کۆمەڵگای چاوەڕوانیی<br>ڕووناکبیر ئاراس فەتاح

کۆمەڵگای چاوەڕوانیی
ڕووناکبیر ئاراس فەتاح


پەیوەندی نێوان چاوەڕوانیی و ھیوا پەیوەندییەکی ئۆرگانییە، چونکە ژیان ھیچ مانایەکی نابێت گەر ئێمە چاوەڕوان نەبین و ئومێدمان نەبێت. ھیوامان نەبێت کە دۆخەکە باش دەبێت، لۆتۆمان بۆ دەرچێت، موچەمان لە کاتی خۆیدا بدرێت، ئاو و کارەباو غازمان بە بەردەوامیی ھەبێت، نەخۆشییەکەمان چاکبێتەوە، وەڵامی پۆزەتیڤی خۆشەویستەکەمان وەرگرینەوەو، ھتد. ھیچ کەسێک لە چاوەڕوانییدا ھیوای ئەوە ناخوازێت کە شتێکی خراپ رووبدات، گەرچی ئەگەری بوونی بە واقیعیش ھەبێت. ئەوەی وڵات بەجێدەھێڵێت، چاوەڕوانی ئەوەیە ژیانێکی مرۆڤانەتری بۆ بڕەخسێت، نەک لە دەریای ئیجە بخنکێت و حکومەتیش وەک کوشتن و خۆسووتان و لاقەکردنی ژنانی کۆمەڵگاکەی، تەنھا ژمارەکانیان تۆمار بکات و پرسەی نیشتیمانیی بۆ نەگرێت. گەر مرۆڤ دەرئەنجامی کردەکانی خۆی بۆ ھیواکانی بزانیبایە، کردەی چاوەڕوانیی دروستنەدەبوو. چاوەڕوانی مانای ھیوایەکە کە لە زەمەنی خۆیدا ناژی، بەڵکو دواتر وەکو دیارییەکی چاوەڕواننەکراو دێت. واتە چاوەڕوانی دواکەوتنی زەمەنی ڕوودانی ڕووداوێکە و ئومێدێکی ھەڵگیراوە کە لە داھاتوودا ئەگەری ئەوە ھەیە، بێتەدی و ببێت بە واقیع. ڕووداویش وەکو ئومێد دەشێت باش بێت یان خراپ، مادیی بێت یان نامادیی. گومانی تێدا نییە زۆرینەی کاتەکان مرۆڤ کە چاوەڕوان دەبێت، چاوەڕوانی باشەیەک دەکات، تەنانەت لە کاتی چاوەڕوانیی مردنی کەسێکی ئازیزیدا ھیوای ئەوە دەخوازێت لە نەخۆشییەکەی ڕزگاری بێت یان ھیچ نەبێت مردنەکەی دوابکەوێت.

چاوەڕوانی مانای ئەوە نییە شتێک کە دەتوانرێت ئێستا بکرێت، بۆ کاتێکی تر دوایبخەیت. ھەرکاتێکیش چاوەڕوانی بوو بە دواخستنی ئەنقەستی ھیوایەک، دۆخی نائومێدیی و ھیچنەکردەیی بەرھەمدەھێنرێت. لە دۆخی ھیچنەکردەییشدا نائومێدی جێگا بە ھیوا چوڵدەکات. لەم حاڵەتانەدا چاوەڕوانیی پۆزەتیڤ نییە، بەڵکو دەبێت بە نەعلەتییەک بۆ ھیواکانمان. چاوەڕوانیی ھەمیشە وابەستەی ھیوایەکە لە زەمەن و شوێنی خۆیدا ناژی. واتە گەر ھیوا نەبێت، چاوەڕوانیش مانایەکی پۆزەتیڤی نامێنێت و نێگەتیڤبینیی و ڕەشبینیی جێگای دەگرێتەوە.

