زمانی گێڕانەوەی ڕۆمان، دەربارەی "سیزیف ئەو کوڕەی دوو دڵی هەیە"

زمانی گێڕانەوەی ڕۆمان، دەربارەی "سیزیف ئەو کوڕەی دوو دڵی هەیە"

خەڵک- حەمە مەنتك


هەموو دەقێکی ئەدەبی لە ڕێی زمانەوە، خولقاندن و هونەرەکانی خۆی پێشکەش دەکا. مەبەستیشم لە زمان هەموو لایەنەکانیەتی.پێوەندی زمان بە سەرهاتەوە، بەتایبەتی لەسەر ئاستی زمانەوانییدا، پێوەندییەکی گرینگە. لێرەدا دەبێ ڕۆماننووس زۆر شارەزای ئاستەکانی دەنگسازی، وشەسازی، ڕستەسازی و واتاسازی بێ، بۆ ئەوەی یەکەی گەورەتر لەوانە، کە گوتارە و لەناویشیدا دەق دروست بکات. ئەوەی من دەمەوێ لێرەدا قسەی لەبارەوە بکەم، چۆنییەتی ئیشکردنی ڕۆماننووسە لەناو هەموو ئەو ئاستانە بۆ خەلقکردنی دەقی ڕۆمان. بۆ ئەمەیش ڕۆمانی (سیزیف، ئەو کوڕەی دوو دڵی هەیە)ی "ئارام کاکەی فەلاح" بە نموونە دەهێنینەوە.

بەداخەوە تاکو ئێستایش نەبۆتە مۆدێل، کە دەقێکی نوێی ئەدەبی هەر نووسەرێك دێتە بازاڕ، لەلایەن ڕەخنەگرانەوە بە نووسین هەموو لایەنە تەکنیکی و هونەرییەکانی لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێ، تەنێ لە دانیشتنە دوو نەفەرییەکان، بەردەم چایخانەکان بە شێوەی ئاخاوتن، قسانی لەبارەوە دەکرێ. بەمەیش ناتوانین دیالۆگ بە شێوەیەکی مێتۆدیانە دروست بکەین. ئەگەر هەر دەقێکی نوێی وەکو ڕۆمان، چیرۆك...تاد بڵاوکرایەوە، ڕەخنەگران(خوێنەران) بە نووسین کاریان لەناو بونیاد، تەکنیك و شێوازی گێڕانەوەی دەقەکەدا کرد، ئەوا زەمینەسازی بۆ دەقی هونەری دەکەین. دەمەوێ بڵێم بە نووسینی ڕەخنەیی لەسەر بنەمایەکی مێتۆدیانە، ئەوە بە نووسەر دەڵێین کارکردن لەناو دەق لەسەر ئاستی بچووکترین یەکەی زمانیی، کە فۆنیمە تاکو گەورەترین ئاست، کە گوتارە، دەبێ ئەوپەڕی هونەریانە بێت.ڕۆمانی (سیزیف ئەو کوڕەی دوو دڵی هەیە)، ڕۆمانێکە لە هەر چوار ئاستەکەی زمانەوانییدا کێماسی هونەریی زۆری تێدایە. بە ڕادەیەك، کە خوێنەری شارەزا، خوێنەری جددی تووشی شۆك دەبێت.

ئەم ڕۆمانە چلویەك بەشە. بەشەکانی کورتن، زۆربەیان لاپەڕە و نیوێك دەبن. هەر بەشەی (لاپەڕە و نیوێك) بە یەك پەرگراف نووسراوە. ئەگەر ئەمە تەکنیك بێ! ئەوا ئەو تەکنیکە بۆ گێڕانەوە نابێ. بۆ؟ ڕۆمان، جیهانی کارەکتەرانە، شوێنی ململانێ و دیالۆگی کارەکتەرانە. ئەم یەك پەرەگرافییە دەبێتە هۆی تێکەڵبوونی دیالۆگی کارەکتەرەکان. خوێنەر نازانێ کامە پەیڤ هی کامە کارەکتەرە. بۆ نموونە ((تۆ دەڵێی چی؟ دەتوانی پەیمانێکی وا بدەیت بە من؟ بەڵێ دەتوانم، شەو و ڕۆژیش ئیش دەکەم و پارەیەکی باش پێکەوە دەنێم، هەم بۆ ئاڵتۆن و ژن هێنان و هەم بۆ سەفەر، گوێ بگرە چالاک، من ئاڵتۆن و شتی وام ناوێ. ل٣١- ٣٢)) ئەمە لە دەیان شوێنی دیکە پاتە دەبێتەوە، لاپەڕەکانی (٢٧، ٤٥، ٥٤...تاد.) لەلایەکی دیکە نووسینێکی وەها خوێنەر هەناسەسوار دەکا، ناشرینییەکیش بە نووسین دەدا. کاریگەری تەواوی لەسەر خاڵبەندیش دەبێ.

