هاملێت لەناو پەنابەرانە

هاملێت لەناو پەنابەرانە


    
خەڵک_ گۆران ڕەسووڵ

لەناو جەنگەڵدا و لە ڕۆژێکدا کە سەرما بەهۆی هەورە خۆڵەمێشییەکانەوە کە بەری خۆریان گرتبوو زیاتر تینی لەرزینی بەبەر گیانی پەنابەراندا هێنابوو، لەپڕ کەسێک بەبەرگێکی ڕەشەوە و لەبەر خۆیەوە دەنگی بەرزکردەوە و گوتی: "ببیت یان نەبیت - ئا ئەمەیە کێشەکە". ئەوانەی کە لەوناوە بوون و لەبەر سەرما خۆیان گڕمۆڵە کردبووەوە و گوێبیستی ئەم قسەیە بوون، تێگەیشتن بڕینی ئەم هەموو ڕێگە دوورە پڕ لە دەردەسییە ئاماژەیەکە بۆ کێشمەکێشمی بوون و نەبوون. یان بە جۆرێکی تر بێ ئامانجیی "بوون"ە کە ئەوان بەرەو نادیار لەناو ئەم جەنگەڵەدا شەو و ڕۆژ دەژمێرن. بەڵام ئەمجارە کە پیاوی ڕەشپۆش هاتەوە دەنگ و ڕووی لێ کردن و گوتی: "دوای ئەوەی ئارێشەکانی ئەم ژیانە تووڕ هەڵدەین،
ئەمەیە وامان لێ دەکا ڕاڕا بین. هەر ئەم تێگیشتنەیە
کە دەردەسەری ژیانێکی وا درێژ دێنێتە بوون.
ئەگەرنا کێ بەرگەی قامچی و ڕیسوایی ڕۆژگار دەگرێ،
خراپەی چەوسێنەران، ڕەفتار و کرداری ئابڕووبەرانەی لەخۆباییان،
ئازاری عەشقێکی ڕیسواکراو، پشگوێخستنی یاسا،
قسەی ڕەق و وشکی کاربەدەستان، ئەو جوێنانەی کە مرۆڤە پشوودرێژە باشەکان
لە کەسانی هیچ و پووچ قبووڵی دەکەن،
لە کاتێکدا ڕەنگە ئەو کەسانە بتوانن بە خەنجەرێکی ڕووت
گیانی خۆیان ئازاد بکەن؟"
دوای گوێبیسبوونی ئەم ڕستانە، کە تەزوویان بە جەستەی ماندووی پەنابەرەکاندا دەهێنانەوە، ئەم پیاوەیان ناسیانەوە ئەوە "هاملێت"ە کە دوای چوار سەد ساڵ گەڕاوەتەوە و دەیەوێ بەجۆرێکی تر تراژیدیای بوون لەگەڵ پەنابەراندا بگێڕێتەوە.
ئەم دیمەنە ڕەنگە بە چەندین فۆڕمی جیاواز لە ئەندێشەی سەدان پەنابەر لە ڕەگەز و تەمەن و نەتەوەی جیاواز خۆی نمایش بکاتەوە، کاتێک کە لە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی فێبریوەری، گڵۆبی شەیکسپیر "Shakespeare's Globe" شانۆیی هاملێتی بۆ پەنابەرانی کەمپ یان جەنگەڵی "کالیە" لە فەڕەنسا نمایش کرد. نزیکەی سێ سەد پەنابەر کە لە وڵاتانی پڕ لە کێشە و جەنگ، وەک عێراق و سوریا و ئەفغانستان و سودانەوە ملی ڕیگایان بەرەو پەناگەیەکی ئارام گرتووەبەر، بەرانبەر تەختەیەکی شانۆ ڕیز ڕیز دانیشتبوون و وەستابوون؛ بەو هیوایەی ئەم شانۆگەرییە ئاهی ڕێگەیەکی دژواریان بۆ هەڵکێشێ. ئەگەرچی شانۆییەکە بە زمانی ئینگلیزیی نمایش دەکرا و دەگمەن لەو پەنابەرانە لێی تێدەگەیشتن،بەڵام گروپە شانۆییەکە لەسەرەتادا کورتەیەکی نووسراویان لە شانۆگەریی "هاملێت" بە هەریەک لە زمانەکانی عەرەبیی، فارسیی، کوردیی، ئەفغانیی پێشکەشی پەنابەران کرد.
دونیای تاریکی ئەم شانۆییە گرێدانەوەی تراژیدیایەکی درێژە کە مرۆڤ بە درێژایی بوونی بەدەستییەوە دەناڵێنێ و لە هەر سەردەمێکدا بە فیگەر و شێوەیەکی جیاوازەوە خۆی نوێ دەکاتەوە. شانۆییەکە لە دوو کاتژمێر و نیوەوە بۆ نەوەت خولەک کەمکرابووەوە، ئەمەش لەپێناو ماندوو نەکردنی پەنابەران کە لە سەرمایەکی تاقەتپڕووکێندا بینەری تراژیدیترین شانۆنامەی ولیام شەیکسپیر بوون. ئەگەرچی تۆم بێرد (پڕۆدیوسەر لە گلۆبی شەیکسپیر) ئامانجی ئەم نمایشەی بۆ کەمێک دڵخۆشکردنی پەنابەران گەڕاندەوە. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە پەنابەران ئەو پرسیارە قووڵانەی کە لەناواخنی شانۆیی هاملێتدا هەن و ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشێکن لە نەهامەتییەکانیان، لەبیر بچێتەوە. پەنابەرانی ئامادەبووی ئەم شانۆگەرییە ڕەنگە نەزانن کە ئایا لەڕێگەی گەڕان بۆ کونجێکی ئارام چارەنووسیان چ جۆرە مردنێکە، خۆکوشتنەکەی هاملێت یان ئۆفیلیایە! یان ئەوەتا جۆرێکی تری مردنە لەناو ئەو لۆری و بارهەڵگرانەی کە لەم جەنگەڵەوە بەرەو بەریتانیا بە نایاسایی دەیان گوازنەوە.
ئەم کارەی کۆمپانیای گلۆبی شەیکسپیر لە چوارچێوەی نمایشکردنی شانۆیی "هاملێت"ە لە سەرتاسەری جیهان، کە ئەمەش یەکێکە لەو چالاکیانەی کە بەبۆنەی چوار سەد ساڵەی مردنی شانۆنووسی مەزنی بەریتانیی "ولیام شەیکسپیر"ەوەیە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە پێشتر بۆ هەریەک لە پەنابەرانی سووریی لە کەمپەکانی ئوردن و پەنابەرانی یەمەنیی لە جیبۆتی ئەم شانۆییەیان نمایش کردووە. ئەم کارەی گلۆبی شەیکسپیر ئەگەرچی بۆ چەند کاتژمێرێک پەنابەران لەو نەهامەتییە لێڵەی کە تێیدان دوور دەخاتەوە، بەڵام هیچ ئاسۆیەکی ڕوونیان نیشان نادا کە ئایا لە دواجاردا ئەوان کەللـەسەری ئەم سەرگەردانییە بەدەستەوە دەگرن، یان کەللـەسەری ئەوان دەکەوێتە ژێرپێی ئەم سەرگەردانییەوە!


ئه‌م بابه‌ته 7502 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:03:28/02/2016