داخستنی عەقڵی مسوڵمان<br>ڕۆبێرت. ڕ. ڕایلی

داخستنی عەقڵی مسوڵمان
ڕۆبێرت. ڕ. ڕایلی

خەڵک
داخستنی عەقڵی مسوڵمان، چۆن خۆكوشتنێكی عەقڵی قەیرانی ئیسلامگەرایی مۆدێرنی درووست كرد؟ نووسینی: ڕۆبێرت. ڕ. ڕایلی و وەرگێڕانی فاروق ڕەفیق، لە پڕۆژەی هاوبەشی ماڵی سوهرەوەردی و ناوەندی غەزەلنووس چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

بۆ زیاتر ناساندی خوێنەر بەو کتێبە، لێرەدا پێشەکییەکە وەک خۆی دادەنێینەوە.

لەبری پێشەکی
وەرگێڕانی ئەم کتێبە بۆ؟

هەروەک چۆن نووسینی هەر کتێبێک داستانێکی تایبەت بە خۆی هەیە، له‌ پشت وەرگێڕانی هه‌ر دەقێکی فیکرییشه‌وه‌ داستانێک و ڕەنگە زیاد لە غەم و نیگەرانییەک بوونی هەبێت. کاتێک لە ساڵی ٢٠١٣دا کتێبی "داخستنی عەقڵی مسوڵمان”م خوێندەوە، لە نووسینی توێژەری ئەمریکی ڕۆبێرت ڕ. ڕایلی، لە ڕاستیدا هەندێک لەو غەم و نیگەرانییە فیکرییە قووڵانەمی وە یاد هێنایەوە، کە ساڵەهای ساڵ بوو گینگڵم پێوە دەخواردن. لێرە با زۆر بە خێرایی ئاماژە بە سێ کێشە یا سێ نیگەرانیی گەورە بکەم، کە خۆیان لە خۆیاندا سێ هۆی سەرەکییشین لە پشت بڕیاری وەرگێڕانی ئەم تێکستەوە.

لە نێو خێزانێکی ئیمانداری مسوڵماندا چاوم بە دنیا هەڵهێناوە و گەورە بووم. هەر لە سەرەتای منداڵییەوە، وەک هەر منداڵێکی مسوڵمان له‌ خێزانە ئیماندارەکانی وڵاتەکەمدا، لەسەر دنیابینییەکەی ئایینی و وێناکردن و دیتنێکی تایبەتی سیۆلۆژییانە بۆ "اللە” نەک "خودا” گۆش کراوم، لەسەر "ملکەچبوون” و تۆقاندن و ترسێکی بێ”هۆی” لێوانلێو لە مەترسی لە اللە پەروەردە کراوم، کە لە سەروو خەیاڵی نەک منداڵێکی شەش یا حەوت ساڵانەوەیە، بەڵکو لەودیو خەیاڵی کەسانی گەورەشەوەیە. ترساندن و تۆقاندن لە دۆزەخ و بە هۆی دۆزەخەوە، بە هۆی ئاگر و ئەشکەنجە سەیروسەمەرەکانی دۆزەخ و سووتانێکی ئەبەدی کە سزای اللەیە، کە ئەمە خۆی لاقەکردن و لەناوبردنی پاکیی منداڵانە و ترۆرکردنی دنیای منداڵیی ملیۆنەها منداڵی مسوڵمانە. ترسێکی بێمانا لە خودا، دیتنێکی اللە کە خاڵی خاڵییە لە خۆشەویستی و میهرەبانی، بە جۆرێک، هەر لە سەرەتاوە پەیامەکە ئەوەیە کە تۆ نە دەتوانی لە اللە بگەیت و نە خۆشت بوێ، زاتی ئەویش تۆی خۆش ناوێت و مەبەست و ڕازی بوونی تۆ هیچ نییە جگە لە پەرستنی ئەو زاتە کە ناتوانیت بە عەقڵ لێی تێبگەیت و ناشتوانیت بپرسیت "پەرستن بۆ؟”

