چه‌ند سه‌رنجێکی خێرا<br>دەربارەی ڕۆمانی زیکزیکه ‌

چه‌ند سه‌رنجێکی خێرا
دەربارەی ڕۆمانی زیکزیکه ‌

حەسن نازدار

هونه‌ری گێڕانه‌وه ‌له‌مێژه ‌مرۆڤی سه‌رقاڵی خۆی کردووه‌، مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی له‌نێو ته‌پوتۆزی ڕووداوه‌ زووگوزه‌ره‌کانی ژیاندا ون نه‌بێت په‌نای بردووه‌ته‌ به‌ر گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی که‌ به‌سه‌رخۆی یان که‌سه‌کانی ده‌وروبه‌ریدا ڕوویانداوه‌، یاخود گێڕانه‌وه‌ی و خه‌ون و خه‌یاڵ و ئاوات و ئاره‌زووه ‌به‌دینه‌هاتووه‌کانی، هه‌میشه‌ش هه‌وڵی داوه ‌به‌رچنێک له‌و ڕووداوانه‌ی که‌ خه‌م یان ئازار یاخود خۆشی و چێژیان پێ به‌خشیووه ‌به‌مه‌به‌ستی مانه‌وه‌یان له‌ قاڵب و چوارچێوه‌ی داستان و حیکایه‌ت و ئه‌فسانه‌و چیرۆکه‌کانی ژیاندا بۆ نه‌وه‌کانی بگوازێته‌وە.

دیاره‌ ئه‌م گێڕانه‌وانه‌ش هه‌ر سه‌رده‌مه‌و به‌شێوه‌و قاڵبی هونه‌ری جیاوازو له‌ بۆته‌ی ژانری ئه‌ده‌بی و هونه‌ریدا به‌پێی گوزه‌ری زه‌مان گۆڕانیان به‌سه‌رهاتووه‌، شێوه‌ی هونه‌ری و ستاتیکی تۆکمه‌تریان به‌خۆوه ‌بینوه‌، که‌ له‌نێو ژانره‌ نوێیه‌کانی چوون فیلم و شانۆو چیرۆک و ڕۆماندا خۆی ده‌بینێته‌وه‌. یه‌کێکیش له‌و کارانه‌ی که‌ مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ئێمه‌یه ‌له‌م نووسینه‌دا، ڕۆمانه،‌ که‌ سه‌ر به‌ دونیای مۆدێرن و سه‌رده‌می پیشه‌سازیه‌و له‌نێو گه‌لاندا به‌چه‌ند شێوه‌ی جیا ده‌رکه‌وتووه‌و له‌نێویشیاندا گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵات و وڵاتانی تازه‌پێگه‌شتووه‌، له‌نێو ئه‌مانه‌ش به‌تایبه‌ت وڵاتی ئێرانه‌ که‌ ده‌مانه‌وێت چه‌ند سه‌رنجێک له‌سه‌ر ڕۆمان(یان نۆڤڵێت)ی (زیکزیکه‌)ی نووسه‌ری ئێرانی(ئه‌حمه‌دی غوڵامی) بخه‌ینه‌ڕوو.

