قوربانی و جەللاد<br>گی کورنوو

قوربانی و جەللاد
گی کورنوو

خەڵک
قوربانی و جەللاد، نووسینی گی کورنوو، ناونیشنای نوێترین کتێبی وەرگێڕدراوی نووسەر و وەرگێڕ، سەڵاح حەسەن پاڵەوانە و ناوەندی غەزەلنووس چاپ و بڵاوی کردۆتەوە، بۆ ئاشنابوونی زیاتری خوێنەران، پێشەکی کتێبەکە وەک خۆی دادەنێینەوە.


تەنیا نمایشێک لەم کتێبەوە بەسە بۆ ئەوەی بڕیار بدەی بیخوێنیتەوە

شكستی بەردەوام

ڕەنگە لە ژیاندا بێ ئەوەی بتوانی لەدەستی هەڵبێی، ساتێ دێت لەمیانەیدا هەرچی شتە بێكەڵكە، ئەم بەدحاڵیبوونە هەندێ جار هۆكاری دەرەكیی هەیە، وەك ڕوودانی جیابوونەوەی ژنومێرد، شكستهێنان، نەخۆشییەكی كوشندە، بەدبەختییە هەمەجۆرەكان. هەندێ جاریش هۆكاری ئەو ڕووداوانە پەیوەندیی بە دەروونەوە هەیە و لە ناخی خودی مرۆڤەوە هەڵدەقووڵێ. بەگشتی دەتوانین بڵێین باری دووەم لە باری یەكەم گرانترە، لەبەر ئەوەی هیچ بیانوویەك بۆ ڕێنوێنیكردنی باری مرۆڤ بوونی نییە. هەموو شتێك لە دەرەوە ڕێكوپێكە. سەركەوتن بەدەست هاتووە، بەڵام لە دەروونەوە هەستی تێكشكان وەك خۆی ماوەتەوە. هەروەك بڵێی سەرەداوی چارەسەری لەدەست دەرچووبێ.

بە هەرحاڵ ئەم تێنەگەیشتنە لە كوێوە هاتووە؟ ئەوە گرنگ نییە، لەپڕ پێدەچێت سەرەداوی ژیانمان لەدەست دەرچووبێ. هەستێك لە ناخمانەوە سەریهەڵدابێ، هەر باس ناكرێت، ئەم هەستە دەكرێ لە دەروونمانەوە بە شێوەی خەمێكی مەزن یا ماندووبوونێكی گەورە دەركەوێ، یان ببێتە هۆی جووڵێنەری ناخ و ئارەزوونەكردنی ژیان، بەپێی بۆچوونی لیۆنارد كۆهینی شاعیر، وا هەست دەكەین "ڕووبەڕووی تێكشكانێكی بەردەوامین. ناتوانین دەروونمان وێران بكەین. هەستێك ناخمان دەشێوێنێ و ئازارمان دەدا و پارچەپارچەمان دەكات. هەستێك هیچ شەرحێكی خۆی ناكات و بەسەرهاتێكی نییە بیگێڕێتەوە، واتە ئەو چیرۆكەی دروستی دەكات، خۆیشمان توانای گێڕانەوەیمان نییە”.
لەم كاتەدا دڵەڕاوكێیەكی مەزن وامان لێ دەكات ڕۆڵی قوربانی بە خۆمان ببەخشین و كەسانی تریش بكەینە جەللاد، ئەو كەسانە دایك و باوك، منداڵەكان یان ڕەنگە دەسەڵاتدارانیش بگرێتەوە. بە خۆمان دەڵێین نابێ كەسێك لە خۆیەوە دڵی خۆش بێت و لە خۆیشییەوە غەمگین بێت. بێگومان لەم غەمگینبوونەشدا كەسانی تر ڕۆڵیان هەیە.

بڕوام وایە بە ڕوانین بۆ دەروونی خۆمان ناچار دەبین ئەم وێنەیە ئاوەژوو بكەینەوە و ببینین كە ئێمە تا چ ئاستێك قوربانیین، بەڵام قوربانیی دەستی خۆمانین. دەبینین خۆمان دیوارەكانی زیندانی خۆمان دروست كردووە، بۆمان ئاشكرا دەبێت تا چ ڕادەیەك پشتمان كردووەتە ژیانی خۆمان. بە كورتی ڕووبەڕووی ئەو شتانە دەبینەوە كە تا ئێستە لە خۆماندا نەمانبینیوە و نایزانین.

