فازیل جاف: دەمەوێت ئەو دەقانەی هەڵیان دەبژێرم ئێستایی بن

فازیل جاف: دەمەوێت ئەو دەقانەی هەڵیان دەبژێرم ئێستایی بن

خەڵک

فازیل جاف، سەرەڕای کاری شانۆیی و دەرهێنان، ئەکادیمیستێکی گەورەی بوواری شانۆیەو لە وڵاتە عەرەبییەکاندا پێگەیەکی دیاری هەیە، ئەو دوایین کاری شانۆیی خۆی بەناوی "کۆچبەران" نماییش کرد کە لە نووسینی مرۆژیک بوو، لەم چاوپێکەوتنەدا قسەوباس لەبارەی مرۆژیکەوە دەکات.


*پێگەی مرۆژێک لە ئەدەبی جیهاندا دەکەوێتە کوێوە؟
-مرۆژێک لە میانەی ڕەخنەی ساڵانی شەستەکان و حەفتاکانی ئەوروپادا، خراوەتە چوارچێوەی شانۆی ئەبسورد "لا معقول"ـەوە، بەتایبەت نووسەری کتێبی "شانۆی ئەبسورد" مارتین ئیسلین کە توێژەرێکی گەورەی شانۆیە، ئەم کتێبەی نووسەر لەسەر شانۆی ئەبسورد بە سەرچاوەیەکی زۆر بنەڕەتی و مەرجەعی دادەنرێت. ئەو کە باس لە شانۆی ئەبسورد لەلای بێکێت، یونسکۆ، ئارابال، ئادەمۆڤ و ژان ژینیە و دواتر پنتەر دەکات، بەرهەمی ئەم نووسەرانەی بە شانۆی ئەبسورد لە ڕۆژئاوا ناوزەند کرد، بەتایبەتی لە فەڕەنسا، بەرانبەر بەوانیش شانۆیەکی ئەبسورد هەیە لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات کە دەکاتە بلۆکی سۆسیالیزمی سۆڤیەتی جاران، لەوانە، بەتایبەت لە پۆلۆنیادا مرۆژێک، لەگەڵ مرۆژێک بێگومان نووسەری دیکە هەن لەم بەشەدا. بەبۆچوونی مارتین ئیسلین ئەدەبێکی ئەبسورد هەیە تایبەتە بە ئەوروپای ڕۆژهەڵات، کە لە ناوەڕۆکدا ئەویش ئەدەبێکی ئەبسوردە، بەڵام لە فۆرم و شێوازدا جیاوازە.

*ئەم جیاکارییەی مارتین ئیسلین بۆ شانۆی ئەبسورد بەسەر ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا بۆچی دەگەڕێتەوە؟ تابەتمەندی و جیاوازییەکانی ئەم دوو بەشە چییە؟
-بە بۆچوونی مارتین ئیسلین، ئەوەی کە جیاوازە لەنێوان ئەم دوو گروپەی شانۆی ئەبسورد، ئەوەیە کە شانۆی ئەبسوردی ڕۆژئاوایی (ڕۆژئاوای ئەوروپا) لەسەر فیکرەی یان بابڵێین لەسەر بیروباوەڕی پوچەڵبوونی فیکری دەڕوات، زیاتر ئەبسوردێکی وجودییە، زیاتر ئیشدەکات لەسەر ئەو پرسیارانەی کە سەبارەت بە بوونی جیهان و بوونی مرۆڤن، ئەمەیش بێتوانایی و بێهودەیی مرۆڤ دەگرێتەوە بەرانبەر بەو پرسیارە ئەزەلیانەی کە ناتوانێت وەڵامیان بداتەوە، وەکو؛ بوون و مردن. بەڵام ڕێبەرانی شانۆی ئەبسورد لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، بە پێچەوانەی ڕێبەرانی ڕۆژئاوای ئەوروپاوە، ئەوان پرسیارە وجودییەکان زۆر کێشە نییە بۆیان یاخود باس لەو پرسیارە وجودییانە ناکەن، زیاتر باس لە کێشەی مرۆڤ دەکەن کە ڕووبەڕووی دەسەڵاتی سیاسی دەبێتەوە.

