماژەی بەوەشكردووە، كە لە كاتژمێر 1 و 31 خولەك بە كاتی مۆسكۆ، نرخی گرێبەستەكانی نەوتی خاو (برنت)ی جیهانی بەڕێژەی 0.12% واتە 5 سەنت دابەزیوە و نرخی یەك بەرمیل بۆتە 41 دۆلار و 49 سەنت.
سەبارەت بە نەوتی خاوی ئەمریكی-ش ئەو ئاژانسە ئاشكرای كردووە، كە نرخەكەی بەڕێژەی 0.26% واتە 11 سەنت دابەیوە و نرخی یەك بەرمیل بۆ 41 دۆلار و 41 سەنت دابەزیوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی بەرمیلێك نەوتی برنت گەیشتبووە 41 دۆلار و 71 سەنت و نەوتی خاوی ئەمریكی-ش گەیشتبووە 41 دۆلار و 70 سەنت.
ئهم بابهته 1841
جار خوێنراوهتهوه