دەبینین هەروا لەخۆڕا بارودۆخمان دەگۆڕێ، جیابوونەوەی هاوسەرگیری، شكستهێنان، نەخۆشیی كوشندە، ڕووداوی دڵتەزێن، هەر لە خۆیانەوە ڕوو نادەن. هێدی هێدی پەی بەوە دەبەین ئەو ڕووداوە دەروونییانەی كە كەشی ئێمەیان نوقمی ئاو كردووە، ئەو ڕووداوانەی زۆر جار لە ناهۆشمەندییەوە سەرچاوە دەگرن، هۆكارە دەرەكییەكان تەنیا لە ئاشكراكردنی ئەو ڕووداوانەدا ڕۆڵیان هەیە، واتە ئاشكراكردنی ئەو شتەی لە تاریكیی دەروونماندا خۆی حەشارداوە، ڕەنگە لەگەڵ دەركەوتنی ئەم جۆرە بارودۆخەدا تووشی شێوەیەك لە شپرزەیی بین، بەڵام دەكرێ ئەو ئاگاییەی لەم ئاشكرابوونەدا بەئەنجام دەگات، سوودی لێ ببینین، وەك یەكەمین قۆناغی هەوڵی چاككردنی گرفتەكان.

ڕێگەدان بۆ چەند ساتێ

بۆ ئەوەی لەم هەلومەرجەی ناخ بگەین، پێشنیاری تاقیكردنەوەیەكی بچووك دەكەم، ئەم تاقیكرنەوەیە چەند چركەیەك دەخایەنێ، داواتان لێ دەكەم ئاگاتان لە خۆتان بێ و لە قۆناغی یەكەمدا بەبێ هیچ مەبەست و ئامانجێك، بۆ یەك چركە هەست بە بوونی ناخی خۆتان بكەن: بۆ نموونە هەستكردن بە لێدانی دڵت، هەناسەدان و هەناسەوەرگرتن، بیركردنەوەتان، هەستكردن بە ناخی خۆتان وەك هەستكردن بە ڕاحەتی و ناڕەحەتی، هەموو شتەكان قبوڵ بكە و هەست بكە، بێ ئەوەی بتەوێ هیچ شتێك بگۆڕیت.

تەنیا هەست بكە. هەست بە ئامادەبوونی خۆت، چەند حەزت لێیە درێژە بەم بارە بدەم. ئەگەر هەستت كرد لە ڕێگەی شتێكەوە گۆڕانت بەسەردا دێ، واز لە ئەزموونی هەستكردن بهێنە، دووبارە بگەڕێوە سەر خوێندنەوەی ئەم كتێبە.

ئەم تاقیكردنە بچووكە، لەم ساتە بەدواوە دەمانخاتە نێو دڵی ڕووداوەكانەوە. بە مەبەستی لەخۆنزیكبوونە، بڕۆ بەرەو ناخی خۆت، ئەمەش هەمان ئەو شتەیە من دەمەوێ لێكۆڵینەوەی له‌باره‌وه‌ بكەم.

لەم بەرنامەیەدا بڕیار ئەوە نییە لێكۆڵینەوە ده‌رباره‌ی ئاسایشی كەسایەتیمان بكەین، یان بۆ داواكردنی ئاسایش و سەربەخۆییەك كە دوورمانخاتەوە لە لێدانە دڵتەزێنەكان ڕاپەڕین و هەستینە سەرپێ، بۆ نموونە ئێمە كاری زۆر دەكەین بۆ ئەوەی بارودۆخمان باشتر بێت، حەز دەكەین ببینە خاوەنی ئۆتۆمبێلێكی خۆشڕەو، خانوویەكی باش، بەڵام لەولاشەوە بۆ چاككردنی ماڵ و بەخێوكردنی منداڵ و شتەكانی تر پێویستمان بە یارمەتیی كەسانی تر دەبێت، واتە ئەو گەڕان و پێویستییانەی ئازادیمان سنووردار دەكەن. پاش چەند ساڵێك، ئەركی ئێمە تا ڕادەیەك دەبێتە بەجێگەیاندنی ئەو خزمەتگوزارییانە، زۆر كار هەن دەبنە كاری ناچاری و ئەو كاتە دەستنیشانكردنی ئەوە ئاسان نابێ كە كام لەو كارانەت پێ باشترە.

