خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی
كوڕیژگه بیجامه خه‌تخه‌ته‌كه
خەڵک- به‌نگین پیرۆت نوری
ناوی ڕۆمان: كوڕیژگه بیجامه خهتخەتهكه
نووسه‌ر: جۆن بۆین
وه‌رگێڕانی له‌ئینگلیزییه‌وه: ماردین ئیبراهیم
چاپ: كتێبخانه‌ی غه‌زه‌لنووس
خوێندنه‌وه‌ی رۆمانی «كوڕیژگه بیجامه خه‌تخه‌ته‌كه» گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ لاپه‌ڕه‌كانی ڕابردوو، تێگه‌یشتنه له كێشه‌كانی ئێستا‌و ئاوێنهشه بۆ بینینی ئاینده. پشكنینه‌كانی «برونۆ» سه‌ركێشییه‌كی سه‌رنجڕاكێشی لێده‌كه‌وێته‌وه كه پێیوا بوو گه‌ڕان له‌دیوی ته‌لبه‌نده‌كان وه‌ك گه‌ڕان و پشكنینی ژووره‌كانه به‌دوای شته‌كانی دیكه‌دا، ئه‌و شتانه‌ی «به‌ته‌نها هی خۆی بوون و هی كه‌سی دی نه‌بوون».
له ڕۆمانی «كوڕیژگه بیجامه خه‌تخه‌ته‌كه» ڕاسته‌وخۆ خوێنه‌ر ناچێته ناو جه‌نگی ته‌قینی گولله‌و هاوار هاواری سه‌ربازانی ده‌ست و قاچ په‌ڕیو، خوێنه‌ر ده‌چێته ناو جه‌نگێكی گه‌وره‌ی شوومی ده‌روونییه‌وه كه له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌روونی ده‌هه‌ژێنێت، جه‌نگێكی سارد كه هیچی له‌و جه‌نگانه كه‌متر نییه له‌ڕێگه‌ی سووتماككردنی خاك و كوشتاری ڕه‌شه‌كوژی ناخی مرۆڤ ده‌هاڕن.
زۆربه‌مان ده‌زانین جه‌نگی دوومی جیهان جینۆسایدی جوله‌كه‌ی لێكهوتهوه كه پێی ده‌ڵێن هۆڵۆكۆست و دیاری نازییه‌كانی ئه‌ڵمانیا بوو بۆ نه‌ته‌وه‌ی جوله‌كه، جه‌نگی ساردیش، قڕكردن و ئه‌نفالكردنی كوردی له‌ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا له‌لایان به‌عسییه‌كان لێكهوتهوه. جه‌نگی دژ به تیرۆر‌و كۆیله‌كردن و فرۆشتنی كچانی ئێزیدی له‌ئابی ساڵی 2014 له‌لایان ڕێكخراوی تێرۆرستی داعش و جینۆسایدی ئه‌رمه‌نه‌كان له‌لایان توركه تۆرانییه‌كان له‌ساڵی 1915 په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌شی ترن به‌ناو چاوانی مێژووی دوور‌و نزیكی دیكتاتۆره‌كانه‌وه دژی مرۆڤایەتی.
كاتێك خوێنه‌ر ڕۆمانه‌كه ده‌خوێنێته‌وه پێیوانیه ڕووداوی ناو چیرۆكی ڕۆمانه‌كه پێشتر ڕویداوه، پێیوایه زه‌مه‌نی رووداوه‌كان ئێستایه یاخود له‌ئاینده‌یه‌كی نزیك له‌شوێنێك ڕووده‌ده‌ن. كه هێمایه بۆ نه‌مانی ئینتما بۆ ژیان، هێمایه‌كی روونیشه هه‌ركاتێك كاره‌ساته‌كان ڕووبده‌ن. له‌م كتێبه‌دا «برۆنو» و «شموێل» وه‌ك دوو كاره‌كته‌ر ده‌وری دوو جیهانی جیهانبینی جیاواز ده‌بینن كه له‌م به‌رو ئه‌وبه‌ری تهلبهندهكه ده‌ژین، ته‌لبه‌ندێكی باریك دوو جیهانه گه‌وره‌كه‌ی لێك دابڕیوه.
«جۆن بۆین» نووسه‌ری رۆمانه‌كه به‌خه‌یاڵێكی فراوان گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ رووداوه مێژووییه‌كانی ئه‌وسه‌رده‌مه‌و چیرۆكی ڕۆمانه‌كه‌ی نووسیوه، هه‌ر ده‌بێ واش بێ چونكه ئه‌وه‌ی له‌ناو ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌گوزه‌رێت به‌شێكه له‌ڕووداوی ڕاسته‌قینه له‌ڕۆژگاری سه‌ختی ئه‌وروپادا له‌ساڵانی چله‌كانی سه‌ده‌ی بیستدا، كه پێی ده‌وترێت زه‌مه‌نی دووه‌می وێران بوونی جیهان. باسه‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه، باسی زه‌مه‌نێكه كه فاشسته‌كان ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌ردوونییان هه‌یه، وه‌ك گه‌رده‌لوول جیهان لووش ده‌ده‌ن ژیان كوژو مه‌رگدۆستن.
