من و زۆربا و سیحری کتێب<br>دانا ڕەئووف

من و زۆربا و سیحری کتێب
دانا ڕەئووف


من لە هونەری وێنەکێشانەوە، لە هێڵ و ڕەنگ و فڵچە و قەلەمی خەڵوزەوە بە دونیای وشەکان ئاشنا بووم. تابلۆی شاخ و داخ و باخچەکانی کوردوستان، کە لەسەر پارچە قوماشێک یان پارچە مقەبایەک دەمکێشان منییان بردە نێو کتێبخانەکانەوە. ئەو سەردەمەی ئێمە کتێب زۆر نەبوو، هێندە کتێب چاپ نەدەکران و کتێب لە هەموو ماڵێکدا نەبوون. هونەری وێنەکێشان بۆ من ئەو دونیایە بوو، کە دەمتوانی لەگەڵ خۆم خەریک بم، لەگەڵ خۆم بدوێم و هەست بە جیاوازییەک بە دونیای دەرەوەی خۆمەوە، بکەم. لەپڕ وێنەکێشان لە شیعری نزیک کردمەوە، بۆنی وشە و شیعرم لە تابلۆکانمدا دەکرد و هەستێکی بەهێز بەرەو شیعرییان بردم. من هەر لە منداڵییەوە گوێم لە شیعرەکانی پیرەمێرد بووە و ناوی پیرەمێرد هەردەم لەسەر زمانی خانەوادەکەمان بووە، نەنکیشم هەموو شیعرەکانی پیرەمێردی لەبەر بوون و زۆرجار بۆی دەخوێندینەوە. ئێمە لەباوکەوە خزمایەتییەکی نزیکمان لەگەڵ بنەماڵەی پیرەمێرد هەیە، کچەکەیشی (ڕەحمە)خانی ڕەحمەتی بەردەام سەردانی دەکردین یان ئێمە لەوێ بووین و لە هۆڵە گەورەکەیاندا یاریم دەکرد.

شیعریش بە شانۆی سپاردم و دەستمکرد بە خوێندنەوەی کتێبی گران، بەبێ ئەوەی لە هیچ بگەم، کەوتمە کتێب کۆکردنەوە بەبێ ئەوەی فریای خوێندنەوەیان بکەوم، کەوتمە ریزکردنی کتێب لە هەموو سوچ و قوژبنێکدا، بەبێ ئەوەی کتێبخانەیەکمان لە ماڵەوە هەبێت، ئەو پارە کەمەی لە ماڵیشەوە، وەک ڕۆژانە وەرم دەگرت، کۆمدەکردەوە و کتێبم پێ دەکڕی. کار گەیشتە ئەو ئاستەی، وانەکانی قوتابخانەم پشتگوێ دەخست و لەبری ئەوە کەوتمە خوێندنەوە؛ مامۆستاکانی قوتابخانە بە تەنزەوە پێیان دەگوتم، تۆ لەوانەکانی ئێمەدا هیچ نازانیت و گفتوگۆی کتێبی دەرەوەمان لەگەڵ دەکەی. برۆ سەعییەکەت بکە باشترە!

کۆڵم نەدا، لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان وەرگیرام، لە خێزانەکەمان دابڕام و لە دەرەوەی شارەکەمانەوە، بە زمانی عەرەبی دەستم بە خوێندن کرد. یەکەم کتێبیش بە زمانی عەرەبی خوێندمەوە، ڕۆمانی (زۆربا) بوو، ئەو دەمە ئەو ڕۆمانە ناسراو بوو، یەکێک بوو لەو کتێبانەی دەبوو هەموو کەسێک خۆی بە ڕۆشنبیر دەزانی زۆربای بخوێندایەتەوە، بەتایبەتیش، کە لەیەک دوو شوێندا و لەسەر زمانی زۆرباوە باسی کوردی دەکرد. 