*بە تەنیا دەسەڵاتی سیاسی یاخود سیستەم؟
-سیستەم، بێگومان لەناو سیستەمیشدا دەسەڵاتی سیاسی، لێرە پێگەی مرۆژێک لەم بابەتەدا زۆر تایبەتە، بۆ نمونە لە زۆربەی زۆری کارەکانیدا باس لە کێشەی ئینسان دەکات لە سیستەمێکی تۆتالیتاری، کە سۆسیالیزم هێنایە گۆڕێ، بەتایبەت لە پۆلۆنیا. پۆلۆنیا لە جەنگی جیهانیی دووەمدا برینێکە لە جەستەی ئەوروپادا، ئەوەبوو ستالین پشتی لە پۆلۆنیا کرد و لێگەڕا هیتلەر داگیری بکات، ئەمە وای لە زۆربەی زۆری نووسەرانی پۆلۆنیا کرد، هەست بە نەهامەتی و بێهودەیی بکەن، وایشی لێکردن متمانە و باوەڕیان بە سۆسیالیزمی بلۆکی ڕوسی نەبێت. ئەدەبی پۆلۆنی وایلێهات بەچاوی گومانەوە، نەک هەر گومان بگرە بە چاوی ئۆپۆزیسیۆنەوە تەماشای ئەو سیستەمەیان دەکرد. زۆر گرنگە لێرەوە بچینە ناو شانۆ و جیهانی مرۆژێکەوە، چونکە مرۆژێک لە بەناوبانگترین شانۆنامەیدا کە "تانگۆ"یە، باس لە پۆلۆنیا دەکات، بەڕاستی پۆلۆنیا دەکاتە نمونەیەکی جیهانی و لە حاڵەتێکی لۆکاڵیدا نایهێڵێتەوە، ئەمەیش تایبەتمەندی مرۆژێکە، نەک هەر تایبەتمەندی بگرە خاڵی بەهێزی ئەوە لە نووسیندا، پاشان دەبینین مرۆژێک مەسەلەی ستالینیزم دەکات بە کێشەیەکی جیهانی، هەمیشە تۆتالیتاریای ستالینیزم دەبینینەوە لە کەسایەتی کابرایەکی دڕندەی بازاڕی، کە ڕووبەڕووی یەکێکی ڕۆشنبیر دەبێتەوە، ئەمە دەبینین لە شانۆنامەکانی (دوو پێغەمبەر، ڕووتبوونەوە، چەقی دەریا و کۆچەبارن)دا.

*هۆکاری هەڵبژاردنی دەقەکانی سلاڤۆمێر مرۆژێک لەلای تۆ بۆچی دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی کە (کۆچبەران) دەبێتە چوارەمین شانۆنامەی ئەو نووسەرە کە تۆ کاری دەرهێنانی بۆ بکەیت؟
-بێگومان شانۆنامەکانی مرۆژێک کێشەی مرۆڤی سەردەم دەخەنەڕوو، بەتایبەت مرۆڤێک کە لە کۆمەڵگای وەک کۆمەڵگای ئێمە ژیابێت، کۆمەڵگایەک کە کێشەی سیاسی و کێشەی سیستەمی هەبووبێت، یاخود کێشەی تێگەیشتن لە ئازادی و دیموکراتی. لە شانۆنامەی (ڕووتبوونەوە)دا کەسایەتی یەکەم لە دووم دەپرسێت: بەلای تۆوە ئازادی چییە؟ یاخود دەپرسێت: ئەگەر تۆ ئازاد بیت چی دەکەیت؟یاخود لە شانۆنامەی (کۆچبەران) دیسان دەڵێت: ئازادی چی دەگەێنێت بەلای تۆوە؟ واتە پرسی ئازادی زۆر گرنگە لەلای مرۆژێک، ئەم پرسانەی مرۆژێک کە دەیانخاتە ڕوو لە لۆکاڵییەوە، وەکو شەکسپیر کردوونی بە پرسێکی ئینسانی، ئەم لایەنە هەمیشە بۆ من زۆر کرنگ بووە، لەلای من بۆ هەڵبژرادنی ئەو دەقانەی کە دەمەوێت کاری تێدا بکەم، مەسەلەی هەنوکەیی دەق، پێوەندیی بە ئێستا و ئێرەوە زۆر زۆر گرنگە بەتایبەتی لەلای مرۆژێک.