له‌نێو ئه‌ده‌بیاتی داستانی ئێرانیدا هه‌ندێ کورته‌ڕۆمان و نۆڤڵێت هه‌ن که‌ له‌ مێژووی ئه‌ده‌بیاتی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌دا دیارو له‌به‌رچاون، وه‌ک کورته‌ ڕۆمانی(کونده‌په‌پوی) سادقی هیدایه‌ت و(شازاده ‌ئیحتیجابی) هۆشه‌نگی گوڵشیری و(گاوخونی)جه‌عفه‌ر موده‌ ڕیس ساده‌قی و......ئه‌م کورته‌ ڕۆمانه‌ی غوڵامیش هاوشێوه‌ی ئه‌وانه‌ له‌سه‌رده‌می نوێدا به‌یه‌کێک له‌ کورته‌ڕۆمانه‌ زۆرباشه‌کان ئه‌ژمار ده‌کرێت و باس و خواسی زۆر له‌نێو ناوه‌نده‌ ڕۆشنبیریه‌کانی ئێراندا به‌دوای خۆیدا هێناو چه‌ندجاریش چاپ کرایه‌وه‌. ئه‌م ڕۆمانه‌ له‌ڕووی ته‌کنیکی گێڕانه‌وه‌وه‌ پشتی به‌گێڕانه‌وه‌ له‌سه‌رده‌ستی که‌سیی یه‌که‌می هه‌مووشتزان(من) به‌ستوه‌و زمانی چڕوپاراو ڕسته‌ی کورت و ده‌ستگرتن به‌ وشه‌وه‌وه‌ له ‌سیما دیاره‌کانی ئه‌م ڕۆمانه‌یه‌، پێکه‌وه‌گرێدانی هه‌ندێ ڕووداوی هاوشێوه‌ی یه‌ک له‌چه‌ند زه‌مه‌نێکی جیاوازداو به‌سێ ئاراسته‌ی جیا که ‌به‌پێی ته‌کنیکی سینه‌مایی تۆکمه‌ ته‌واوی ڕووداوه‌کان مونتاژ کراون سیمایه‌کی تری ئه‌م ڕۆمانه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ست ببرێت بۆ ئه‌م کاره‌ ئه‌وا به‌ ئاسانی سیناریۆیه‌کی جوانی لێ دروست ده‌کرێت و فیلمێکی جوانی لێ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، چون نووسه‌ر زۆر کارئاسانی بۆ ئه‌م کاره‌ کردووه‌و ڕه‌نگه ‌له‌کاتی نووسیندا له ‌خه‌یاڵی ئه‌وه‌دا بووێت که‌ له‌وانه‌یه‌ ڕۆژێک بکرێته‌ فیلم، هه‌ربۆیه‌شه ‌ئه‌م جۆره‌ ته‌کنیکه‌ی به‌کارهێناوه‌ له‌ نووسینی ڕۆمانه‌که‌دا.

ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه ‌له‌ کورته‌ڕۆمانه‌کانی تر که‌ له‌ سه‌ره‌وه ‌ناومان بردن جیاده‌کاته‌وه ‌زمانی گێڕانه‌وه‌یه‌، که ‌غوڵامی تاڕاده‌یه‌ک دوور‌که‌وتوه‌ته‌وه ‌له‌ زمانی شاعیرانه‌ول ه‌به‌رئه‌وه‌ی خودی نووسه‌ر ڕۆژنامه‌نووس بووه‌ شێوازی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌نووسی زاڵه‌ب ه‌سه‌ریداو توانیویه‌تی له‌م کاره‌شیدا سه‌رکه‌وتنی به‌رچاو به‌ده‌ست بهێنێت. سه‌ره‌تاو کۆتایی ڕۆمانه‌که‌ به‌یه‌ک شت کۆتاییان دێت،ئ ه‌ویش مه‌رگه‌، سه‌ره‌تا هه‌واڵی مه‌رگی باوکی و کۆتاییش به‌ مه‌رگی فه‌رمانده‌که‌، مه‌رگ وه‌ک سه‌ره‌نجامێک بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که ‌ده‌یانه‌وێت له‌ هه‌ندێ مه‌یدانا یاری بکه‌ن، مه‌یدانی یاری تۆپی پێ و مه‌یدانی جه‌نگ، که‌ تۆپ و خومپاره‌بێ ناسنامه‌کان دێن و پاڵه‌وانه‌کانی ناو مه‌یدانه‌که‌ ده‌کوژن، لێره‌دا نووسه‌ر ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت له‌ وڵاتانی تازه‌پێگه‌شتوودا هه‌میشه‌ کۆشکی خه‌ونه‌کانمان به‌ تۆپێک وێران ده‌بێت و ده‌بێت خه‌ونی فڕین بۆ ژیانی باشتر له‌یاد بکه‌ین، هه‌روه‌ک خۆشی له ‌سه‌ره‌تادا دیمه‌نی شکانی ژێرپیاڵه‌که‌ که ‌وێنه‌ی باڵنده‌یه‌کی فڕیوی له‌سه‌ره‌و ژێرپیاڵه‌که ‌شکاوه‌و باڵنده‌فڕیوه‌که‌ی سه‌ری که‌وتوه‌ته ‌نێو که‌لاوه‌یه‌که‌وه‌و فڕێدراوه‌.