زۆربا شتێکی لە ناخمدا دروست کرد، شتێکی گۆڕی، بە دونیایەکی ئاشناکردم، لەوەوبەر بەو شێوەیە درکم پێ نەکردبوو، بەو شێوەیە هەستم پێ نەکردبوو، بەو شێوەیەیش ڕۆمانم نەخوێندبووەوە. زۆربا ئەو کارەکتەرە بوو، کە هەموومان خەونمان پێوە دەدی، بەڵام بۆ من بە پێچەوانەوە بوو، من لەبری ئەوەی خەون بە زۆرباوە ببینم، خۆمم لە کارەکتەری (نووسەر)ەکەدا، هاوڕێکەی زۆربادا دییەوە. زۆربا کەسێکی سەربەست، کەسێکی کردە، کەسێک لە ئێستادا دەژیا و گوێی بەوە نەدەدا سبەی چی ڕوودەدات و لە هیچ سڵ ناکاتەوە. کەسێکە خاوەنی ئەزموونێکی گەورەی ژیانە و لە ژیانەوە فێربووە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئافرەت بکات، چۆن خۆشەویستی بکات، چۆن ڕووبەرووی ژیان ببێتەوە و چۆن بژی. هەر لەسەرەتای ڕۆمانەکەوە کارەکتەری (نووسەر)ەکە دەبینێت و هەموو بەسەرهاتەکانیش گەشتی ژیانی ئەو دوو کارەکتەرە، زۆربا/نووسەرەکەیە و ستراکتوری ڕۆمانەکەی پێک هێناوە. نووسەرەکە، کەسێکی تیۆرییە، لە ژیان نازانێت، نامۆیە بەخۆی و کۆمەڵ و تەنها لەنێو کتێبەکانیدا دەژی، بەبێ ئەوەی ئەو کتێبانە دەستی بگرن و ژیانی پێشان بدەن. ئەزموونی لەگەڵ ئافرەت نییە و بە تەواوی خۆی ڕادەستی زۆربا دەکات. 

من ئەو نووسەرە بێ دەسەڵاتە بووم، کە لە دەرەوەی ژیانەوە دەگوزەرام و ژیان بۆ من تەنها ئەو کتێبانە بوون، کە دەمخوێندنەوە و تێیان نەدەگەیشتم. زۆربا ئەو دەرگایەی بۆ کردمەوە لە کتێبەکان بگەم، ژیانە چەق بەستووەکەم بەجێ بهێڵم و بژیم، خۆشەویستی بکەم و چێژ لە ژیان وەربگرم. 

دوای زۆربا هەزارەها کتێبی ترم خوێندەوە، هەر زوویش، لەسەرەتاکانی ژیانی هونەریمدا، توانیم یەکەم کتێبی خۆم بڵاو بکەمەوە، کتێبکی شانۆیی، کە پاشخانێکی هزری و فەلسەفی قووڵی هەیە؛ کتێبی شانۆی توندوتیژی و تیۆرە فەلسەفییە شانۆییەکەی ئارتۆ. هەر لە ئارتۆیشەوە گەڕامەوە بۆ زۆربا و هەوڵم دەدا، ژیانە پراکتیکییەکەی ئەو لە نووسینەکانمدا بدۆزمەوە، بتوانم بەسەربەستی، بەبێ شەرم و بەبێ دوو دڵی بنووسم و کار بکەم. کە وڵاتیشم بەجێ هێشت و لە سوێد گیرسامەوە، سەرلەنوێ زۆربا لە تاراوگە و ژیانی دیاسپۆرا یارمەتی دام و بۆ یەکەمجار هەستم کرد ئازادم و لە پڕ وەک زۆربا دەژیام، چێژم لە ژیان وەردەگرت، خۆشەویستیم دەکرد و ئافرەتم دەناسی، کە من لێیان دەترسام و ئەزموونێکی شکستخواردوویشم هەبوو. نووسەرەکەی ناوەوەیشم، ئەو نووسەرە هێمن و بێدەنگەی بەرامبەر زۆربا گەورە بوو، لەگەڵ زۆربا بووە هاوڕێ و بە گەشتێکیش خۆم گەیاندە دوورگەی کرێتا. چوومە ئەو شوێنەی وێنەی فیلمی زۆربای لێ گیراوە، لە رۆخی ئەو دەریایەی زۆربا مەلەی تیاکردووە، ڕاکشام و دواتر وەک زۆربا کەوتمە سەما بۆ ژیان و بۆ کتێب و بۆ وشەکانم. بێگومان بۆ خۆشەویستیش.

ئه‌م بابه‌ته 8734 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:12:26:24/01/2016