قڕكردنی جوله‌كه
ره‌نگه به‌لای هه‌ندێك كه‌سه‌وه قڕكردنی جوله‌كه له‌ئه‌وروپا سه‌یر نه‌بێت چونكه ئێستاش جیهان بارگاوییه به به‌چكه دیكتاتۆری هاوشێوه‌ی هیتله‌ر، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه سه‌یره، زۆریش سه‌یر، پێش رووداوی دوو جه‌نگه گه‌وره‌كه، ئه‌وروپا لافی فه‌لسه‌فه‌ی دیموكراسی و به‌جیهانیكردنی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌وروپی لێده‌دا، كه‌چی له‌نێو جه‌رگه‌ی خۆشی‌دا گرگنه دیكتاتۆره‌كانی وه‌ك مۆسۆلۆنی و فرانكۆ و هیتله‌ر ده‌سه‌ڵاتداربوون، بۆیه به‌لامه‌وه نامۆیه، هێشتا جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان، خۆڵه‌مێشه‌كه‌ی له‌ئاگری جه‌نگ سارد نه‌ببۆوه، ته‌می جه‌نگێكی تاسێنه‌ر هه‌ڵده‌گیرسێت، بۆ دووه‌م جار خهردهلهكهی ته‌واوی جیهان داده‌پۆشێت.
هه‌رچه‌ند بیستنی هه‌واڵ و رووداوه‌كانی زه‌مه‌نی ئێستامان مرۆڤ دووچاری شۆك ده‌كات چونكه پڕ چه‌ككردنی وڵاتان و ئاواره بوونی ملیۆنان كه‌س و به‌هه‌ده‌ردانی خۆراك و برسی بوونی نیوه‌ی مرۆڤی گۆی زه‌وی و شه‌ڕی نێو خۆی وڵاتان و به‌هێز بوونی گروپه توندڕه‌وه فێنده‌مێنتالیسته‌كان و بازرگانیكردن به‌مرۆڤ و په‌یدابوونی مرۆڤی مرۆڤ سه‌ربڕو مرۆڤ خۆر. هتد... بۆ خۆی جه‌نگێكه چی له‌دوو جه‌نگه گه‌وره‌كه كه‌متر نییه. بۆیه كه رۆمانه‌كه ده‌خوێنیته‌وه هه‌موو ئه‌مانه وات لێده‌كه‌ن هه‌ستیش بكه‌ی لهجهنگدانیت، هه‌ست ده‌كه‌یت به‌ره‌و جه‌نگ ده‌ڕۆیت، پێت وا ده‌بێ مادام مرۆڤا‌تی له‌جیهانێكدا ده‌ژی لافی عه‌قڵانیه‌ت و پێڕا گه‌یشتنی بهژیارێكی مۆدێرن و خۆشگوزه‌ران لێده‌دات و ژیره‌كان جیهان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، نابێ له‌وه زیاتر مرۆڤایه‌تی به‌ده‌ست جه‌نگه‌كانه‌وه په‌رێشان بێت جه‌نگی هاوشێوه‌ی دوو جه‌نگه گه‌وره‌كه به‌ناوی جه‌نگی سێیه‌مه‌وه رووبدات. به‌رده‌وامی شه‌ڕه‌كان سه‌ركێشی جه‌نگی گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه، هه‌ر وه‌ك چۆن ئێمه ده‌پرسین دوو جه‌نگه گه‌وره‌كه بۆ روویدا؟ دووریش نییه جه‌نگی سێیه‌م گره‌و له‌ئاشتی به‌رێته‌وه، نه‌وه‌ی هه‌زاره‌ی سێیه‌میش بپرسن كه مرۆڤا‌تی خاوه‌نی عه‌قڵ مه‌زنه‌كان بوو چۆن و بۆچی ئه‌زموونی له‌دوو جه‌نگ وه‌رنه‌گرت! ئه‌دی جه‌نگی سێیه‌م بۆ رووبدا؟ پاساوی ئاشتی و ڕێككه‌وتنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئایا به‌سه بۆ ڕوونه‌دانی جه‌نگێكی تری وێرانكه‌ر له‌سایه‌ی وڵاتانی خاوه‌ن كڵاوه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی؟! پرسیارێكی تر ئه‌وه‌یه، كێ جه‌نگ هه‌ڵده‌گیرسێنێت؟ ئه‌گه‌ر جه‌نگ له‌پێناو ئاشتیدایه، ئاشتی ئایا پێویستی به‌جه‌نگه؟ ئایا پێویستی ئاشتی كڵاوه‌ی ئه‌تۆمییه؟ كه جیهان پڕه له‌مرۆڤی ژیر، ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی جیهان بۆچی ده‌كه‌وێته ده‌ست ئه‌و كه‌سانه‌ی گه‌مژانه حوكمڕانی جیهان ده‌كه‌ن! ژیری، مرۆڤه ژیره‌كان بۆچی ناتوانێت به‌ر به‌ڕوو نه‌دانی جه‌نگ بگرێت؟ به‌رژه‌وه‌ندی كێ له‌گه‌ڵ جه‌نگه؟ له‌ئاشتیدا ئایا به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مه‌لایه‌ن له‌ئارادا نییه؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵام به‌ڵێیه، ئه‌رێ جه‌نگه‌كان بۆ ڕووده‌ده‌ن؟ یان كه رووش ده‌ده‌ن بۆ كۆتایان نییه! تكایه باچیتر جه‌نگه‌كان ڕوونه‌ده‌ن، پێویستی ئاشتی جه‌نگ نییه.
ئه‌م بابه‌ته 6211
جار خوێنراوهتهوه
PM:12:08:01/02/2016