کتێب
لە کوردستان چی پێ دەکرێت؟
خەڵک- بەیاد مەریوان
كتێب، ئه‌و ئامڕازو هه‌ندێك پێیان وایه پێداویستییه‌یه كه به‌درێژایی مرۆڤایه‌تی هه‌بووه‌و ده‌شبێت، له‌لووتكه‌ی دواكه‌وتوویی دا مرۆڤه‌كان هیچیان بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه له‌سه‌ر دیواری ئه‌شكه‌وت و به هه‌ڵكۆڵینی به‌رد ئه‌وه‌ی ویستوویانه نووسیویانه‌و دواتر بووه به‌كتێب، له‌ئێستاشدا له‌لووتكه‌ی ته‌كنه‌لۆژیاو پێشكه‌وتنی مرۆڤایه‌تی دا كتێب جێگای خۆی هه‌ر كردۆته‌وه، جا له‌دووتوێی كتێبی ئاسایی بێت، یان له رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه بێت، بۆیه كتێب زۆر هه‌ڵده‌گرێت قسه‌ی له‌باره‌وه بكه‌ین.
له‌كوردستان، قسه له‌سه‌ر بازاڕی كتێب زۆر ده‌كرێت، جگه له‌مه‌ش له‌م ساڵانه‌ی دوایی چه‌ندین دامه‌زراوه‌و دواتریش ناوهندو كتێبخانه‌ی ئه‌هلی بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێب دروستبووه‌و به‌رده‌وامیش له چاپكردنی كتێب به‌زمانی كوردی، كه زۆربه‌شیان به كوالێتی و دیزاین و چاپی باش ده‌كه‌ونه به‌ردیده‌ی خوێنه‌ران. ده‌وترێت زۆربه‌ی ئه‌م كتێبانه له وڵاتی ئێران چاپده‌كرێن و ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له‌رووی جۆرییه‌وه قسه‌ی زۆر له‌سه‌ره، چونكه ماوه‌یه‌كه دیوانی كۆنی شاعیران و قسه‌ی نه‌سته‌ق و یاداشتی كه‌ڵه پیاوانی كورد چاپدهكرێنهوهو بازاڕییان گه‌رمه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی نه‌بوونی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان دامه‌زراوه‌و ناوهندو كتێبخانه‌كان وایكردووه كه چه‌ند جارێك كتێبێك به وه‌رگێڕانی جیاوه چاپبكرێتهوه ئه‌مه‌ش گرفتی بۆ خاوه‌ن كتێبه‌كان دروستكردووه‌و زۆرجار جۆره سهرلێشێواویهك بۆ خوێنه‌ر دروستده‌كات، پرسیارێكی تری جیدیش ئه‌وه‌یه كه ئایا خوێنه‌ر كورد تائێستاش به‌دوای ناوی نووسه‌ره‌وه‌یه بۆ كڕینی كتێب یان ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ی لا گرنگه، ئه‌م پرسیارانه له‌م راپۆرته‌ی خواره‌وه ده‌خه‌ینه ڕوو كه كه‌سانی ئاگادار‌و پسپۆڕ و خاوه‌ن ئه‌زموون قسه‌یان تێدا كردووه:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی یه‌كێكه له‌و دامه‌زراوه حكومیانه‌ی كه ساڵانێكه كتێب چاپدهكان، له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی كه له‌ئێستا بازاڕی كتێب چۆن ده‌بینن له‌كوردستان، كه له‌م ساڵانه‌ی دوایی چه‌ند كتێبخانه‌و ناوه‌ندێكی ئه‌هلی كراونه‌ته‌وه‌و كتێب چاپده‌كه‌ن؟ محه‌مه‌د كوردۆی به‌ڕێوه‌به‌ر وتی: بێگومان ئێستا بازاڕی كتێبیش وه‌ك زۆرینه‌ی بازاڕه‌كانی دی خراپه. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه له زۆربه‌ی بارودۆخه خراپه‌كانی وه‌ك شه‌ڕ و كێشمه‌كێشی سیاسی و قه‌یرانی داراییدا، گورزی گه‌وره و كوشنده به‌ر كتێب ده‌كه‌وێت. كردنه‌وه‌ی كتێبخانه و ناوه‌ندی ئه‌هلی بۆ چاپكردنی كتێب نه‌ك هه‌ر كارێكی باشه، زۆریش باشه، چونكه هه‌م ده‌رفه‌تی زیاتر ده‌خاته به‌رده‌می نوسه‌ر و وه‌رگێڕه‌كان، هه‌م ده‌یخاته به‌رده‌می خوێنه‌رانیش. به‌ڵام نابێت ئه‌و كتێبخانه و ناوه‌نده ئه‌هلییانه وه‌ك جێگره‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه حكومییه‌كان و ده‌زگا ڕوناكبیرییهكان ته‌ماشا بكرێن، چونكه كتێبخانه و ناوه‌نده ئه‌هلییه‌كان زیاتر كتێب به پێوه‌ری بازاڕ و به ئاستی فرۆشتن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن، بێگومان حه‌قی خۆیشیانه، چونكه ئیشه‌كه‌ی ئه‌وان وا ده‌خوازێت. به‌ڵام ئه‌و پێوه‌ره بۆ داموده‌زگا حكومی و ڕوناكبیرییهكان، ڕاست نییه.
