شارلی ‌هێبدۆ<br>لە پاریس چی ڕوویدا؟

شارلی ‌هێبدۆ
لە پاریس چی ڕوویدا؟

خەڵک

شارلی هیبدۆ، لە پاریس چی ڕوویدا، ناونیشانی نوێترین کتێبی نووسەر و ڕووناکبیر بەرزان فەرەج و ڕۆژنامەنووس بڕوا بەرزنجییە. دەزگای میللەت چاپی کردووە و ناوەندی غەزەلنووس بڵاوی کردۆتەوە. بۆ زیاتر ئاشنابوون بە کتێبەکە، پێشەکییەکەی دادەنێینەوە.

شارلی ‌هێبدۆ بۆ؟

لەوانەیە ئەمە یەکەم پرسیاری هەموو خوێنەرێک بێت، کە پێش خوێندنەوەی ئەم کتێبە لە ئێمەی بکات و هەر لە بینینی ناونیشانی کتێبەکەوە بپرسێت و بڵێت، ئەمانە بۆچی ئەم ناونیشانەیان هەڵبژاردووە؟ ئایا ئەنجامی بیرکردنەوەیەکی ورد و عەقڵانییە خۆت بخەیتە بەرەیەکەوە، تیایدا دەستی مەرگ بۆ خۆت ڕاکێشیت و فەتوای شەرعیی ئەو هێزە توڕەیە بەسەر خۆتدا بسەپێنیت، کە لە ڕۆژی ٧ی جەنیوەریی ٢٠١٥دا، خوێنی چەند ڕۆژنامەنووسێکی کاریکاتۆریستیان لە ناوجەرگەی پاریسی شاری ئازادییەکاندا ڕشت، بەڵام دواتر مێژوویەکیان خوڵقاند، کە نەک بە مەرگی جەستەیی تیرۆریستان، بەڵکو بە مەرگی ڕۆحی و مۆراڵی و مرۆڤانەی ئەوان لە جیهاندا کۆتایی هات؟ ئایا ئێمە بە هەڵبژاردنی ئەم ناونیشانە خۆمان خستۆتە بەر نیشانەی ئەو هێزە توڕە و مەرگدۆست و نالێبوردەیە، کە پێشتریش بە درێژایی سەدەکان و تا ئەم ساتەوەختە، جەستەی چەندین کەسی لە خۆیان‌ نەچوویان لە خوێن هەڵکێشا و دەنگی چەندین نووسەر و بیرمەند و ڕۆژنامەنووس و مافناس و پارێزەر و چالاکوانی سیاسی و مەدەنییان خنکاندووە؟ ئایا ئەمەی ئێمە کردوومانە ورووژاندن و جۆشدانی ئاگری کینەی ئەو هێزەیە، کە توانای گوێگرتنی لەوانی دی نییە، یان بەشێکە لە وەڵامی جیهان بۆ بەرەیەک، کە بە ویستی خۆی، خۆی خستۆتە دەرەوەی مرۆڤایەتییەوە و ناتوانێت لەگەڵ جیهانی ئەمڕۆ و خواستی مرۆڤەکانیدا بۆ ژیان هەڵبکات؟

