"پلانی (B)یمان بۆ رێككەوتنی پارتیو یەكێتی هەیە"
خەڵك –بەشی هەواڵ
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (خەڵك) د.ئاسۆ مەحمود، باژێروانی سلێمانی و ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، باس لە بڕیار بەدەستەكانی ناو گۆڕان دەكات، ئاماژە بەوە دەكات، كە بڕیاری كۆتایی بزوتنەوەكە لای جڤاتی نیشتمانیە، نەك بەرپرسی تر. هاوكات باس لە پەیوەندییەكانی ئێستای یەكێتیو گۆڕانو یەكێتیو پارتی دەكات.
خەڵك: دەوترێت، جڤاتی نیشتمانیو ئۆرگانەكانی تری ناو بزوتنەكە زیاتر پێكهاتەیەكی شكڵینو دوا بڕیار لەناو بزوتنەوەكە لای چەند سەركردەیەكی بەتەمەنە، كە پێشتر لەناو یەكێتیش باڵا دەست بوون، ئەوە راستە؟
د.ئاسۆ مەحمود: نەخێر ئەوە راست نییە، بڕیاری كۆتایی لەناو بزوتنەوەكە جڤاتی نیشتمانی دەیدات، هەر بڕیارێكیش لەدەرەوەی پلاتفۆرمی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان بێت قبوڵ ناكرێتو جێبەجێش ناكرێت.
خەڵك: تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی وا ڕوویداوە لە دەرەوەی جڤاتی نیشتمانی بڕیار درابێتو ئێوە قبوڵتان نەكردبێت؟
د.ئاسۆ مەحمود: تا ئێستا شتی وا ڕووینەداوە، ئەگەر رووبدات قبوڵ ناكرێت، بزوتنەوەی گۆڕان جیاوازە لە حزبەكانی دیكە پلاتفۆرمێك هەیە، كە هاوشێوەی دەستورە، دەبێت هەموو ئەندامان پێوەی پابەند بن، هیچ كەسێك بۆی نییە لەدەرەوەی ئەو پلاتفۆرمە هیچ بڕیارێك بداتو مەبدەئی سیاسی بزوتنەوەكەش لەسەر بنچینەی ئەو پلاتفرۆمە داڕێژراوە.
خەڵك: لەماوەی رابردوودا ژمارەیەك هەڵسوڕاوی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان رەخنەی ئەوەیان گرت، كە رۆڵی گەنج لە دوای غیابی نەوشیروان مستەفا پەراوێزخراوەو تەنانەت ژمارەیەكیش وازیان لە بزوتنەوەكە هێنا؟.
د.ئاسۆ مەحمود: نازانم ئەو قسانە چۆنە ئەوەتا من گەنجمو پەراوێزیش نەخراوم.
خەڵك: ئێستا پەیوەندییەكانی گۆڕانو یەكێتی لە چ ئاستێكدایە، بەتایبەت دوای كۆبوونەوە یەك لەدوای یەكەكانی یەكێتیو پارتیو تەنانەت باس لە رێككەوتنی نوێ دەكرێت لەنێوان یەكێتیو پارتیدا؟.
د. ئاسۆ مەحمود: ئێمە ئیشمان بەسەر ئەوەوە نییە، یەكێتی چۆن لەگەڵ پارتی رێكدەكەوێت، ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە، ئەو رێككەوتنەی یەكێتی كە لەگەڵ پارتی دەیكات، پێچەوانەی ئەوە نەبێت، كە لەگەڵ گۆڕان باسی دەكات.
خەڵك: ئەگەر پێچەوانە بوو هەڵوێستی ئێوە چ دەبێت؟
د.ئاسۆ مەحمود: ئاساییە ئەگەر یەكێتی رێككەوتنی دوو قۆڵی لەگەڵ پارتی بكات، ئەو كات ئێمە سیاسەتی خۆمان وەها دادەڕێژینەوە، كە یەكێتیو پارتی لەبەرەیەكدان.
خەڵك: هیچ دوودڵیتان هەیە بەرامبەر بە یەكێتی؟
د.ئاسۆ مەحمود: ئێمە پێویستمان بەوە نییە، دوودڵ بین یان نا، بزانین یەكێتی چ بڕیارێك دەدات، پلانی ئێمە ئامادەیە، تەنها لە پلانی Aوە دەچینە پلانی B .
خەڵك : رێككەوتنامەی دەباشان گەیشتە كوێ؟
د.ئاسۆ مەحمود: ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین، یەكێتی تا ئێستا سورە لەسەر ئەوەی دەبێت سیستمی سیاسی لەم وڵاتە پەرلەمانی بێتو دەبێت سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، ئەوەش لە رێككەوتنی دەباشان بە روونی لەسەر زاری كاك نەوشیروانو مام جەلالەوە راگەیەندرا، تا ئێستاش یەكێتی سورە لەسەر ئەوەی كە 30 حوزەیرانی 2013 دووبارە ناكاتەوە، رێككەوتنی ئێمەو یەكێتی لەسەر ئەو بابەتە ستراتیجیانەیە، رەنگە یەكێتیو پارتی لەسەر پۆست رێككەوتن بكەن، بەڵام رێككەوتنی ئێمەو یەكێتی لەسەر سیستمی سیاسی هەرێمو بابەتی ستراتیجیە.
خەڵك: رێككەوتنی دەباشان كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە؟
د.ئاسۆ مەحمود: ئەوەی ئێمە بەوردی لێی دەڕوانین نەخێر.
خەڵك : دەوترێت د. بەرهەم ساڵح دێتە ناو گۆڕانەوە هیچ زانیارییەكتان هەیە؟
د.ئاسۆ مەحمود: بەرهەم ساڵح یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی باشوری كوردستانو وەك بزوتنەوەی گۆڕانیش دەرگامان واڵایە بۆ هەر كەسێك بیەوێت بێتە ناو بزوتنەوەكەوە، بەڵام تا ئێستا وەك بزوتنەوەی گۆڕان، بە رەسمی هیچ شتێكمان بەدەست نەگەیشتووە.
خەڵك: بۆچی ئێستا ئەو دەنگۆیە لەم كاتەدا بڵاوكرایەوە؟
د.ئاسۆ مەحمود: ئەم بابەتە بابەتێكی هەستیارەو نامەوێت بەشێوەیەكی سەرپێیو راگوزەری قسەی لەسەر بكەم ، دەبێت ئەو بابەتە بۆ رۆژگاری بەجێبهێڵین.
ئهم بابهته 7577
جار خوێنراوهتهوه
PM:02:10:13/03/2016