لای خۆشیه‌وه به‌ختیار سه‌عید كه ماوه‌یه‌كی زۆره وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگایه‌كی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌هلی كاری كردووه‌و جگه له‌وه‌ش چه‌ندین كتێبی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی به‌كوالێتی و دیزاینی باش له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات چاپكردووه، له‌وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی سه‌ره‌وه ده‌ڵێت: دیاره چاپكردنی كتێب له ده‌زگایه‌ك بۆ ده‌زگایه‌كی تر جیاوازه‌و ئه‌و جیاوازییه هۆكاربووه له‌ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كانی حكومی چه‌ندین ده‌زگاو دامه‌زراوه‌و كتێبخانه‌ی تایبه‌ت كه جگه له‌كاری فرۆشتنی كتێب كاری چاپ و بڵاوكردنه‌وه ئه‌نجام بده‌ن، هه‌ر له‌و نێوه‌نده‌دا زۆرترین ده‌زگای ئه‌هلی بره‌ویان به كاری چاپه‌مه‌نی داوه‌و هه‌ریه‌كه‌یان گرنگیان به بواری جیاواز داوه، بۆ نموونه ده‌زگای رۆشنبیریی جه‌مال عیرفان له‌چه‌ند بوارێكدا كاری كردووه ، به‌ڵام سه‌نگی قورسایی خۆی له‌سه‌ر بواره‌كانی مێژوو، هونه‌ر، جینوساید بنیادناوه، ناوه‌ندێكی وه‌كو ئه‌ندێشه بناغه‌ی كاره‌كانی خۆی به پله‌ی یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئه‌ده‌ب بنیادناوه، هه‌روه‌ها ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس به‌هه‌مانشێوه كه هه‌ر خۆیان پشت به‌ستوو به‌خۆیان توانیویانه ژماره‌یه‌كی باش له‌بواره جیاوازه‌كان چاپ و بڵاو بكه‌نه‌وه‌و ببنه ناوێكی دیاری بواری چاپه‌مه‌نی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆته كێشه‌یه‌كی زۆری ده‌زگاكان ئه‌وه‌یه كه كڕیاری چاپ كراوه‌كانیان چه‌ند هێنده هاتۆته خواره‌وه‌و هۆكاربووه بۆ ئه‌وه‌ی له‌چاو ساڵانی پێشوو نه‌توانن كاری چاپهمهنییهكانیان به‌رفراوانتر بكه‌ن، له‌هه‌مانكاتدا هاوڵاتیان به‌هۆی بوونی كێشه‌ی داراییه‌وه نه‌یانتوانییه‌وه به‌پێی پێویست ڕوو لهچاپكراوه نوێكان بكه‌ن، هه‌روه‌ها ده‌زگا حكومییه‌كان كه جاران هۆكاربوون بۆ كڕینه‌وه‌ی به‌شێك لهچاپكراوهكان كه ئه‌وه‌ش ڕێگه‌یه‌ك بووه بۆ فرۆشتنی چاپكراوه‌كان ئه‌ویش نه‌ماوه به‌هۆی ئه‌و كێشه‌ی داراییه‌ی ڕووی كردۆته هه‌رێم.