ئەنجامی کارەکانی ئەو هێزە مەرگدۆستە، بە کوشتنی جەستەیی و بێدەنگکردنی چەند کەسێک، بەرەی مرۆڤایەتی بۆ خواستی ژیان و دەنگی هەق فراوانتر ئەکات. هەقێک کە لە (انا الحق)ی حەللاج و (لەگەڵ ئەوەشدا زەوی هەر لە خولانەوەدایە)ی گالیلۆ، پاش داوای لێبوردنی، ئەبێتە پەیامی مرۆڤایەتی و ڕۆژێک دێت هەموو مرۆڤایەتی لەبەردەم ئەو هێزەدا بە یەک دەنگ بڵێن انا الحق، ئێمە راستین. لێرەشەوە من شارلیم، بەشێکە لەو هەقە و لەو بانگە مرۆڤایەتییەی جیهان، کە لە خۆوە و بە خۆڕسکی لە شەقامەکانی پاریسدا، لە دوای کپبوونی دوا نوزەی شارب و تینیۆس و هۆنۆڕێ و ئه‌حمه‌د مورابت و ئەوانی دی، بەرز بووەوه‌ و لە جیهاندا دەنگی دایەوە، وەک پەیامێک بۆ ئەو هێزەی مەرگ ئەخوڵقێنێت. من شارلیم، تەنها کۆدەنگی و گوتاری دەستەجەمعیی سەراپای مرۆڤایه‌تییە بۆ پێکەوەژیان و لێبوردەیی، پەیامێک کە لە دوای بانگەشەی گەردونیی مافی مرۆڤەوە، کە شۆڕشی فەڕەنسی وەکو بەهایەک بە مرۆڤایەتیی بەخشی، ئیتر چیدی کەس لەسەر دەنگ و ڕای جیاواز و ئازادی قسەکردن نەکوژرێت. من شارلیم، تەنها بەرگریکردنە لە ئازادییەکانی هەموو کەسێک بە جیاوازییەکانیانەوە، بەرگریکردن لە بیروباوەڕ و ئایین و مەزهەبی هەموو کەسێک. تەنها بەرگریکردنە لە ئازادی، بێ ئەوەی بە زەرورەت لەگەڵیدا بین و یان هاوبیری بین، بەڵکو ئەوەی کۆمان ئەکاتەوە یەکگوتاری و یەکدەنگییە لەسەر پیرۆزیی ئازادییەکانی هەموومان لە جیهانێکدا، کە ئەتوانین هەموومان پێکەوە بە ڕەنگو ڕەگەز و ڕای جیاوازمانەوە تیایدا بژین.

بۆیە خوێنەر کاتێک زیاتر ناوەرۆکی ئەم کتێبە ئەخوێنێتەوە بۆی ئاشکرا ئەبێت، ئێمە نە ئیستفزازی کەس ئەکەین، نە هەستی ئایینی و بیروباوەڕی کەس بریندار ئەکەین. ئێمە بەرگری لە هەموو ئازادییەکانی ناو کۆمەڵگە ئەکەین و هیچی تر. بۆیە من شارلیم، ناونیشانێکی سروشتی ئەم کتێبە و هەروەها ئەو مێژووەیە کە لەو ڕۆژەدا دنیای هەژاند، کە یانزەی جەنیوەریی کردە ڕۆژێک و مێژوویەکی دی و یانزەی سێپتەمبەرێکی دی هەرگیز لەبیرنەچوو لە دنیادا. بۆیە هەرچەند بگەڕاینایە و بیرمان بکردایەتەوە لەم ناونیشانە دروست ترمان بۆ ئەم کتێبە نەئەدۆزییەوە. چونکە کەس خاوەنی ئەم ناونیشانە نییە و لە هەمان کاتیشدا هەموو جیهان خاوەنیەتی. ئەم ناونیشانە لەخۆیەوە، لە بیەکەم ساتی خوێناویکردنی پاریس و کوشتنی قەڵەمەوە لە دایک بوو. ئەو ساتەی ئازادی کرایە نیشانەی فیشەکی کڵاشنیکۆف، لە پڕ (یۆشیم)ی ڕۆژنامەنووس و بەرێوەبەری گۆڤاری (ستیلیست) کە پەیوەندی بە سیاسەتەوە نییە، لە کاتژمێر یانزە و پەنجاودوو دەقیقەی تەواودا، دوای نیو کاتژمێر لە کوشتارەکە، لەسەر تۆڕی تیوتەر ئەو سێ ووشەیەی لەسەر کاغەزێکی رەش بڵاو کردەوە و یەکسەر بە دنیادا بڵاو بۆوە و بووە موڵکی هەموو جیهان. ئەو ڕاستی کرد، کە دوای رووداوەکە هیچی نەبوو بیڵێت، تەنها ئەوە نەبێت، جیهانیش ڕاستیان کرد، کە لە دوای ئەو ڕۆژنامەنووسەوە، تەنها بە سێ ووشە وەڵامی تیرۆریستانیان دایەوە، سێ ووشە، سێ ووشەی سپی، بەڵام بووە گەورەترین بەرەی یەکگرتووی جەنگ دژی تیرۆری ڕەش. ئیتر من شارلیم بووە دروشمی سەرهەموو لافیتەکان، لە هەموو خۆپیشاندانەکاندا بەرز کرایەوە. من شارلیم بووە ئاڵایەکی نێونەتەوەیی هەموو مرۆڤایەتی کە تەنانەت هێزە نەریتگەرا و ئایینییەکانیش لەژێر ئەو ئاڵا ڕەش و غەمبارە، بەڵام پڕئومێدەدا، دژی دزێوترین کاری تیرۆریستی خۆپیشاندانیان کرد. ئەو دروشمەی هەموو چینەکانی گەل یەکدەنگ بوون لەسەری، هەژار و دەوڵەمەند، چەپ و ڕاست، ئیماندار و بێ ئیمان، ژن و پیاو، گەورە و بچوک، تەنانەت منداڵیش. چونکە هەموو جیهان بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە، بە هەموو ناعەدالەتی و نایەکسانییەکانیشییەوە لە بواری ئابوری و زیندەگی و خۆشگوزەرانیدا، بەڵام هەموو لە شتێکدا کۆکن و هاوڕان، کە ئەویش پێداویستیی هەمووانە بە ئازادی، کەس بە بێ ئازادی ناژی. بۆیە جیهان وتیان من شارلیم. ئەم کتێبەش لەگەڵ جیهاندا ئەڵێت من شارلیم، ووتەیەک کە تەنها بەرگریکردنێکی سادەیە لە ئازادی و هیچی دی، بۆیە ئەوەش بوو بە ناونیشانی ئەم کتێبە.