دواجار قوتابخانەش درێژکراوەی ئەو بەناو پەروەردەکردنە بوو، ڕاهێنان و پەروەردەکردن لەسەر دەستبەرداربوونی ئیرادە و گەشەنەکردنی خودێتی و کەسی خۆ، ڕامکردن لەسەر توڕهەڵدانی عەقڵ و بیرکردنەوە، بەتایبەتی ڕاهێنان لەسەر بیرنەکردنەوە و بەتایبەتیتریش بیرکردنەوەی سەربەخۆ و ڕەخنەیی. بە واتایەکی دیکە، قوتابخانە هیچ نەبوو جگە لە شوێنێک بۆ درێژکردنەوەی ئەو تەڵقینە ترسناکەی ناو خێزان و ڕاهێنان لەسەر کۆمەڵێک دۆگما کە هەر هەموو دژی تاکایەتی و بیرکردنەوە و پراکتیکی ئیرادەن، کە هەرسێکیان لە کۆڵەکە گەورەکانی مرۆڤبوونن. به‌بێ ئەمانە، شتێک نییە بە ناوی مرۆڤەوە، دواجار کە فەلسەفەم خوێند، بۆم دەرکەوت سیۆلۆژیایه‌ك باڵی بەسەر ئیسلامدا کێشاوە، كه‌ نەک هه‌ر دژی عەقڵە، به‌ڵکو دژی مرۆڤبوون و دژی خودی ژیانیشە. تا تەمەنی ١٢ ساڵی ناچار دەکرام بە ئەنجامدانی سرووتگەلێکی ئایینی کە هیچیان لێ تێنەدەگەیشتم، هەروه‌ها وەک گەورەکانی نەتەوەکەشم تا ئێستا لێیان تێناگەن، هیچ مانایەکی ڕوون و ئاشکرای "ڕۆحی”یان نەبوو، هیچ نەبوون جگە لە ڕاهێنانی منداڵی منداڵ یا مێردمنداڵ لەسەر کۆمەڵێک خووی بێناوەڕۆک به‌بێ ئەوەی ڕۆڵێکیان لەسەر گەشەکردنی مرۆیی هەبێت، چ عەقڵی و چ ڕۆحی، ئێمە و بێ ئەوەی من یا ئێمە هیچ ڕۆڵێکم هەبێت لە شکڵبەخشین پێیان، ڕاهێنانم لەسەر وێناکردن و ناودیتنێکی ئیشکالیەتئامێزی اللە. ئیدی لە دوای تەمەنی ١٢ ساڵیمەوە ئەم حاڵەتە، ئەم مامەڵەکردنە، ئەم دنیابینییە ئایینییە بووە کێشەیەکی ڕۆحی و بە بەردەوامی گینگڵم پێوە دەخوارد. با داستانەکە کورت بکەمەوە.