دیاره هیوا قادر-ی شاعیر‌و نووسه‌رو وه‌رگێڕی كورد، كه له‌هه‌مان كاتدا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م-ه كه لهساڵانێكی زۆره كتێب و گۆڤار چاپ و بڵاوده‌كاته‌وه، له‌باره‌ی كه‌می خوێندنه‌وه‌و فرۆشی كتێب بۆچوونێكی تری هه‌یه‌و ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت: كه‌می خوێندنه‌وه‌و فرۆشی كتێب له‌كوردستان عه‌یبه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، به‌تایبه‌تی له‌شارێكدا كه به‌پایته‌ختی رۆشنبیری هه‌ژمار ده‌كرێت، وه‌ك به‌شێك لهكتێبفرۆشهكان ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ن ته‌نها چه‌ند كه‌سێكی دیاری كرا‌و به‌به‌رده‌وامی كتێبیان لێده‌كڕن و ده‌موچاوی تازه نابینن، به‌داخه‌وه ئێمه له كۆمه‌ڵگایه‌كدا ده‌ژین كه تائێستا نه‌زانین نه‌بۆته عه‌یبه‌یه‌كی گه‌وره كاتێك مرۆڤ نهزانبێت و خودی خۆی بزانێت نه‌زانه‌و عه‌یبه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر شانه بێگومان هه‌وڵده‌دات خۆی په‌روه‌ده بكات. هیوا قادر، زیاتر قسه‌ی بۆ سایتی گروپی باڵا كردوو، وتی: یه‌كێك له بزنسه گه‌وره‌كان دونیا كتێبه، خه‌ڵكی له ئه‌وروپا لهبۆنهكاندا كتێب پێشكه‌ش به‌یه‌كتری ده‌كه‌ن، به‌ساڵاچوو هه‌یه له‌وڵاتانی ده‌ره‌وه هه‌فته‌ی رۆمانێك ده‌خوێنێته‌وه به‌ڵام له‌وڵاتی ئێمه هیچ به‌ساڵاچووێك رۆژنامه‌ش ناخوێنێته‌وه.
دیارده‌یه‌كی تر كه له كوردستان به‌ته‌واوی دیاره‌و تائێستا قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كراوه، كۆمه‌ڵێك ده‌زگاو كتێبخانه‌و ته‌نانه‌ت كه‌سایه‌تیش، هه‌ڵده‌ستن به چاپكردنه‌وه‌ی كتێبه كۆنه‌كان وه‌كو دیوانی شاعیره‌كان و یاداشت و به‌سه‌رهاته‌كان، كه زۆربه‌شیان له ئێران به‌چاپێكی جوان چاپده‌كرێن، له‌باره‌ی ئامانجی ئه‌م كاره محه‌مه‌د كوردۆ به‌ڕێوه‌به‌ری چاپ و بڵاوكردنه‌وه له‌وه‌زاره‌تی رۆشنبیری، ده‌ڵێت: چاپكردنه‌وه‌ی كتێب به گشتی كارێكی باشه، چونكه چه‌ند سه‌رچاوه‌كانی مه‌عریفه زیاتر له به‌رده‌ستدا بن، تواناكانی خۆڕوناكبیركردن و نوسین و لێكۆڵینه‌وه زیاتر ده‌بن. به‌ڵام پێویسته مافی نوسه‌ر و وه‌رگێڕ و داموده‌زگاكان پارێزراو بن. به داخه‌وه له كوردستان نه‌ك مافی مادی، مافی مه‌عنه‌وییش پارێزراو نییه. زۆر جار ده‌بینین كتێبی ده‌زگایه‌ك له لایه‌ن ده‌زگایه‌كی دیكه‌وه چاپ ده‌كرێته‌وه، ته‌نانه‌ت ناشنوسرێت چاپی چه‌نده‌مه و پێشتر كێ چاپی كردووه؟ بێگومان ئه‌مه ده‌بێت هه‌م به یاسا ڕێك بخرێت و هه‌م ئاكاری كاركردنیش ڕێ به دیارده‌ی له‌و جۆره نه‌دات. له‌باره‌ی چاپكردنی كتێب له‌ئێرانیش دیاره كتێب كه له ئێران چاپ ده‌كرێت، چاپێكی جوان ده‌كرێت و له ڕووی نرخیشه‌وه كه‌متری تێده‌چێت. ئه‌م كاره به‌و دیوه‌دا باشه كه هه‌م كوالیتی كتێب به‌رزده‌كاته‌وه، هه‌م نرخی كتێب كه‌مده‌كاته‌وه. به‌ڵام بهودیوهدا خراپه كه پاره‌و سامانێكی زۆر ده‌باته ده‌ره‌وه‌ی وڵات. ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌ی ئێمه‌وه هه‌بێت ، له بیرم بێت له سه‌رده‌می (شێخ محه‌مه‌د سۆڵه‌یی)دا (دیوانی قانع) له ئێران چاپكراوه. باقی كتێبه‌كانی دی، به تایبه‌ت له سه‌رده‌می مندا، هه‌موویان له سلێمانی چاپكراون.