خێرابوونی ئاوازی چالاكییەكانی ژیان هەندێ جار تووشی هەناسەبڕكێمان دەكەن، دەبێ پەیوەندیی هاوڕێیەتی زۆرمان هەبێت، بەرنامەی هەمەچەشن جێبەجێ بكەین. بۆ ئەوەی لە ژیانمان تەسكینییەك هەبێ، پەنا دەبەینە بەر جگەركێشان، خواردنەوە و شوكۆلاتا، تەلەڤزیۆن و ماددە هۆشبەرەكان. ئاشكرا ئاگامان لێیە ئێمە لەنێو گرفتێك دەژیین و دەبێت ڕۆژێ لە ڕۆژان چارەسەرێكی بۆ بدۆزێنەوە، بەڵام وا پێدەچێ شتەكان هەر هەمووی لە بەردەست نەبن و كەوتووینەتە نێو لێشاوێكەوە، دەرچوونمان زەحمەتە.
لەم كاتەدا، زەمینە خۆش بووە تا بە تەواوی خۆمان بە "قوربانی” لەقەڵەم بدەین، چونكە هەرچییەك لە دەستمان هاتووە، كردوومانە، بەڵام هیچ سوودی نەبووە، هەمیشە تایەكی تەرازووەكە لەنگە.

كەواتە بۆچی ماوەیەك تەرخان نەكەین بۆ پەیوەندی پەیداكردن لەگەڵ خودی خۆماندا، بێ هیچ ئامانج و چاوەڕوانییەك، یان ئارەزوویەك بۆ گۆڕان؟ بڕواننە ئەم ئامێرە، ئایا ئەم ئامێرە پێكەنیناوی نییە كە خۆمان بۆ لەناوبردنی خۆشبەختیمان دامانناوە؟ لە ڕاستیدا گاڵتەئامێز نییە، بەڵام مەترسن. ئەگەر بەڕاستی ئەو ئامێرەت بۆ لەناوبردنی خۆشبەختیی خۆت داناوە، هەر خۆیشتان دەتوانن لەدەستی ڕزگار بن.
وەرە بە چاوكراوەیی یان بە چاوبەستراوی چەند چركەیەك ئازادی ببەخشە به‌ خۆت، وەرە چەند ساتێ سەربەخۆییت دەستكەوێ و چێژ ببینە. ئەم ساتانە بەلاشن، هیچیان تێناچێ. چێژی ئەو ساتانە فرە خۆشە، چەند ساتێكی زۆر كورتن، زۆر كورت بۆ گەڕانەوە بۆ ناخی خۆت، لە هەر شوێنێك و لە هەر ڕێگەیەك ڕێی تێدەچێ، ساتێكی كورتە، لەو ساتانەدا هەست بەو هەناسانە دەكەی كە دەچنە كوونەلووتەكانتەوە، ساتگەلێكن ڕزگارتان بووە لەو بارودۆخەی خەریكە گیان و ڕۆحتان بەهەدەر دەبا.

هەر ئێستە ئیتر هەست بە ئامادەیی خۆت دەكەیت. كاتێ ئەو ساتانە بوونە ساتی بێكۆتایی، ئەوا دەستت دەگاتە ئەو شتەی هۆشمەندان پێی دەڵێن ئازادی، گەڕاویتەتەوە بۆ ئازادیی سەردەمی منداڵی، بەڵام ئازادییەك بە ئاگاییەوە.
بەم جۆرە، لەم ساتەدا تۆ ئازادی بۆ چێژوەرگرتن، چێژبینین لەوەی هەتە و نیتە، بێ ئەوەی لە سەرتاپای ئەو شتانەدا ببیتە كۆیلەی هیچ شتێك، ئێستە تۆ چیتر موڵكی شتەكان نییت، شتەكان موڵكی تۆن، چیتر سوود لە خزمەتگوزارییەكان وەرناگریت، خزمەتگوزارییەكان سوود لە تۆ وەردەگرن، پەیوەندی دانامەزرێنی، پەیوەندییەكان تۆ بۆ لای خۆیان ڕادەكێشن، تۆ خاوەنی بیر و هەست و سۆزەكان نییت، بیر و هەست و سۆزەكان موڵكی تۆن و زەینتیان تووشی ئاژاوە كردووە، تۆ قوربانی و دوژمنی خۆتی.