ساڵی ١٩٨٠ لە بەشی فەلسەفەی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغداد دەستم کرد بە خوێندنی فەلسەفە، عیلمی کەلام و فەلسەفەی ئیسلامی و عیرفانم لەسەر دەستی چەند مامۆستایەکی بەڕێز خوێند، لەوانە مامۆستام شادڕەوان د. حوسام ئالوسی و شادڕەوان د. عیرفان عەبدولحەمید و د. ئەمیر ئەعسەم، ئینجا بە د. کامیل شیبی و د. جەعفەر ئال یاسین و مەدەنی ساڵح و بیرمەندە میسرییەکان ئاشنا بووم. ڕاستە ئەمانە ئاسۆی بیرکردنەوەی منی قوتابیی فەلسەفەیان بەرفراوانتر کرد، زیاتر بە کێشەکانی ناو عیلمی کەلام و فەلسەفەی ئیسلامی و ئەهلی تەسەوف و ئەهلی تەشەیوع ئاشنایان کردم، بەڵام لە هەمان کاتدا نیگەرانییەکانم دەربارەی کێشە سیۆلۆژییەکان و ئەو کایانە و بەتایبەت وێناکردنی مرۆڤی مسوڵمان، ڕاسترە بڵێم ئەو وێناکردنه‌ی پیاوانی ئایینی کە بۆ مرۆڤی مسوڵمان دایان تاشیوە، بۆ اللە زیاتر و زیاتر بوو، بگرە نامۆبوون و برینە ڕۆحییەکەم نه‌ک ساڕێژ نەبوو، بەڵکو قووڵتر و قووڵتر بووەوە. لە نێو ئەو بەڕێزانەی کە ناوم هێنان، من زۆرتر لە شادڕەوان د. حوسام ئالوسییەوە نزیکتر بووم و پەیوەندییەکی مامۆستا و قوتابی، ڕاسترە بڵێم مامۆستا و شاگرد و بگرە هاوڕێیانە، دوو هاوڕێی عاشقی حەقیقەت لە نێوانماندا هەبوو. ئەو زاتە هیوای زۆری پێم هەبوو، ئەویش بە هۆی بزێویی عەقڵیم و عەجولیم لە پرسیارکردن و هەوڵدان بۆ تاقیکردنەوەی عەقڵییانەی هەموو ئەو شتانە، ئەو ئایدیایانە و بەو چەمکە ئیسلامییانەی کە دەمانخوێندن و شیمان دەکردنەوە، لە نێوانیاندا بیروبۆچوون یا غەمە گەورەکەی من، ئەویش وێناکردنی اللە و دیتنی وەک سەروەری هەموو گەردوون و لەوانەش سەروەری ئیرادەی مرۆڤ، بگرە سەروەرێک کە ئیرادەی مرۆڤی سه‌لب کردووە و مرۆڤی تەنیا بۆ پەرستنی خۆی خوڵقاندووە، نەک بۆ ئەوەی مرۆڤ ژیانی خۆی بە ئازادانە بژی. بە هۆی ئەو متمانەیەی کە لە نێوانماندا دروست بووبوو، لە چەندین بۆنەدا لە بەردەم ئەو زاتەدا، د. حوسام، کە شارەزایەكی گەورەی عیلمی کەلام و فەلسەفەی ئیسلامی بوو، دەکرامەوە و غەم و نیگەرانییەکانم دەربارەی ئیسلام و کێشە ڕۆحی و عەقڵییەکانی ئیسلام، کێشەکانی دنیابینیی ئیسلامی و بەتایبەت لەمەڕ مرۆڤ و خودا لەتەکیدا باس دەکرد. لە هەمووی دیارتر، زۆر جاران لە دیدارەکانماندا باسی ئەوەم دەکرد کە من کاس بووم بەو وێناکردنە ناعەقڵییانەی ئیسلام بۆ اللە، ئەو دیتن و وێناکردنە کە خاڵی خاڵییە لە عەقڵانیەت و ڕۆحانیەت و بگرە اللەشی لە عەقڵ و ئیرۆس داماڵیوە و تەنیا و تەنیا وەک ئیرادەیەکی ئەودیو عەقڵ و مانا لێی دەڕوانێ، بە شێوەیەک، کە ئێمە ناتوانین بپرسین بۆ؟ ئەم ڕایە، ئەم فەرمانەی اللە بۆچی وایە و بنەما عەقڵییەکانی یا هۆ عەقڵییەکانی چین؟ چۆن اللەیەک ئەم هەزاران هەزار ئەستێرانە، بەڵکو کۆمەڵەی خۆرەی دروست کردووە، بەڵام حەزی بە پرسیاری "بۆ؟” نییە و نایەوێت ئێمە پرسیارکەر، بیرکەرەوە، خاوەن عەقڵی شیکاری و ڕەخنەیی بین و تەنیا و تەنیا داوامان لێدەکات کە "بلا کیف”، واته‌ بێ پرسیار ئیمان بهێنین؟ مرۆڤ بۆچی هێندە لە دیدی اللەوە تەحقیر کراوە؟ بۆچی لە قورئاندا مرۆڤ بە جاهل و زاڵم و نەفام و ئاژەڵ و گومڕا و ڕێگه‌لێونبوو ناوزەد کراوە؟ سەلبکردنی ئیرادەی مرۆڤ لە ئیسلام و بەتایبەت لە شەریعەت و فیقهی ئیسلامدا مانای چییه‌؟ دیارە لێرەدا هەق بە خۆم نادەم ڕاگوزەرانە قسە لە دایەلۆگەکانی خۆم و ئەو ئوستادە بەڕێزە بکەم، بەتایبەت ڕاوبۆچوونی بەڕێزیان. هێندە هەیە مەبەستی من لێرەدا ئاماژەکردنە بە گینگڵدانە ڕۆحی و فیکری و مەعریفییەکەی خۆم.