ئەوەی لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بە پەنھانی لە سیاسەتی کوردیدا ئیشدەکات بریتییە لە سەرھەڵدانی فۆرمێک لە سیاسەت و ئابووریی چاوەڕوانیی. واتە کۆمەڵگایەک دروستکراوە کە چاوەڕوانە. گومانی تێدا نییە کە پەیوەندی نێوان ھاوڵاتیی و حکومەت بریتییە لە پەیوەندیی نێوان چاوەڕوانیی تێرکردنی خواستە بنەڕەتییەکان و ئومێدی باشتربوونی ژیان و گەرەنتیدان بە خراپنەبوونی دۆخی ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی. ئەوەی بایی سەرەداوێک لە زانستە کۆمەڵایەتی وسیاسییەکان ئاگاداربێت، ئەو ڕاستییە دەزانێت کە سیاسەت لە وڵاتی ئێمەدا چارەسەر نییە بۆ کێشەکان، بەڵکو دروستکەری کێشەیە. ھەر کاتێکیش سیاسەت توانای تێرکردنی چاوەڕوانییەکانی ھاوڵاتی خۆی نەما و ھێزی بڕیاردانی نەما بۆ چارەسەری کێشە و قەیرانەکان، کۆی بونیادی کۆمەڵگا تووشی چەقبەستن دەبێت. چەقبەستنیش لە سیاسەتدا مانای مردنێکی کلینیکی سیاسەتمەدارەکان نییە، بەڵکو مانای مردنی مەعنەوییانەی دەسەڵاتی سیاسییە کە کۆڵەکەی سەرەکی ھەموو دەسەڵاتدارێتییەکە.
ئاشکرایە کە کاری حکومەت بریتی نییە لە ڕیتۆریکی سیاسیی، بەڵکو بریتییە لە بەرپرسیارێتیی و رێزگرتن لەو چوارچێوە سیاسیی و یاسایی و گشتییانەی کە تیایدا کاردەکات. ئەوەی لە حکومەت و سیاسەتمەدارانی ئێمە دەبینرێت، بریتییە لە ریتۆریکێکی رووت و لووس، کە زۆرترین قسەدەکەن و کەمترین مانا دەدەن بە دەستەوە، زۆرترین درۆ و کەمترین ڕاستیی بە ھاوڵاتیانی خۆیان دەڵێن، گەورەترین وێرانەیی و بچووکترین خزمەتگوزاری پێشکەشی کۆمەڵگا دەکەن. ئەمانە ھەمووی ستراتیژی ئاشکراو بەدیھیی ناو رووبەری گشتیین و چیدی پێویست بە ڕوونکردنەوەی زیاتر ناکات.

کۆمەڵگای ئێمە بووە بە کۆمەڵگایەکی چاوەڕوان؛ چاوەڕوانی موچەیە، چاوەڕوانی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە، چاوەڕوانی ئارامیی سیاسیی و کۆمەڵایەتییە، چاوەڕوانی بوونی پەرلەمانێکی ئەکتیڤ و لەناوبردنی ئاسەواری دوو ئیدارەیی و دروستکردنی حکومەتێکی نیشتیمانیی ھاوڵاتیانە، چاوەڕوانی ڕوونەدانی شەڕی ناوخۆیە، چاوەڕوانی گەشەی ئابووریی و دروستکردنی ژێرخانێکی ئابووری بەھێزە، چاوەڕوانی کارەبا و غاز و ئاوە. چاوەڕوانی سزادانی گەندەڵ و تاوانکاران و بکوژانی رۆژنامەنووس و خۆپیشاندەرانە. ئەوەی لە ھەمووی زیاتر چاوەڕواندەکرێت بریتییە لە دروستکردنی دەوڵەت. لیستی چاوەروانییەکان زۆر درێژن و تێرکردنیان زۆر کورت. پێدەچێت باشتر وابێت پرسیارەکە ھەڵگێڕینەوە و بپرسین کۆمەڵگای ئێمە چاوەڕوانی چی نییە، نەک چاوەڕوانی چییە؟

ئەوەی کۆمەڵگای ئێمە چاوەڕوانی نییە، ھێزە سیاسییەکانمان متمانەیان بەیەکتر ھەبێت، بارزانی واز لە دەسەڵات بھێنێت، حکومەتە فاشیلەکەی ھەڵبوەشێتەوە، خزمانی دەسەڵاتداران چیدی تاکە دەوڵەمەندی وڵات نەبن و مەرکەزی دەسەڵات مۆنۆپۆڵنەکەن، گەندەڵکاران و تاوانکاران و بکوژانی حیزبیی و ناحیزبیی سزابدرێن، موچەی دزراوی خەڵک بگەڕێنرێتەوە و بەناوی پاشەکەوتی موچەوە درۆ لەگەڵ خەڵکدا نەکرێت، پارەی فرۆشی نەوت و غاز شەفاف بێت، قەرزە فەلەکییەکانی حکومەت بۆ رووبەری گشتیی ئاشکرابکرێن، ئاساییش و پێشمەرگە و پۆلیس بۆ پاسەوانکردنی بەرژەوەندییە شەخسیی و حیزبییەکانی خۆیان بەکارنەھێنن و ھتد. ئەوەی لێرەدا جێگای ھێمایە ئەوەیە کاتێک کە چاوەڕوانییەکان و ناچاوەڕوانییەکان بوون بەیەک، ئەمەش کارەساتەکەیە.