به‌ختیار سه‌عید بۆچوونێكی تری هه‌یه له‌وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌وه ده‌ڵێت: به‌ده‌ستهێنانی دیوانی شاعیره كلاسیكییه‌كان یه‌كێكه له‌و سه‌رچاوه گرنگ و به‌رچاوانه‌ی كه پێویستییه‌كی ته‌مه‌نی بواری ئه‌ده‌بیاتی میلله‌ته‌كه‌مانه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی نیگه‌رانییه ئه‌و دیوانانه هێنده‌ی كاری بازرگانییه، هێنده كارێكی خزمه‌تكردن نییه، چونگه كه‌میان هه‌یه بیریان له‌وه كردۆته‌وه ئه‌گه‌ر دڵسۆزانه‌یه به‌هاوشێوه‌ی شاعیره كلاسیكییه‌كانی فارس ئه‌و دیوانانه چاپ بكه‌ن و سه‌نگی خۆیان له‌و نێوه‌نده‌دا قورس‌تر بێت، به‌ڵام ئه‌م گله‌ییه مانای ئه‌وه نییه كه هه‌موو ئه‌و چاپكراوانه ڕه‌ت بكرێته‌وه‌و چونكه دواجار هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش خزمه‌تی خۆیان كردووه. له‌باره‌ی چاپكردنی كتێب له ئێرانیش وتی: به‌شێكی زۆری ده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌شه زۆره‌كه‌ی چاپكراوه‌كانیان له ئێران ده‌كه‌ن به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه له‌ڕووی كوالیتی چاپه‌وه و له‌رووی تێچووه‌وه زۆر جیاوازتره له كوردستان، ده‌زگای جه‌مال عیرفان زۆربه‌ی چاپكراوه‌كانی رابردووی له شاری سلێمانی بووه، ته‌نها ئه‌و كتیبه هونه‌ریانه نه‌بێت كه براوه‌ته شاری تاران و به‌م دواییه‌ش چه‌ند كتێبێكی تری.
خاڵێكی تری گرنگ كه له‌م راپۆرته‌دا به‌پێویستمانزانی هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین نه‌بوونی هه‌ماهه‌نگییه له‌نێوان ده‌زگاو كتێبخانه‌و ناوه‌نده‌كانی كتێب، له‌كاتی چاپكردنی كتێب، بۆ نموونه چه‌ندین كتێب هه‌یه ئێستا له‌بازاڕ، به‌تایبه‌ت كتێبی وه‌رگێڕدراو، كه دوو كه‌س ته‌رجه‌مه‌ی كردووه‌و دوو ده‌زگای جیاش چاپی كردووه كه دیاره ئه‌مه‌ش بۆ نه‌بوونی هه‌ماهه‌نگی ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێوه‌به‌ری چاپ و بڵاوكردنه‌وه، وتی: به بڕوای من هه‌بوونی هه‌ر جۆره هه‌ماهه‌نگییه‌ك كه خزمه‌ت به بواری چاپه‌مه‌نی بكات، گرنگ و پێویسته. به‌ڵام ئه‌وه‌ش ئاساییه یه‌ك كتێب له لایه‌ن دوو كه‌سه‌وه وه‌ربگێڕدرێت و دوو ده‌زگای جیاوازیش چاپی بكات. چونكه له‌و كاتانه‌دا هه‌م توانای وه‌رگێڕه‌كان باشتر بۆ خه‌ڵك ده‌رده‌كه‌وێت و هه‌م خوێنه‌ریش ده‌رفه‌تی هه‌ڵبژاردنێكی زیاتری له‌به‌رده‌ست ده‌بێت. با ڕوونتر بدوێم: من بۆ خۆم ده‌یان جار كتێبی وه‌رگێڕدراوم خوێندۆته‌وه، خۆزگه‌م خواستووه كه‌سێكی دیكه هه‌مان كتێب وه‌ربگێڕێت. چونكه هه‌ستم كردووه وه‌رگێڕانه‌كه له ئاستی كتێبه‌كه‌دا نه‌بووه. یانی ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕانی دووه‌م له وه‌رگێڕانی یه‌كه‌م باشتر بێت، نه‌ك هه‌ر خراپ نییه، زۆریش باشه.