بابه‌تێکی تری ئه‌م ڕۆمانه‌ که ‌به‌ڕێز غوڵامی ده‌یه‌وێت تیشکی بخاته‌سه‌ر، مه‌سه‌له‌ی ئازادی و سه‌ربه‌ستی که‌سه‌کانه له‌ هه‌ڵبژاردنی ئاره‌زووه‌کانیاندا، که ‌له ‌وڵاته‌ تازه‌پێگه‌شتووه‌کانداو کۆمه‌ڵگه‌دواکه‌وتووه‌کاندا، هیچ کات به‌ده‌ست خۆیان نیه‌و له‌لایه‌ن گه‌وره‌کانیانه‌وه ‌بۆیان دیاری ده‌کرێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی پاڵه‌وانه‌که ‌ده‌یه‌وێت پیشه‌یه‌ک و ئاره‌زوویه‌کی تری هه‌بێت، که‌چی باوکی ده‌ڵێت ده‌بێت ببی به‌ یاریچی تۆپی پێ و گۆڵ له ‌خه‌ڵک بکات، بۆ ئه‌م کاره‌ش باوکی فه‌رمانی پێ ده‌کات و هانی ده‌دات و سه‌رزه‌نشتی ده‌کات و جنێوی پێ ده‌دات، کاتێکیش بێ خواستی خۆی ده‌چێت بۆ مه‌یدانی جه‌نگ، فه‌رمانده‌که‌یان فه‌رمانی پێ ده‌کات و له‌کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کانیشدا واته‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی وڵاتی ئێران، خۆی حه‌ز ده‌کات ده‌نگ به‌ڕه‌فسه‌نجانی بدات، به‌ڵام باوکی پێی ده‌ڵێت ده‌بێت ده‌نگ به ‌ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بده‌یت، چوون باوکی پێی وایه‌ له ‌یاریگاکانی هه‌ڵبژاردن و ژیانیشدا ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد باشتر ده‌توانێت گۆڵ له‌ نه‌یاره‌کانی بکات، وه‌ک چۆن له‌ دیمه‌نێکدا بینیبووی ‌ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد گۆڵی له‌ گۆڵچی هه‌ڵبژارده‌ی ئێران، ئیبراهیمی میرزاپور کردبوو، وه‌له‌کۆتایشدا گۆڵی له‌ ڕه‌فسه‌نجانی کرد له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان و لێی برده‌وه‌، تائ ه‌میش بێته ‌سه‌رمه‌شق بۆ کوڕه‌که‌ی بۆ ئه‌وه‌ی له ‌مه‌یدانی یاری تۆپی پێ و ژیاندا گۆڵ له ‌نه‌یاره‌کانی بکات و لێیان به‌ڕێته‌وه‌.