بۆ چەند چركەیەك ڕاوەستان بەسە، تا بتوانین سەرچۆپیی ئەم هەڵپەركێ بەكۆمەڵە بگرینە دەست، ئەو شاییەی هەموومان بێ ئارەزوو تێیدا دەستمان گرتووە و هەڵدەپەڕین، لە ڕاستیدا ئەم چەند چركەیە ڕێگەی ئاگایمان بۆ خۆش دەكات، ئەو ڕێگەیەی بەرەو ئەوەمان دەبات سەربەخۆ بین لە چێژوەرگرتنی ڕاستەقینە لە ژیان. سەربەخۆیی ڕاستەقینە ئەو سەربەخۆییە كە تەنیا لە دەروونەوە بەرپادەبێت.

بڕوام وایە بەدیهاتنی سەربەخۆبوونی ڕەها مەحاڵ نییە. هەروەك وتم، ئێمە بوونەوەرێكین پەیوەندییەكی پتەو پێكەوەی گرێداوین و سەرقاڵی خۆمانین، بەڵام لە ناخی ئەو هاوپەیمانییەی لەگەڵ یەكتردا هەمانە، دەتوانین جۆرە سەربەخۆییەك بدۆزینەوە. ئەم سەربەخۆییە دەروونییە، لە دیلبوونی ئەو شتانەی بەسەرماندا دێت و هەستی پێ دەكەین، دەمانپارێزێ. ئەم كەشوهەوای ئازادییەی ناخ وامان لێ دەكات ئەو ئارامی و خۆشییەی هەمیشە لە دەرەوە بەدوویدا وێڵین، لە دەروونی خۆماندا بیاندۆزینەوە. ئەم وردە سەربەخۆییە مۆڵەتی ئەوەمان دەداتێ، بە شێوەیەكی ڕێژەیی بڕوانییە ڕووداوەكان، دیلی دەستی حەزە نابەجێكان نەبین.

خۆدانەدەست ڕووداوەكان

ئایا تێبینیی ئەوەت كرد یەكەمین سەرەتاكانی ئەو ڕاهێنانە بچووكەی كە پێشنیارم كرد چەندە سادە بوو، هەر بە ئاسانی لە نیگەرانییەكانی ڕۆژانە ڕزگارت بوو؟ ڕەنگە هەستت بە ئارامی و جۆرێك لە ئازادیی دەروونیی قووڵ كردبێت، هەر كە ویستت لەسەر ئەو ڕاهێنانە بەردەوام بیت، كارەكە سەختتر بوو. بۆچوونی هەمەچەشنت بە بیردا هات. بیری زۆر سادە و بیری زۆر ئاڵۆز و ناوازە.

ئەم ناتەواوییە هۆكارەكانی زۆرن، یەكەم: ئەو ئاشتی و ئارامییەی لە دەرەوە بۆی دەگەڕێین وا لە ناخی خۆماندایە، یان وا باشترە بڵێین پێشتر لە ناخماندا بووە، ئەم ئاشتی و ئارامییە جێگه‌ی لەدایكبوون و زەویی وادەدراوە، زەویی لەدایكبوونمانە لەبەر ئەوەی لەوێوە سەرمانهەڵداوە، هەریەك لە ئاكارەكانمان یادگاری ئەون و بۆ ئەو دەگەڕێنەوە، بەسە كە بڕوانینە شادمانیی منداڵان تا قبوڵمان بێ، ئەم زەوییە، زەویی وادەدراوە، بەڵام بەداخەوە بیرمان چووە خاوەنی ئەو زەوییەین و لە دەرەوە بۆی دەگەڕێین، یان ڕووداوێك بۆ لای ئەو زەوییەمان دەگەڕێنێتەوە.