لە ئاستی دەنگسازیدا، پێم سەیرە ئەم ڕۆمانە پڕیەتی لە هەڵەی دەنگسازی. بۆ نموونە لە چەندین شوێن دوو بزوێن بە دوای یەکەوە هاتوون. زمانی کوردی ئەمە قبووڵ ناکا. لەلایەکی دیکە دەنگی وەکو (ۆ) بە (و) هاتووە، (بیتە) لە جیاتی (بێتە) نووسراوە. بە ڕادەیەکی بێ سنوور دەنگی (و) لەنێوان وشەکاندا لە جیاتی (،) بە کار هاتووە. لە ماوەی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا بڕیارمدا بیانژمێرم، بەڵام تاقەتم نەما، ماندوو بووم. سەتان لەو دەنگانە زیادەن و پێویست نین، چونکە دیسان خوێنەر هەناسەسوار دەکەن، خوێنەر لەخوێندنەوەدا پێویستی بە بێنی کورت کورت هەیە، ئەم ئەرکەیش کۆما(،) جێبەجێی دەکا. ئەوەی ڕۆمانەکە بخوێنێتەوە تەواو بەر ئەم دیاردەیە دەکەوێ.

لە ئاستی وشەسازیدا ناهونەریی گێڕانەوە و بونیادی ڕۆمانەکە پتر دەردەکەوێ. لەم ڕۆژانەدا پەرەگرافێکم لە واڵی فەیسبووکی "ئارام سەدیق" لەبارەی بەرهەمەکانی "ئارام کاکەی فەلاح" خوێندنەوە. "ئارام سەدیق" دەنووسێ: (( ئارام كاكه‌ فه‌لاح له‌و چیرۆكنووسانه‌یه‌ كه‌ رێزی‌ وشه‌ ده‌گرێت، له‌چیرۆكه‌كانیدا زۆر به‌كه‌می‌ وشه‌‌و رسته‌ی‌ زیاده‌ ده‌دۆزینه‌وه‌، ئه‌م رێزگرتنه‌ له‌ وشه‌ رێزگرتنه‌ له‌ خوێنه‌ر‌و هاوكات راوكردنی‌ خوێنه‌ریشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌م دنیا جه‌نجاڵه‌دا تێكستگه‌لێكی‌ له‌م جۆره‌ بخوێننه‌وه‌ هه‌ست به‌ بێزاری‌ نه‌كه‌ن، یان زووتر له‌ تێكسته‌ درێژه‌كان چانسی‌ خوێندنه‌وه‌یان هه‌بێت.)) من وەکو خۆی پەرەگرافەکەم لە فەیسبووك گواستۆتەوە! من لەگەڵ ئەو بۆچوونەیدا نیم، دەقەکانی ئەم ڕۆماننووسە، هێندەی وشە و ڕستەی زیادەی تێدایە، خوێنەر تووشی جۆرێک لە بێزاری دەکەن. بەتایبەتی لەم ڕۆمانەدا کەم ڕستە هەیە، وشەی زیادەی تێدا نەبێ. لێرەدا هێندێک نموونە دەهێنینەوە. ((ئەو ڕۆیشت، براکەم بە دڵشکاوی ڕۆیشت و ئێمە بەتەنیا ماینەوە. من، چالاک، بەختەوەرترین مرۆڤ لەو ئێوارەیەدا، هەستم کرد گرنگترین گرەوی ژیانم بردۆتەوە، هەستم کرد جوانترین سیما، نازدارترین دەم و چاوێک ئەم ژیانە بەخۆیەوە بینیبێت، وێنەکەی لەگیرفانی مندایە. ل١٥)) بە هەمان شێواز و ڕێنووس لەناو ڕۆمانەکەدا چۆنە، وەها دەیهێنمەوە. بۆ ئەوەی خوێنەر هەموو کەلێنەکان ببینێ. لەم نموونەی سەرەوەدا، ڕستەی (ئەو ڕۆیشت) زیادەیە، بەبێ ئەم ڕستەیەیش واتای ڕستەکە تەواوە. پێشتر وەگێڕ لەم بەشەدا باسی براکەی خۆی دەکا. هاوکات جێناوی (من)یش زیادەیە، ئەگەر بەهانە ئەوە بێ، بڵێین بۆ پێداگرییە لەسەر ناوەکە، ئەوا دەکرا تەنێ ناوەکە هاتبا. دەپرسم ئایا هەردوو گرێی (جوانترین سیما) و (نازدارترین دەموچاوێک) یەك واتایان نییە؟ بێگومان هەیانە، ئەمە نیشانەیە بۆ ئەوەی کەم ڕۆمانی کوردی هەیە، پەنا وەبەر وەسفی درێژ نەبات. ئاخر ڕۆماننووس دەبێ هەوڵبدا، زمان بەشێوەیەك چڕ بکاتەوە، بە کەمترین وشە، واتای گەورە و فراوان بە دەستەوە بدات. ئاخر ئەو هەموو خەسارکردنی وشەیە بۆچی؟ ئەم بە خەساردانە کاریگەری لەسەر جواننووسین و ڕستەسازی زمان دەبێ. بێگومان ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر واتای ڕستە و کۆی نووسینەکەیش دەبێ. هەر لەم لاپەڕەیەی ڕۆمانەکەدا دیسان بەر وشەی زیادە دەکەوین. ((هەست دەکەم هەمیشە لەناو بەختەوەریدا جێگایەکی بچووک دەمێنێتەوە، جێگایەکی بچووک بۆ ئازار.)) لێرەیشدا گرێی (جێگایەکی بچووك) یەکیان زیادە. دەکرا وەسفەکە هێندە چڕکرابایەوە، ئەو وشەیە بۆ خوێنەر ڕۆنەکرابایە. ((تا سێ، چوار ساڵ پێش ئێستا، هاوینێک لە هاوینەکان، لە کاتی ئیشی کرێکاری دا بە هاوینان، قرچە قرچی نیوەڕۆیەك، ئەو کاتەی هاوڕیکانی....ل٢٢)) ئاشکرایە چەند وشەی تێدا بە خەساردراوە. وشەی (هاوین) پێویستی بە هێندە پاتەکردنەوە نەدەکرد.

چەندین وشە هەیە، یان بە هەڵە بە کار هاتووە، یان واتا نادەن، مەگەر تەنێ لای ڕۆماننووس، چونکە کورد وەها قسە ناکا. وشەی (پڵان- ل٣٠، ل١١٦) لە جیاتی (پلان) نووسراوە. لە جێیەکی دیکەدا هاتووە: ((پەیام بێت، دڵی من تەنها و تەنها هی تۆیە و بۆ تۆیە تا ئەبەد.ل٣٣)) وشەی (پەیام) دەبێ لە بنجدا (پەیمان) بێ.لە شوێنێکی دیکە ڕستەی ((دەیانووت کە دڵی ئاسایی مرۆڤ قەبارەکەی بەقەت مشتێتی..ل١٧)) سرنج لە وشەی (بەقەت) بدەن، کورد بۆ قەبارە هەمیشە (بە قەد) بە کار دەهێنێ. بۆ نموونە : دڵی بە قەد چیای سەفین گەورەیە. وشەی (قەت) بەرانبەر وشەی (هەرگیز) دێ. بۆ نموونە: قەت نایەم بۆ لات. ئەم کێماسییە لە ڕۆمانەکەدا نیشانەی ئەوەیە، نە ڕۆماننووس و نە (یانەی قەڵەم)، کە چاپی کردووە، پێداچوونەوەیان بە دەستنووسی ڕۆمانەکە نەکردووە. چۆن تایپکراوە، وەهاش ڕاستەوخۆ چاپکراوە. بە بەڵگەی ئەوەی سەتان هەڵەی تایپ هەیە. وشەی (باوەشێکی سووك- ل٣٣) هاتووە، کورد وەها ناڵێ، هەمیشە (باوەشی نەرم)ی گوتووە، لە بەرانبەریشدا (باوەشی توند) هەیە. لە لاپەڕە (٣٥)دا بەر وشەی (دوکانە وەرزشییەکان) دەکەوین. من لەم وشەیە ناگەم، دوکانی وەرزشی یانی چی؟ واتە وەرزش دەفرۆشێ!بۆ ئەوەی نموونەکان پاتە نەبنەوە، هێندە بۆ قەناعەتکردن بەسە.