کتێبخانەی عەرەبی خۆی دەروازەیەکی چاک بوو بۆ گەشتە فەلسەفییەکەم، دواجار کتێبخانەی فارسی و ئینجا کتێبخانە نا، بەڵکو زەریا گەورەکەی "کتێبخانە”ی ئینگلیزی و خوێندنی فەلسەفە لە دوو ئەکادیمیای ئەمه‌ریکای ژووروودا و زیاتر ئاشنابوون بە ئۆقیانووسی میراتی فەلسەفەی خۆرئاوا زۆرێک لە لوغز و مەتەڵە دروستکراوە بێبناغەکانی لە ئیسلامدا لە بەردەممدا واڵا کرد. موعەمای اللە لە بەردەممدا واڵا بوو، گرێکوێرەکە کرایەوە، خۆری حەقیقەت دەرکەوت و من لە ئەشکەوتەکە هاتمە دەرەوە و چاوم بە ڕووناکیی حەقیقەت هەم ئاشنا بوو و هەم ڕاهات. وەک کەسێکی دیلی ناو ئەشکەوت کە ئەفلاتۆن لە کتێبی کتێبەکاندا، دایەلۆگی کۆمار، باسی لێوە دەکات. وێڕای ئەمەش، هێشتا سەهۆڵبەندانە گەورەکە، شاخە بەفرینە سەختەکان نەتواونەتەوە، بە مانای ئەوەی کە منی ڕزگاربوو لە ئەشکەوتی تاریکی و زوڵوماتی ئیسلامی ناتوانم قسە بکەم، بە واتای پێوار (غیاب)ی ئازادیی دەربڕین و ئازادیی بیروڕا لە ناو جیهانی ئیسلامی و لە وڵاتە پڕ کڵۆڵی و داگیرکراو بە دۆگما و جەهل و بیرنەکردنەوەکەی مندا، بەتایبەتی پێواری مافی قسەکردن لەسەر ئایین و بەتایبەتیتر نەبوونی هەقی قسەکردن لەسەر اللە کە حەرامی حەرامەکانە و ئەم ستەمکارییەش چەندین جار تۆختر و تۆختر بووه‌تەوە دوای سەرهەڵدانی فاشیزمی ئیسلامی لە کوردستان بە نوێنەرایەتیکردنی ئیخوانەکان، واتا لقەکەی ئیخوان لە کوردستان، واتا یەکگرتووی ئیسلامی و سەلەفییە وەهابییەکان کە بە پارەی پترۆدۆلاری وڵاتانی کەنداو و فەسادی ئیدارەی بەڕێوە دەچن، کە ئامانج لەم بزووتنەوە ئیسلامییانە سەرجەم لێدانە لە کوردبوون، هۆشیاریی نەتەوەیی و لێدان لە خەونێکی مرۆڤی کورد لە دەرەوەی پرۆسەی بەئیسلامبوون، کە خۆی بریتییە لە پرۆسەی بەعەرەببوون، بەپاکستانیبوون، بەئەفغانیبوون، بەسۆماڵیبوون و بەسعودیەبوون بە پلەی ئیمتیاز.

