سێبەرە ئاڵەکانی ژن

سێبەرە ئاڵەکانی ژن

مۆناکۆ

ئه‌گه‌ر من ژن نه‌بام 
كێ ته‌سلیمی ته‌نیایی ده‌بوو
 كێ له‌سه‌ر كانییه‌كان گۆرانی ده‌چڕی
 كێ خۆی ده‌دایه‌ ده‌ست ره‌شه‌بای عه‌شقێكی بێ نه‌سل
ئه‌گه‌ر من ژن نه‌بام 
باڵنده‌كان ده‌نووكیان له‌ قژ و لێوی كێ دابا 
ئه‌ستێره‌كان بۆ كێ بزه‌یان بكردبایه‌ 
مانگه‌شه‌و به‌دیار كێوه‌ ژوانی ڕێ كردبا 
ژن نه‌بام سوێند به‌ ئاڤێستا 
كوڕانی گه‌ڕه‌ك بێ ناز ده‌بوون 
پیره‌ پیاوان بێ چیرۆك ده‌مانه‌وه‌
 جه‌سته‌ مێیه‌كان نه‌زۆك ده‌بوون 
به‌س نییه‌ من ژنم گه‌ر نا 
ده‌بوو كێ حه‌مامی شه‌وان بسازێنێت
 كێ پرچه‌كانی له‌ خه‌نه‌ نووقم كردبا 
كێ پرچه‌ ئاڵۆزه‌كانی شانه‌كردبان 
كێ پاوانه‌ بكاته‌ پێی
 كێ ملوانه‌ بكاته‌ ملی و ده‌نكی زێڕینه‌ بكاته‌ لووتی
 كێ ناز به‌سه‌ر هه‌وه‌سی پیاوانه‌وه‌ بكات 
به‌س نه‌بوو ژن بووم
 ئه‌گه‌ر من ژن نه‌بام 
كێ له‌ پشت هه‌موو پۆشتییه‌كانه‌وه‌ رووت ده‌هاته‌ به‌رچاو
 كێ جه‌سته‌ی له‌ عه‌تر هه‌ڵده‌كێشا 
كێ سوراوه‌كانی لێوی زه‌مه‌نی تۆخ ده‌كرد
 كێ به‌نجه‌كانی ته‌مه‌ننای بۆیه‌ ده‌كرد
 نینۆكه‌كانی درێژ و قردێله‌ی زێڕی له‌ كه‌مه‌ر ببه‌ستبا 
به‌س نه‌بوو ژن بووم 
گه‌ر نا ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ 
بێ جوانی 
بێ سێكس 
بێ خودا ده‌مایه‌وه‌ 
ئه‌گه‌ر من ژن نه‌بام 
كێ بێشكه‌كانی به‌ر هه‌یوانی ڕاده‌ژه‌ند
 كێ گۆڕی كچانی ئاودێر ده‌كرد
 كێ گۆی مه‌مكی پیاوانی نه‌رم نه‌رم كردبا! 
من ژن نه‌بام
 كێ سه‌مای ده‌كردو خۆی ڕووت ده‌كرده‌وه‌ 
كێ له‌ جه‌سته‌ی ڕووتی ژنی ده‌زانی 
كێ كچێنی به‌ ژنێتی ده‌سپاردو
 خه‌ونی به‌ ڕۆژانی كچێنیه‌وه‌ ده‌بینی
 پێم ناڵێی كێ ژنێتی خۆش ده‌ویست له‌ دوای من
 به‌س نه‌بوو ژن بووم 
ده‌نا كه‌س نه‌ده‌بوو كوڕانی گه‌ڕه‌كی ڕاو ناباو
 باسی پیره‌مێرده‌كانی باخی گشتی كردبا 
تۆ قسه‌م بۆ بكه‌ كێ ده‌بوو به‌ زه‌رده‌په‌ڕی ئێواران و
 كتێبه‌كانی ده‌خوێنده‌وه‌ 
كێ كڕیاری دوكانه‌ ره‌نگاڵه‌ییه‌كان ده‌بوو
 قوماش كێ ده‌یكڕی
 مێخه‌ك كێ ده‌یبه‌ست 
شاڵه‌ زبره‌كان.. كێ ده‌یتوانی له‌ شانی بكات 
ئه‌وه‌ی مانگه‌ شه‌وی خه‌واندو دڵنه‌وایی رۆژه‌ تاڵه‌كانی كرد. 
ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ته‌خته‌ی ڕه‌ش ناوی تۆی نووسی و
 له‌ عه‌ده‌ن ته‌نیایی له‌ ئامێز گرت 
ژن بوونی من بوو
ئه‌گه‌ر من نه‌بام
 كێ جه‌رگی ده‌سووتا
 كێ زوڵمی لێ ده‌كراو
 غه‌مگین ده‌بوو
 گه‌ر نه‌بووبام هۆزانڤانان بێ به‌هره‌ بوون 
چیرۆكه‌كانی 1001شه‌وه‌ درۆ ده‌ر ده‌چوون
 به‌سه‌رهاته‌كانی سه‌ر كانی. ده‌بوونه‌ ئه‌فسانه‌و
 ئیدی منداڵێك به‌ ژێر سێبه‌ره‌كانی ژیاندا رای نه‌ده‌كرد 
 ئه‌گه‌ر من ژن نه‌بام 
كێ چاوه‌ڕێی هاتنه‌وه‌ی عیسا بووایه‌
 كێ له‌گه‌ڵ ئاده‌م یه‌كه‌م گوناحی كردبایه‌ 
پێم ناڵێی كێ بینایی بۆ یوسف له‌ ده‌ست ده‌دا
 ئای ژنبوون چه‌ن سه‌خته‌ .. سه‌خت
 ئه‌گه‌ر سه‌ختی ژن بوون نه‌بایه‌ 
كێ كراسی به‌ری پیاوانی ده‌دڕی؟ 
كێ خه‌تمی ئیمانی سیاسییه‌كانی ده‌كرد؟
 من نه‌بام. 
ئه‌م شتانه‌ هیچیان نه‌ده‌بوون
 ژنێتی من نه‌بووایه‌
 مه‌ردم له‌ كام كه‌لاوه‌ی نێرینه‌ییدا جاڕی ته‌نهایی 
لێ ده‌دا بۆ فیكتۆر.

ئه‌م بابه‌ته 3051 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:35:03/03/2016