لە ئاستی ڕستەسازیدا، ئەم ڕۆمانە وێرانتر لە وێرانەیە. خاڵی سەرەکیی کێماسییەکە لەم ئاستەدا نەبوونی خاڵبەندییە. لەم ڕۆمانەدا تەنێ، کۆما، پنت، نیشانەی پرسیار و لە چەند شوێنێک نیشانەی(:) هەیە. بەڵام خاڵبەندی هەر هێندەیە؟ لەم ڕۆمانەدا نیشانەی سەرسوڕمانم نەدی. ئایا منی خوێنەر چۆن بزانم لە کاتی خوێندنەوەدا ئەم ڕستەیە سەرسوڕمانە، یان ڕستەیەکی ئاسایی و پرسیارییە؟ کێماسی لە هەردوو ئاستەکەی پێشتر، پنتێکی دیکەیە بۆ ئەوەی ئەم ئاستە ئاریشەی زۆری تێبکەوێ. ئاستی چوارەم (ئاستی واتا) هەر لەگەڵ ئەم ئاستەدا بەرباس دەدەم. لە نموونەکاندا دەردەکەوێ، لە ئەنجامی ناتەواوی ڕستەکاندا، ڕستەکەیش واتا نادات. بۆ نموونە ڕستەی ((بەڵام دڵێکە هەموو ئیشێکی دڵێکی ئاسایی دەکات. ل٤٦)) من نازانم (ئیشێکی دڵێکی!) واتای چییە؟ هەر لە لاپەڕەی پاشتر ئەم ڕستەیە دەخوێنینەوە: ((... بە دڵێکی زامدارەوە دڵداری دەکەن و منداڵێکی نەخۆش دەخەنەوە.)) هەر گوێمان لە (منداڵی نەخۆش) بووە، ئامرازی نەناسراوی لەم حاڵتەدا نایەت. ڕۆماننووسی کورد، دەبێ کوردیانە بنووسێ، دەمەوێ بڵێم مرۆڤی کورد چۆن قسان دەکا، دەبێ وەها بنووسێ. کارەکتەری منداڵ دەبێ وەکو منداڵ قسان بکا. دکتۆرێک دەبێ زاراوە و چەمکە پزیشکییەکان لەناو پەیڤەکانیدا هەبن. لە شوێنێك باسی کارەکتەری ڕۆمانی (ڤیسکۆنتی دوو لەتبوو)ی "ئیتالۆ کالڤینۆ" دەکا. ((پاڵەوانی رۆمانەکەی ئیتالۆ کاڵڤینۆ، چۆن بە گوللەیەک بوو بە دووبەشەوە و هەردوو بەشەکەشی ژیانی خۆی ژیا، منیش ئاوا ببوومایە بە دوو بەشەوە و یەکی بەشێکم لەگەڵ برایەکدا بوایە. ل٤٨)) سرنج بدەن، تەنانەت وشەی (دووبەش) بە دوو شێوە نووسیوە، جارێک ژمارە(دوو) لەگەڵ وشەی (بەش) بەسەریەکەوە و جارێک بە جودا. لەلایەکی دیکە ڕستەی (هەردوو بەشەکەشی ژیانی خۆی ژیا.) ناتەواوە، مادام بە کۆ هاتووە، دەبوایە بنووسرێ (هەردوو بەشەکەیشی ژیانی خۆیان ژیان.) پاشان سەیری کۆتایی ڕستەکە بکەن: (یەکی بەشێکم لەگەڵ برایەکدا بوایە.) دیسان پاتەی دەکەمەوە، کورد هەرگیز وەها ناپەیڤێ. ئەم ڕستەیە هیچ واتایەك نادات. کەسێکی تورکومان لە هەولێر، چۆن کوردی قسان دەکا، وەهایە. چۆن کەسێکی غەیرە کورد، تازە فێری زمانی کوردی بێ، کوردییەکەی ڕەنگە وەهابێ! لە هەمان لاپەڕەدا ڕستەی ((بە جۆرێک تەواو هەناسەکانمان بەریەک دەکەوت و بۆنێکی خۆشی هەردووکمان تێکەڵاو دەبوو.)) پێم سەیرە کارەکتەرێکی کوردیزمان لە ڕۆماندا وەها بپەیڤێ. ئاخر : بۆنێکی خۆشی هەردووکمان، واتای چییە؟ ئەگەر وشەکان لێك بکەمەوە دەزانم مەبەستی : بۆنی خۆشی هەردووکمانە. نامەوێ بە سەتان نموونەی دیکە، درێژدادڕی لە قسانمدا هەبێ. چەند نموونەیەک دەنووسم با خوێنەر لەو شوێنەی تۆخ و لارکراوە، خۆی بڕیار لە دروستی و تەواویی ڕستە و واتاکەی بدات، هاوکات سرنجی ڕێنووسەکەیشی بدەن.