*واتە دەتوانین بڵێین، تۆ زۆر گرنگی بەوە دەدەیت ئەو دەقانەی هەڵیان دەبژێریت، دەبێت گرێکانی ناوی پەیوەندی بە گرێ و خەمی ئینسانی ئێستای کوردەوە هەبێت؟
-بەڵێ دەتوانین وابڵێین، بەڵام ئەمە بەدەر نییە لەوەی کە دەبێت ئەو دەقە لەڕووی فۆڕم و شێوازی هونەرییەوە باش بێت، واتە، من نە دەقێک هەڵدەبژێرم تەنیا لەبەر ناوەڕۆکەکەی، ئەگەر شێوازی هونەریی باش نەبێت، هەروەها قەتیش دەقێک هەڵنابژێرم تەنیا لەبەر ئەوەی شێوازی هونەریی دەقەکە جوانە و ناوەڕۆکەکەی هەنوکەیی نییە، بۆیە هەردوو لایەنەکە بەیەکەوە بۆمن گرنگن، نەک یەکێکیان بەتەنیا. ئەمە بۆمن لە کارەکانی مرۆژێکدا هەبووە بۆیە شانۆنامەی (کۆچبەران) چوارەمین دەقی ئەو نووسەرەیە کە کاری تێدا بکەم.

* پێشتر ئاماژەیەکی کورتت بە کارەکتەری ڕۆشنبیر کرد لە کارەکانی مرۆژێکدا، من بۆخۆم لەو کارانەی مرۆژێکدا کە بینیومە و خوێندومەتەوە بەشێوەیەکی گشتی بەردەوام کارەکتەرێکی ڕۆشنبیر بوونی هەیە، دەمەوێت بپرسم کارەکتەری ڕۆشنبیر چۆت تەوزیفبووەتەوە لەناو شانۆنامەکانی سلاڤۆمێر مرۆژێک دا؟
-بەڕاستی مرۆژێک زۆر کێشەی لەگەڵ ڕۆشنبیر هەیە، بەوپێیەی ڕۆشنبیر بەگشتی سیفەتێکی هەیە، بێگومان باسی ڕۆشنبیردەکەین بەشێوە گشتییەکەی، ڕۆشنبیر قسە زۆر دەکات و قسەکانی دەفەلسەفێنێت، قسەکانی و ئەو فەلسەفاندنانەشی شتێک لە واقیع ناگۆڕن، لەبەر ئەوە زۆرتر ئەکەوێتە ناو ئەوەی کە شت دەڵیت بۆ شت، بەڵام لە واقیعدا ڕۆشنبیر ئەو ڕۆڵە گەورەیەی نەبووە کە مەفروزە هەیبێت، هەر لەبەر ئەوەیشە کارەکتەری ڕۆشنبیر لە کۆتایی زۆربەی زۆری شانۆنامەکانی مرۆژێک دا توشی دۆخێکی نائومێدی دەبێت، چونکە هیچ شتێکی ناگاتە ئامانج، بۆیە وەک لە (کۆچبەران)دا بینیمان ڕۆشنبیر هەموو دەستنووسەکانی خۆیشی دەدڕێنێت چونکە ئەو ڕۆڵە ئەرێنییە نابینێت.

ئه‌م بابه‌ته 1698 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:12:01:18/02/2016