لایه‌نێکی تری ئه‌م ڕۆمانه ‌تیشک خستنه‌سه‌ر قۆناغی مناڵی پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌که‌یه ‌که‌ هه‌ر له ‌مناڵیه‌وه‌ ژیانێکی تاڵی ده‌ردخوارد ده‌ده‌ن و له‌ هه‌موو ئاره‌زووه‌کانی ڕووتی ده‌که‌نه‌وه‌، بۆ نموونه‌ هه‌ر له‌ مناڵیه‌وه ‌له‌گه‌ڵ مامیداب نێشته‌تاڵ کۆده‌که‌نه‌وه‌، نووسه‌ر ئه‌مه‌ی وه‌ک سونبولی تاڵی و ئاشنابوونی پاڵه‌وانه‌که ‌به ‌تاڵیه‌کانی ژیانی ناساندووه‌، هه‌ر کاتێکیش ویستویه‌تی ئارام بێته‌وه‌و پشوویه‌ک بدات، ده‌نگه‌کان ئاگاداریان کردووه‌ته‌وه‌، که‌ ده‌نگه‌کانی ئاگادارکردنه‌وه‌ له‌م ڕۆمانه‌دا زۆرن و هه‌ندێکیان وه‌ک ئاگادارکردنه‌وه‌ی ژیان و مه‌رگن، ده‌نگه‌کانیش وه‌ک ده‌نگی زیکزیکه‌و شاورو فیکه‌ی دادوه‌ری یاری تۆپی پێ و هاواره‌کانی باوکی له‌کاتی یاری و هاواری فه‌رمانده‌ی شه‌ڕو ده‌نگی خومپاره‌و تۆپه‌کانی مه‌یدانی جه‌نگ، که‌ هه‌مویان زه‌نگی ئاگادارکردنه‌وه‌بوون له ‌قۆناغێک له‌ قۆناغه‌کانی ژیاندا، به‌تایبه‌تی له‌ قۆناغه‌کانی مناڵی و نه‌وجه‌وانی و لاویدا. ڕه‌نگه‌ بابه‌ک یه‌که‌م منداڵی دونیا بێت که‌ حه‌زی له‌و یاریانه ‌نه‌ده‌کرد که ‌بۆی دیاری ده‌کرا تائه‌نجامیان بدات، یاریه‌ک که ‌له‌نێو هاوکێشه‌ی براوه‌و دۆڕاندا قه‌تیس مابوون، که‌ هه‌موو گه‌مه‌کانیش ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به ‌گه‌مه‌ی ژیانه‌وه ‌هه‌بوو، سه‌ره‌تا باوکی یاری تۆپی پێی بۆ هه‌ڵبژاردوو ده‌یویست له‌ یاری تۆپی پێ دواڕۆژی خۆی مسۆگه‌ر بکات و ژیانی دابین بکات و باوکیشی سه‌ربه‌رز بکات، به‌ڵام خۆی به‌پێچه‌وانه‌ی خواستی باوکی حه‌زی له‌م یاریەنه‌بوو. دووه‌م یاری گه‌مه‌ی ژیان و مه‌رگ بوو، له ‌جه‌نگدا بێ خواستی خۆی به‌شداری کردوو به‌ موعجیزه ‌له‌و گه‌مه‌ ڕزگاری بوو، که‌ به‌هۆی نا‌مه‌یه‌که‌وه ‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ دواوه‌و خۆی ده‌رباز کرد، تاکه‌ گه‌مه‌یه‌ک که ‌خۆی حه‌زی لێ بوو، گه‌مه‌ی خۆشه‌ویستی بوو له‌گه‌ڵ بنه‌وشه‌دا، ده‌یویست به‌شێوازی خۆی خۆشی بوێت، به‌ڵام به‌هۆی گرفته ‌زۆره‌کانی ژیانه‌وه ‌بنه‌وشه‌ گوتی: من حه‌زم له‌م یاریه‌ نییه‌، پێشنیاری هه‌ڵاتن و ده‌رچوونی له‌و فه‌زایه‌ی بۆ کرد بۆ شوێنێک که‌ که‌س نه‌یانناسێته‌وه‌، له‌ کۆتایی ڕۆمانه‌که‌شدا کاتێک بابه‌ک ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، ده‌یه‌وێت پێڵاوه‌کانی فڕێ بدات، به‌ڵام په‌شیمان ده‌بێته‌وه‌ل ه‌م کاره‌ی و هه‌ڵیان ده‌گرێت، چوون ده‌زانێت ژیان ده‌یه‌وێت یارییه‌کی تری پێ بکات، یان بۆ یارییه‌کی تری هه‌ڵگرتووه‌.

خاڵی سه‌رنجڕاکێش له‌م ڕۆمانه‌دا ئەوە‌یه‌ که ‌پاڵه‌وان نه‌ک ناتوانێت خۆی دوای خواست و ئاره‌زووه‌کانی خۆی بکه‌وێت و ئاینده‌ی خۆی دیاری بکات، به‌ڵکو ناتوانێت ته‌نانه‌ت باسی ڕابردووی خۆشی بکات، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ که‌ له سه‌ر نووسینی یاداشته‌کانی و گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی ڕابردووی ژیانی خۆی ده‌گیرێت و لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرێت و هه‌تاوه‌کو ئه‌وکاته‌ش له‌گه‌ڵ بنه‌وشه ‌ده‌چنه‌ زانکۆ تا ڕاپۆرتێک له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌وکاته‌، که‌ ئێستای خۆیانی ده‌کرد، ئاماده ‌بکه‌ن، ده‌ستگیر ده‌کرێن و دووباره‌ ڕووبه‌ڕووی لێپێچینه‌وه‌ ده‌بنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات که ‌ئه‌م پاڵه‌وانه‌ ناتوانێت به‌ خواستی خۆی به‌شداری له‌ ڕووداوه‌کانی ئێستاو ڕابردووی داهاتووی خۆی بکات و له‌هه‌موو لایه‌که‌وه‌ کۆسپ و ڕێگری له‌به‌رده‌مدایه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مانه‌شه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و کچه‌ی خۆشی ده‌وێت و ده‌یه‌وێت بیکاته‌ هاوسه‌ری داهاتوی خۆی، بنه‌وشه ‌پێشنیاری ئه‌وه‌ی بۆ ده‌کات که‌وا هه‌ڵبێن و له‌و واقیعه‌ ڕابکه‌ن و بڕۆن بۆ شارێکی تر تا له‌وێ بتوانن به‌ئاسووودهی‌ی و ئازادی بژین.

تێبینی:ئه‌م ڕۆمانه‌ له‌لایه‌ن (مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌وه‌)کراوه‌به‌کوردی.


ئه‌م بابه‌ته 1119 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:03:53:08/02/2016