به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی ده‌زگای جه‌مال عیرفان-یش بۆچوونی خۆی له‌مباره‌یه‌وه هه‌یه‌و ده‌ڵێت: به‌دڵنیایی بوونی په‌یوه‌ندی هه‌نگاوێكی گرنگ و هۆكاره بۆ باشتركردنی كاره‌كانی داهاتوو، ده‌كرێت ئه‌وه بڵێم په‌یوه‌ندی هه‌یه له‌نێوان ده‌زگاكاندا به‌ڵام له‌وانه‌یه له‌و ئاسته پێویسته‌دا نه‌بێت، به‌ڵام دواجار له دنیادا رۆمانێك، كۆمه‌ڵه چیرۆكێك، یاخود هه‌ر بابه‌تێكی تر له‌لایه‌ن جه‌ند كه‌سێك و چه‌ند ده‌زگای جیاوازه‌وه چاپ و بلاوده‌بێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه خوێنه‌ره باشترین وه‌رگێڕان ده‌ستنیشان ده‌كات و ده‌یكاته پڕ فرۆشترین چاپكراو.
دوا ته‌وه‌ری ئه‌م راپۆرته كه میوانه‌كان قسه‌یان له‌باره‌وه كرد‌و وه‌ڵامیان دایه‌وه ئه‌وه‌بوو كه ئایا له‌كوردستان خوێنه‌ر به‌پێی ناوهڕۆك كتێب ده‌كڕێت، یان به‌دوای ناوی نووسه‌ره‌وه‌یه؟
-به‌ختیار سه‌عید له‌مباره‌وه‌یه‌وه وتی: له كوردستان و له‌جیهانیشدا هه‌ردوو شێوه‌كه هه‌یه، بۆ نموونه كاتێك ده‌وترێت كۆمه‌ڵه چیرۆكێكی مامۆستا شێرزاد حه‌سه‌ن چاپكراوه، به‌بێ روانینی ناوه‌ڕۆكه‌كه ده‌یكڕین، له‌هه‌مانكاتدا هه‌ندێ كه‌سیش تایتڵ بۆیان ده‌بێته هۆكاری كڕینی جۆری كتێبه‌كه، واتا وه‌كو پێویستی ئه‌و كتێبه ده‌كڕن. محه‌مه‌د كوردۆ-ش بۆچوونی خۆی له‌مباره‌یه‌وه وت: به گشتی، ئێمه‌ش وه‌ك زۆرینه‌ی خه‌ڵكی دنیا، یه‌ك جۆر خوێنه‌رمان نییه. خوێنه‌رمان هه‌یه ده‌زانێت چی ده‌خوێنێته‌وه و بۆچی ده‌یخوێنێته‌وه و چۆن ده‌یخوێنێته‌وه. خوێنه‌رمان هه‌یه هه‌رچی ده‌ست بكه‌وێت ده‌یخوێنێته‌وه. خوێنه‌ریشمان هه‌یه دوای ئاپۆره و قه‌ره‌باڵخی ده‌كه‌وێت. وه‌ك ئه‌زموونی خۆیشم له ناو دنیای كتێبدا، ده‌توانم به‌بێ دوودڵی، پێت بڵێم: ئێمه خوێنه‌ری له جۆری یه‌كه‌ممان كه‌م و له جۆری دووه‌م و سێیه‌ممان زۆر زۆره.
دیاره له‌سلێمانی، كه پایته‌ختی رۆشنبیرییه، له‌ئێستادا دوو ناوه‌نی كتێب چاپكردن و فرۆشتن له كێبڕكێییه‌كی باشدان له‌چاپكردنی كتێب، كه ئه‌وانیش ناوه‌ندی ئه‌ندێشه‌و ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووسه، به‌س به‌داخه‌وه بۆ ئه‌م راپۆرته به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی ئه‌ندێشه نامه‌و پرسیارمان بۆ نارد وه‌ڵامی نه‌بوو، غه‌زه‌لنووسیش وێڕای به‌ڵێنیان كه وه‌ڵامی پرسیاره‌كان ده‌ده‌نه‌وه، به‌ڵام ئه‌وانیش وه‌ڵامیان نه‌بوو، ئه‌گینا هه‌ندێك پرسیار هه‌بوو كه ئه‌وانیش ده‌یانتوانی قسه‌ی خۆیانی له‌باره‌وه بكه‌ن.
ئه‌م بابه‌ته 7080
جار خوێنراوهتهوه
PM:03:04:30/01/2016