جەنگ کۆتایی دێ<br>بەرزان هەستیار

جەنگ کۆتایی دێ
بەرزان هەستیار


دۆڕاوەکان یەکجار بە چۆکا دێن، ....

یەکجار خوێنیان لێ ئەڕوات و

یەکجاریش ئەمرن،

جەنگ، بە دەستوپلی سوورەوە بە لادا دێ

دەستکەوتەکان، هێواش.. هێواش،...

لیمۆی لەزەتیان چرچ ئەبێ

جەنگاوەرەکان، وردە.. وردە،....

چەشنی خەونێکی ئاڵۆز لەبیر ئەکرێن

سەرکردەکان، غرووریان،....

وەک کراسێکی ڕەشی بەر هەتاو کاڵ ئەبێتەوە

کاسێتی گۆرانییە تووڕەکان...

ئەخرێنەوە سەر ڕەفەی فەرامۆشیی،

پشکۆکانی خوێنڕشتن ئەبنە خۆڵەمێش و

"با" بەرەو دەریا ڕاپێچیان ئەکا

ڕۆژێ دێ، جەنگ کۆتایی دێ

براوەکان، لە دۆڕاوەکان هەناسەسارد و

دڵتەنگتر دەرئەکەون

کەسێ نەماوە پەنجەی تفەنگ لە چاوی برینی وەردەن و

گوێیان لە قرچەی شکانی پەراسووی نەیارەکانیان نابێ

ئیدی براوەکان وەک کەڵەشێر ئەچنە بەر ئاوێنە و

شەڕ بە وێنەکەی خۆیان ئەفرۆشن و

دەنووک لە پۆپنەی خۆیان ئەدەن،

براوەکان بیری دوژمنە نابووتەکانیان ئەکەن،

بیری ئاڵای سپی و فرمێسک و هەڵهاتن و

چەکی بەجێماوی مەیدانی جەنگ ئەکەن

ئیتر براوەکان لە داهۆڵی ناو باخ تەنیاتر و

لە چۆلەکەی نەوتاویی کزەڵەتر؛

پەنجەرەی ئۆقرەیان تەم ئەیگرێ و

بانیژەی ئارامیان خوڕە.. خوڕ دڵۆپە ئەکا

براوەکان شەق لە خڕکەبەرد هەڵئەدەن و

بەدەم ڕێوە ئاسمانی وڕێنەیان کڕێوە ئەکا، ...

بورکانی نائومێدییان نێڵەی دێ؛

بە دەم خەیاڵیشەوە وێنەی نەیاری تازە و

خوێنی گەرمتر و

گریانی بەکوڵتر ئەکێشن،

فیشەک ئەنێن بە تاریکستانەوە و

برژانگەکانی مانگەشەو بە بارووت هەڵئەوەرێنن،

براوەکان، ئاوان، ....

بارانی "سەرکەوتن"، تا سەر، ئاوی کێڵگەی غرووریان نادا، ....

ئاسوودەییشان ئەسپی شەلی عەرەبانەیەکی شکاوە

براوەکانیش، ڕۆژێ دێ کلکی درێژی زەلیلبوونیان...

بە دوای خۆیانا کێش ئەکەن،

ساتێ دێ ڕدێنیان دێتە سەر سنگ و

ڕەش ئەچنەوە لە نائومێدییدا،

براوەکان، دۆڕاوترین قومارچیی بەدمەست و

کڵۆڵترین بەختەوەری سەر زەمینن

***

چەند لەزەتبەخشە بردنەوە، ......

کە هەور بە چۆکی شکاوەوە....

دادەبەزێتە سەر تەختی نێوچەوانت،

چەند کەمەرشکێنە دۆڕاندن، ....

کە کڵاوی دڕاوی ئەژنۆکانت بەرئەبنەوە سەر زەوی،

چ کاولبوونێکە بردنەوە....

کە ئیتر لە تەنیاییدا خۆت بە ڕەنگی "با"وە سەرقاڵ ئەکەی

چەند نەشئەبەخشە دۆڕاندن...

کە دواپێکی لەزەت ئەدەیتە دەست دوژمنەکەت و

ئیدی تا هەتایە دەرفەتی نادەی......

لێوی بەرپرژەی خوێنی تازەت بکەوێ

تا ئەبەد ناهێڵی.....

تامی دەنکە ترێی شیرینی "سەرکەوتن"ـی خۆی بکاتەوە

جەنگ کۆتایی دێ،

جەنگ، یەکە.. یەکە هەناری دڵمان ئەتەکێنێ،

دەنک.. دەنک شاتووی چاومان بەرئەداتەوە سەر زەوی

بەدەست جەنگەوە، بە ڕۆژی نیوەڕۆ ....

تەنها سێبەرێکی لەڕولاوازمان ئەمێنێتەوە،

سێبەرێ، ....

کە هیچی ناچێتەوە سەر خۆمان،

سێبەرێ، ....

فرسەخێ لەولا جەستەی ڕووتمانەوە ڕاکشاوە!


ئه‌م بابه‌ته 1321 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:14:17/02/2016