کتێبێک نەماوە کە لەسەر خودا لە فەلسەفەدا نووسرابێت ده‌ستم پێی گه‌یشتبێت و نەمخوێندبێتەوە، ئەمە لە پاڵ سەدان کتێب لەسەر ئیسلام و ئیشکالیەتە فیکری و ئەخلاقی و سیۆلۆژییه‌کانی ناو فیکری بەناو ئیسلامی، بەڵام تا ئێستا بە هۆی پێواری ئازادییەوە نەمتوانیوە بەری ڕەنجی ماندووبوونی فیکری و تێڕامانی خۆم، بە لانی کەمەوە لەسەر خودا بخەمە ڕوو، ئه‌وه‌ش بە هۆی ترۆر و ستەمکاریی هێزە ئیسلامگەراکانی کوردستانەوە. کاتێک کە کتێبی "داخستنی عەقڵی مسوڵمان”م خوێندەوە، شاگەشکە بووم، بە خۆمم گوت بە لایه‌نی کەمەوە لە ئێستادا وەرگێرانی ئەم کتێبە، کە بەشێکی کەمی لەسەر ئیشکالیەتی ئەو وێناکردنەیە بۆ اللە لە ئیسلامدا و بە دەقیقی ڕەهەندە پڕ گیروگرفت و ئازاراوییەکانی ئەو وێناکردنە کەمێک تینوێتیی تۆ و خوێنەرانی لە چەشنی تۆ دەشکێنێت. کەواتە هۆی یەکەمی هەڵبژاردنی من بۆ ئەم تێکستە بەشێکی تایبەتە بەم کێشە گەورەیەی ناو بەناو فیکر و سیۆلۆژیای ئیسلام، لە لایەکی دیکەوە بەشێکی دیکەی تایبەتە بەو غەم و نیگەرانییە فەلسەفییەی من، کە داستانەکەی بەشێک لە ژیانی من بووە تا ئێستا.

سەرهەڵدانی ئیسلامگەرایی لە کوردستاندا سەرەتای مەرگی هەر هەوڵێک بوو بۆ ئازادی و بیرکردنەوەی ئازاد و هەر خەونێکی مرۆڤی کورد بوو بە بیرکەرەوە و ڕۆحی ئازاد (Free spirit) و بیرکردنەوەی ئازاد (Free thought)، سەرەتای تەعریبکردنەوەیەکی دیکەی کورد و جڤاتی کوردی بوو. بێگومان دواجار سەرهەڵدانی وەهابییە سەلەفییەکان خۆی تۆخکردنەوەی فاشیزمی ئیسلامی بوو لە کوردستان. لەم هەلومەرجەدا ئێمەی ئازاد و خاوەن بیرکردنەوەی ئازاد و ئێمە کە ڕۆحێکی ئازاد و سەربەخۆین، بێگومان ڕووبەڕووی خەفەقان و ترۆری کەسایەتی و ترۆری جەستەیی و ستەمکاری دەبینەوە و بواری ئەوەمان نییە، ئازادانە بەیانی بیروڕاکانمان بکەین.