لە کۆی ئەو هەموو هەڕەشە و فەتوایانەی لە ئازادی رادەربڕین و دەنگە ئازادەکان کران، ڕووداوی پاریس نیشانی دا کە دواجار کێ لەو جەنگەدا سەرکەوتوو ئەبێت، کێ ئەیباتەوە، دەنگی ژیان و ئازادی و دۆستی، یان دەنگی تاریکی و مەرگدۆستی. ئایا هەڕەشەکان توانیویانە دەنگە ئازدیخوازەکان بۆ ئەبەد بخنکێنن، یان هاواری زیاتر کردوون؟ فەتوای کوشتنی سەلمان ڕوشدی، نەجیب مەحفوز، مروە، عه‌بدولخالق مەعروف، تەسلیمە نەسرین و ئەو فیشەکانەی بە جەستەی ناسک و منداڵکارانەی (مەلالا)وە نران، بەرەو جەهەننەمە تاریکەکانی مەرگدۆستانی بردن، یان جیهان باوەشی بۆ کردنەوە و خەڵاتی کردن؟ وە یان سەدان و هەزاران و ملیۆنان روشدی و تەسلیمە نەسرین و عبدالواحید و مروە و مەحفوز مەلالای تر هاتنە دەنگ؟ ئایا تیرۆر چ قازانجێکی کرد بە کوشتنی شارلی هێبدۆ؟ شارلی هێبدۆ کاتی خۆی بە هەزار حاڵ ئەیتوانی کەمتر لە سی هەزار ژمارەی هەفتەنامەکەی بفرۆشرێت، وە لە بەرقەرز و بێ پارەیی، شارب و هاوڕێکانی بیریان لەوە کردبۆوە جارێکی دی هەفتەنامەکە داخەنەوە. تیرۆریستان بۆ بۆ وێنەیەک، کە کاتی خۆی تەنها سی هەزاری لێ بڵاو بۆوە ئەوانیان کوشت. بەڵام یەکەم ژمارەی شارلی دوای کوشتارەکە هەشت ملیۆن ژمارەی لێ بڵاو کرایەوە و دووسەد هەزار کەس هەردوای رووداوەکە بوونە بەشداریی هەمیشەیی و ئابونەی شارلی. ئەوان چوونە مێژووەوە. کێ جەنگەکەی بردەوە؟ ئەوانەی کوژران و لەناوماندا نەمان یان تیرۆریستان؟ بۆیە تاوان نییە کە بڵێین: من شارلیم.

ئەم کتێبە لە دوو دەروازە پێک هاتووە. دەروازەی یەکەم هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەی ئەو پێشخان و زەمینە مێژووییەی لە فەڕەنسادا، کوشتاری حەوتی جەنیوەری ٢٠١٥ی شارلی هێبدۆی لە پاریسدا خوڵقاند، کە لەلایەن بەرزان فەرەجەوە نووسراوە. دەروازەی دووەم بریتییە لە چەند چاوپێکەوتن و دیدارێک کە بڕوا بەرزنجی دوای رووداوەکە لەگەڵ هەندێک نووسەر و ڕۆشنبیری کورد سازی داوە، بۆ تێگەیشتن لەو کارەساتە و لە ئیشکالیەتێک کە بەناوی تیرۆریزمی جیهادی یان ئیسلامی ڕووبەڕووی ئەوروپا بۆتەوە.

 


ئه‌م بابه‌ته 25454 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:12:05:17/01/2016