دووەم: ئەم ناتەواوییە فێرمان دەكات توانای ئەوەمان هەبێت ئەم ئاشتییە بەدەست بێنین، جا چ ژنی ماڵەوە بین، یان بەڕێوەبەرێكی پلەبەرز، لەبەر ئەوەی بەدەستهێنانی ئەو ئاشتییە پەیوەندیی بە پلەوپایەیەك نییە كە هەمانە و یان دەمانەوێ بەدەستی بێنێن.
لێرەوە سەرنجی ئێوە بۆ خاڵێكی تر ڕادەكێشم. بۆچی كاتێ دەمانەوێ چركەی جیابوونەوەمان لە خودی خۆمان درێژ بكەینەوە، شتێك دێت و ئەو دابڕانە تێك دەدات؟ ئەو هێزە چییە وا دەكات لە سەرچاوەی خۆمان دوورمان بخاتەوە؟ بۆ ئەوەندە بێدەسەڵاتین بەرامبەر بە حاڵەتی نزیكبوونەوە لە خۆمان؟

وەڵامی ئەم پرسیارانە یەكسەر بەرەو ئەو گریمانەمان دەباتەوە كە هۆكاری نووسینی ئەم كتێبە بووە. لە خۆم دەپرسم، ئایا ئەو هێزەی لە سەرچاوەی خۆمان دووری خستووینەتەوە، هەر ئەو هێزە خودی ناسنامەمان نییە؟ لە خۆم دەپرسم، ئایا ناسنامەی تاكەكەس یان ئەوەی ناسنامەی كەسایەتیی پێ دەڵێین، تا ڕادەیەك لەسەر بناغەی كاردانەوەیەكی پاراستنانەی سەرچاوەگرتوو لە ترسەوە دانەمەزراوە؟ جارێكی تر لە خۆم دەپرسم، ئایا ئەم قەڵغانە كە وەك ناسنامە بەكاری دێنین، لەجیاتی ئەوەی بمانپارێزێ، دەستبەندمان ناكات؟ هێزە بوونیادییەكانی ژیانمان ناپچڕێنێت؟ بێبەشمان ناكات لە وزەی دەروونی، ئەو وزەیەی بۆ ژیان و دروستكردنی ژیان پێویستە؟

ناكۆكییەكە لێرەدایە ئەو كەسەی ناسنامەكەیمان دەستنیشان كرد و ناومان نا (من)، هەر ئەو كەسە خۆی ڕێگرە لە بەردەم بەئەنجامگەیشتی ئەو ڕاهێنانە، ئەمەش هەمان ئەو كەسەیە دوژمنایەتیمان دەكات، دەمانكاتە قوربانی، بەڵام وا دەزانین قوربانیی دەستی كەسانی ترین، دەترسین دوژمنایەتیمان لەگەڵدا بكەن، یان دوژمنایەتییان بكەین.

دەزانم ئەوەی دەیڵێم ئەوەندە زانراو نییە. ڕەنگە گریمانەكانم ببنە هۆی نیگەرانیی كەسانێك، لەبەر ئەوەی لە خۆیان دەپرسن، تەنیا شتێك كە هەمانە، ناسنامەمانە، ئەگەر ئەوەش ڕەت بكەینەوە، كەواتە چیمان بۆ دەمێنێتەوە؟ بۆیە داواتان لێ دەكەم لەگەڵمدا هاوڕا بن لەبارەی بۆچوونەكانمەوە و بوێریی ئەوەتان هەبێت بەرگرییە دەروونییەكانی خۆتان بشكێنن. لەبەر ئەوەی ئەو كەسەی ناسنامەی خۆمان پێ بەخشیووە، نەبووەتە هۆی خۆشكردنی دڵمان، بگرە هەندێ جاریش بووه‌تە هۆی ئەوەی تووشمان بكات بە هەرچی دەرد و خەم و بەڵا هەیە، بۆ نموونە بەهۆی ترسی لۆمەكردنی خەڵكی و تەنیاییمانەوە، دوور دەكەوینەوە لە كارێك كە دڵنیاین لەوەی كارێكی ڕاستە، یان ناڕاستە.
داواتان لێ دەكەم لەم كتێبەدا، تەواوی ئەزموونە تاڵەكانی كەسێك، بێننە پێش چاوی خۆتان كە دەرگای بە ڕووی خۆیدا داخستووە. پاشان سەرەڕای گرفتەكان، بڕوانن ئایا بەهۆی ئەم تاقیكردنەوە، چاونەترسیی ئەوەمان هەیە تا ببین بە "خۆمان”؟ ئایا لەم كاتەدا و لە ئایندەدا ژیانێكی جوانتر و دووربینییەكی تەندروستمان نابێت؟

ئه‌م بابه‌ته 8406 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:12:57:02/02/2016