چاوەڕوانیی لەم دۆخەی ئێستادا مانای کردنی زەمەنە بە گۆڕستانێکی گەورەی بێھودەیی کە تیایدا مرۆڤەکان چاوەڕوانی کردەیەک لە بکەرە سیاسییەکان دەکەن، داماڵراون لە جەوھەری باشیی. ھیواکانی کۆمەڵگای کوردستان لەناو دۆخی چاوڕوانییدا وردوخاش بووە، چونکە چەمکی چاوەڕوانیی بووە بە کردەی دواخستن کە لە قۆناغی کۆتاییدا دەچێتە دۆخی سکون و وەستان و ھیچنەکردەییەوە.

لە مێژووی ئێمەدا کەم چرکەسات ھەبووە ھێندەی ئەم چرکەساتە چاوەڕوانبین. کەم چرکەسات ھەبووە ھێندەی ئەم کاتە پڕ لە ژان بێت و ھیچیش لەدایکنەبێت. ھەموو کەسێک چاوەڕێ دەکات شتێک ڕووبدات، بەڵام ھیچ ڕوونادات. چەمکی چاوەڕوانی ڕەھەندێکی میتافیزکیی وەرگرتووە کە چیدی پەیوەندی بە کاتێکەوە نییە کە دەبێت ببێت بە ئێستا، بەڵکو پەیوەندی بە پاسیڤبوونی کۆی کۆمەڵگاوە ھەیە لەناو زەمەنی خۆیدا. چاوەڕوانیی لە واقیعی ئەمڕۆماندا پەیمانێکی درۆزنانەیە لەگەڵ ھیوادا. پێشبینییەکی ڕەشبینانەیە بۆ داھاتوویەک کە لە ئێستا خراپتر دەبێت. لە مێژووی ئێمەدا کەم قۆناغ ھەبووە ھێندەی ئەم چرکەساتە کە کۆمەڵگا لە نێوان چاوەڕوانیی و پاسیڤیتێتییدا چەقی بەستبێت.

چاوەڕوانیی کۆمەڵگای ئێمەی کردووە بە کۆمەڵگایەکی بێڕووداو. تاکە ڕووداوێکی گەورە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بریتییە لە چاوەڕوانیی. پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی ‍”ناڕووداو" بووە بە تاکە ڕووداوێکی تراژیدی؟ ”ڕووداوی ناڕووداو" تەنھا بەو مانایە نایەت کە ھیچ نییە، بەڵکو بەو مانایە دێت کە شت زۆرە، بەڵام نابێت بە ڕووداو. دەشێت ”تراوما" یان زەبرێکی دەروونیی دەستەجەمعیی کۆمەڵگای ئێمەی تووشی شەلەل کردبێت و تووشی ئەم ناکردەیی و بێھودەییەی کردبێت، ئەندامەکانی ھێندە ماندوو بن کە نەتوانن ھیچ ڕووداوێک بەرھەمبھێنێنن. غەمگینییەک نووساوە بە ڕوخساری ھەموو ئەندامێکی ئەم کۆمەڵگایە، کە ھێندەی تەعبیر لە کوڵان دەکات، ھێندە تەعبیر لە ڕازییبوون ناکات. ڕووداوی زۆریش کۆمەڵگا ماندوو دەکات و نازانێت چاوەڕوانی چی بکات، وەکو لە دۆخی ئێستای جەنگ و ئاوارەبوون و ھەڵھاتن و چەقبەستنی سیاسیی و قەیرانی ئابووریی و داوەشانی کۆی بونیادی سیاسییدا دەیبینین. ھەریەکەیان میکانیزمێکی دیاریکراوی خۆی ھەیە کە پێکەوە دەستەپاچەیی و ھیچنەکردەیی بەرھەم دەھێنن.

لەم جۆرە دۆخانەشدا ھەندێک باس لە ژانی شۆڕش دەکەن، چونکە چیدی ناتوانن چاوەڕوانی باشتربوونی دۆخەکە بن. ھەندێکی تر باس لە دروستکردنی دەوڵەت دەکەن، وەکو فریادڕەسێک بۆ چاوەڕوانییەکانمان. ھەندێکی تریش بێدەنگن، بێھوودەییەکی شاعیرانە بووەتە دوابەرھەمی بیرکردنەوەیان، چونکە ھەموو کردەیەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ڕۆشنبیریی بە دێژکردنەوەی گەمژەییبوون و خۆدووبارەکردنەوە تاماشا دەکەن.

ئه‌م بابه‌ته 1344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:13:12/02/2016