هۆیەکی دیکەی بڕیاری وەرگێڕانی ئەم تێکستە گرنگە بۆ سەر زمانی شیرینی کوردی، لە ڕاستیدا بریتییە لە ئەو پاشاگەردانییەی کە لە نێو نووسینی کوردیدا هەیە لەمەڕ ئیسلامگەرایی بەگشتی و دەوڵەتی ترۆریستیی ئیسلامی لە عێراق و شام بەتایبەتی. وەک دەبینن، کتێبی "داخستنی عەقڵی مسوڵمان” ناونیشانی دووەمی بریتییە لە "چۆن خۆکوشتنێکی عەقڵی، قەیرانی ئیسلامگەرایی مۆدێرنی دروست كرد؟”. کەواتە ئەم کتێبە دەربارەی ڕیشە سیۆلۆژییەکانی ئیسلامگەراییە لە ناو "فیکری ئیسلامی”دا، کەواتە قسەکردن لەسەر ئەوەی "ئیسلامی سیاسی”، یا "دەوڵەتی ترۆریستی ئیسلامی لە عێراق و شام” و "قاعیدە و ئیخوانی عالەمی” وەک دیاردەیەکی سەر بە مۆدێرنیتی بێئاگاییەکی تەمام عه‌یاره‌ لە باشترین حاڵەتیدا و لە خراپترین حاڵەتیشدا تێنەگەیشتنە لە مۆدێرنیتی و لە ئیسلامگەرایی. ئەو گفتوگۆ بێزەنتییە دوور لە فیکر و مەعریفەیەی کە لە نووسینی کوردی و لەو بیمارستانە گەورەیەدا کە پێی دەڵێن "میدیای کوردی”، خۆی بەیان دەکات، بەیانکردنی نەک بێئاگایی، بەڵکو بەیانکردنی خۆخەڵەتاندن و خۆفریودان و گومڕاییە، هەوڵێکی گەورەیە بۆ ڕاکردن لە تێگەیشتن، لە بیرکردنەوە، لە واقیعی حاڵ، لە ڕاستیی شتەکان کە وەک ڕۆژی ڕووناک دەدرەوشێنەوە و بە ڕاستییەکانیان چاومان، گوێمان، هەستەکانمان، ڕۆحمان ئەزیەت دەدەن.

قسەکردن لەسەر دەوڵەتی ترۆرستی ئیسلامی لە عێراق و شام وەک دیاردەیەکی سەر بە پرۆژە گەورەکەی ئازادکردنی مرۆڤ، واتا مۆدێرنیتی، جگە لە تێنەگەیشتن لە مۆدێرنتی وەک پرۆژەیەک، جگە لە تێنەگەیشتن لە ڕۆشنگەری کە تەمەنی ٤٠٠ ساڵە، لە ڕێنسانسەوە بۆ هیوم و سپینۆزا و کانت و هیگڵ و شۆڕشی ئەمه‌ریکی و فەڕەنسی، خۆی لە خۆیدا هەم ناپاکییە لە پرۆژەیەکی مەزنی عەقڵی و ژیاندۆستی و دەرکەوتە فیکری و شارستانییەکان، هەم بەیانکەری بێئاگاییە لە مێژووی فیکر و فەلسەفە لە موعجیزەکەی یۆنانەوە تا کۆماریخوازی و لیبراڵیزمی هاوچەرخ. سه‌یركردنی دەوڵەتی ترۆرستی ئیسلامی لە عێراق و شام وەک ئەوەی دیاردەیەکی سەر بە مۆدێرنتی بێت، تەنیا لەبەر ئەوەی تەنیا تەکنۆلۆژیای مۆدێرن، یا لەبەر ئەوەی ئامرازەکانی ماس میدیا بەکار دەهێنێ، ناونانی بە مۆدێرن و سەر بە پرۆژەی مۆدێرنیتی بە دیموکرات، نەک سەفسەتەیە، بەڵکو بیرکردنەوەیە لە پلەی سفردا. ئەمەش ئەو شتەیە کە خۆی لە نووسینی پڕ لە کڵۆڵی و بێچارەیی کوردیدا خۆی بەیان دەکات. ئەم کتێبە بە زمانی شیرینی کوردی بریتییە لە کۆتایهێنان بەو سەفسەتەیە و بەو بیرنەکردنەوەیە. ئەم کتێبە کارێک دەکات کە تێگەیشتن لە ئیسلامگەرایی بەگشتی، واتا فاشیزمی ئیسلامی و بەتایبەتی تێگەیشتن لە ئیرهابی ئیسلامی لە جیهاندا شیاو و مومکین بێت، گفتوگۆکە دەبات بۆ ئاستێکی باڵای مەعریفی کە خۆی بە جێهێشتنی خوو و کردار و تەنبەڵیی وتار و سادەیی میدیایی و دیداری تەنبەڵانەی تەلەفزیۆنە زیاد لە پێویست جەهل پەخشکەرەوەکانی کوردستانە. هەر ئەوه‌ش بوو هۆی دووەمی دیاریکردنی ئەم تێکستە بۆ وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی کوردی.

