نامەیەکی نەگەیەندراو<br>کۆچەر ئەبووبەکر

نامەیەکی نەگەیەندراو
کۆچەر ئەبووبەکر


لەکوونی دەرگاکەوە بمبینە چۆن بچووک بومەتەوە، بمبینە چۆن بیر لەوە دەکەمەوە ڕابردوو بە پەتەوە بکەم. بمبینە چۆن خۆم دەڕژێنمە شووشەی بۆنەکەوەو چۆن لەقووتوی مووروەکاندا خۆم خڕ دەکەمەوە. بمبینە چۆن ڕابردووم دەخورێت. ژوورەکەم تەرمی ئینجانەو گۆرانی و ئەو وێنانەی لێکەوتووە کە بۆ هەمیشە بە زەردەخەنەوە دەمێننەوە. سەیرکە ئێمە چ تۆتالیتارێکین بۆ وێنەکان، سەیرکە چۆن دەمانەوێت خۆمان لە دڵخۆشیدا بهێڵینەوە، سەیرکە ئازیز، سەیرکە چۆن دەمانەوێ خۆمان لە وێنەکان و لە قاقاکاندا جێبهێڵین. بمبینە چۆن هەوڵ دەدەم ئەو بەشە لەسەر پاکەتی جگەرەکەم بسڕمەوە کە نووسیومە:

(توند بمنوسێنە بە ژیانتەوە، مەهێڵە هیچ پیاوێکی تر دەست بەژنێتیمەوە بگرێ).

ئێمە نەمانتوانی هاوبەشی بە خوێنێک بکەین کە لە ناوماندا بۆ یەکتر فیچقەی دەکرد. لە کوونی دەرگاکەوە بمبینە، چۆن شەرعیەت بە پچڕانی تەزبیحەکەی دەستم دەدەم. دەیاندڕێنم شەوگەلێک کە لە ئاسمانمان دزی و ئاسمانێک کە جێی فڕینی ئێمەی تێدا نەبوەوە، ڕەنگە وردکردنی پەنجەرەکان، یان خوێنهێنان لەمەچەک، یان خواردنەوەی بتڵێک شەراب، یارمەتیدەرێکی باش بن بۆ بەرگەگرتنی ئەم دۆخە.

منداڵێکی بچوک لە ناومدا، کچێکی قژ ڕەش لە قوڵاییمدا، هەمیشە تۆی دەوێ و من دەمەوێت دەمکووتی بکەم. ددانی پێدا دەنێم ئێمە لە جەنگێکی ڕانەگەیەندراودا یەکترمان دۆڕاند.

بەئومێدێکی زۆرەوە، وەکو جەنگاوەرێکی دۆڕاو، وەکو پشیلەیەک کە حەوزی ماسییەک دەشکێنێ، وەکو پیرە پیاوێک کە هەموو تەزبیحەکانی فرۆشتبێت، لەنیوەڕۆیەکی دەستکرددا جێت دەهێڵم.

ددانی پێدا دەنێم هەموو ئەستێرەکانی سینەما ناوی تۆیان هەڵگرتووە، هەموو ئێوارەکان بۆنی گۆرەویەکانی تۆیان لێدێت، هەموو شەوەکان نوساویت بەشووشەی پەنجەرەکەوە. لەهەموو بەیانیەکانمدا لای ڕادیۆکەی نەنکمەوەیت. عەسران لە پەنجەرەکەوە دەتبینم لەکۆڵانەکەدا پیاسە دەکەیت. پێڵاوەکانت لەژوورەکەمدا لەنزیک سەتڵی خۆڵەکەوە جێماون، وجودیشت پانکەکە پەخشی دەکات بەسەر کەشی ماڵەکەدا. ددانی پێدا دەنێم تۆ لەهەموو شوێنێکیت، تەنانەت بەجەستەی ئەو پیاوانەشەوەیت کە لەبەردەممدا ستایشی خۆشەویستی دەکەن و پەڵەی خوێنی ژنەکانیان بەسەر بوونیانەوەیە. ددانی پێدا دەنێم لەبەیانیەکاندا جێمام، ئەو بەیانیانەی لەژێر پێستی گەنمیمەوە وەکو دەمارێکی شین هەستم پێ دەکردیت ئەی سەدای من. من لە تەنیشتی ئاگردانەکان و لە شەوە ساردەکان و لە شەقامە چۆڵەکانی شارو لە گیرفانی ڕاستی چاکەتەکەتدا جێمام ئەی سەدای من.


2014

ئه‌م بابه‌ته 7749 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:56:25/02/2016