-بەڵام هەستم کرد دڵی ئەم کوڕە ماندووەو پێویستی تەواوی بەو دڵە دەستکردە کاتییە هەیە تا بتوانین دواتر دڵیکی ترو ساغ لە سینگیدا بچێنین. ل٥٤

-هەستم دەکرد بەشێکی گەورەم لە خۆم، لەگەڵمدا نەهێناوە. ل٧٣

-لە ماوەی چوار، پێنج مانگدا، من و ماردین، زمانێکی باش فیر بووین و ڕۆژی هەشت سەعات دەمانخوێند. ل٧٥(دەبی مەبەستی باشیی زمانەکە بێ، یان بە ڕێژەیەکی زۆر زمانەکە فێربوونە!)

-دوای هەفتەیەك هەر لە خۆمەوە هات بەسەرمدا و کۆرسێکی فێربوونی مەلەم بۆ هەردووکمان کری... ل٧٦ (ئایا کۆرسەکانی فێربوونی زمان، مەلە، مۆسیقا...تاد دەکڕدرێ، یان بەشداری تێدا دەکرێ؟)

-ئەوانەی لەسەر و تەمەنی پەنجاوەن زیاتر ڕیسکی تووشبوونیان هەیە. ل٨٣

شێوەئاخاوتنی هەموو کارەکتەرەکان وەکو یەکە. (د.باوەنوور/پزیشك، ماردین/کچ، چالاك، مالاك...تاد.) هەر یەکەیان لە پێگە و پلەی کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیریی و فیکری جودان، بەڵام هەموویان وەکو بیرمەند دەپەیڤن. هەموویان یەك شێواز لە قسەکردنیان هەیە. ئەگەر لەو بەشەی (د.باوەنوور) دەپەیڤێ، بۆ نموونە (چالاك) دابنێی، هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ، هەرچەندە پیشەی یەکەمیان پزیشکە. ئەمەیش کاریگەری لەسەر چێژی خوێنەر دەبێ. ئایا دەکرێ لە خێزانێکدا هەموو ئەندامەکانی وەکو یەک قسە بکەن؟بوونی شێوەئاخاوتن بۆ دیالۆگ، ڕەنگاوڕەنگی بە ڕۆمان دەدا. کەسێکی تاوانکار، هەمیشە لە شێوەی قسەکردنیدا فەزایەکی تاوانکاریانەی هەیە. هەمیشە ئەو وشە و ڕستانەی لەسەر زارە، کە فەزا و بۆنی تاوانکاریان لێ دێ. کەسێکی بازرگان، قسە و پەیڤی پێوەندی بە بازرگانی و پارەوە هەیە. بوونی شێوەزار بۆ ئاخاوتن ناسنامەی کارەکتەرە، شێوازی قسەکردنی ئەو کارکتەرە نیشان دەدا. ئەو وشە و دەستەواژانەی بۆ پەیڤی کارەکتەرەکان هەڵیدەبژێرێ، دەبی لە ئاست پێگە و بیرکردنەوەی کارەکتەرەکاندا بێ. دوا پەیڤم بۆ هەموو ڕۆماننووسان و چیرۆکنووسان تکایە ڕێزی خوێنەر بگرن! تکایە.


ئه‌م بابه‌ته 7671 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:01:25:20/01/2016