هۆی سێیەم بریتییە لە مەوقعی فەلسەفە لەناو میراتی ئیسلام و ئەو هێرشە پڕ لە گەمژەییەی کە لە ناو ئەو مێژووە پڕ لە خوێنە و لە ناو ئەو میراتەدا کراوەتە سەر فەلسەفە. وەک دەزانین، چرکەساتی پرشنگداری ئیسلام بریتییە لە چرکەساتی بەیۆنانیکردنی ئیسلام، واتا ئاشناکردنی ئیسلام و مسوڵمانە بەستەزمانەکانی بە فەلسەفەی یۆنانی و بە لۆگۆس، واتا خودی عەقڵ لە سەردەمی زێڕینی ئیسلامدا، لە ڕێگه‌ی وەرگێڕانی هەندێک، نەک هەموو، میراتی فەلسەفەی یۆنانی کە بریتییە لە موغامەرە پڕ سەرکێشەکەی عەقڵی مرۆڤ بۆ فەلسەفاندن و بیرکردنەوە و بەرزنرخاندنی ڕۆڵ و دەنگی عەقڵ لە تێگەیشتن لە خودی واقیع و کەینونە. ئەم کتێبە باس لە ترۆرکردن و ڕاوەدوونانی فەلسەفە و بیرکردنەوە دەکات لە مێژووی ئیسلامدا، چارەنووسی فەیلەسوفەکان کە ترۆرکردن، دەربەدەرکردن، کە خۆی چارەنووسی فەلسەفەیە لە ئیسلامدا، کە مانیفێستی سەرەولێژبوونەوە و داڕزانی شارستانیه‌تی ئیسلامییە. با به‌بێ پەردە و ڕاشکاوانە بڵێم، فەلسەفە دامەزرێنەری مەدەنیەتە، واتا فەرهەنگ و شارستانیه‌تی، ترۆرکردنی تا ڕاوەدوونانی فەلسەفە، یا شاربەدەرکردنی فەلسەفە و فەیلەسوفەکان، کە ئامۆژگاری و پێشنیازی چەندان مەلا و فەقێی ئیسلامە، لەوانە مەستبووەکان بە مەزهەبی ئەشاعیرە و حەنابلە و غەزالی و خودی مەستبوان بە مەزهەبە کەلەڕەقە بێڕۆحەکەی شافیعی بووە و هەیە، خۆی جگە لە کارەساتێکی شارستانی و ترۆرکردنی مەدەنیەت و فیکر و ئەخلاق هیچی دیکەی لێنەکەوتووه‌تەوە. ئەمڕۆ لە کوردستانەدا، ئیسلامگەراکان و بەتایبەت سەلەفییەکان شێلگیرانە سەرقاڵی دژایەتیکردنی فەلسەفە و عەقڵ و بیرکردنەوەن. سەلەفییەک لە ئامۆژگارییەکی ترسناک و دژ بە فیکر و فەلسەفەدا دەڵێت "فەلسەفە بریتییە لە گەڕان بەدوای تینوێتی شکاندندا، لە کاتێکدا کە سەرچاوەیەکی ڕوون و سازگارت لە بەردەمدایە، فەلسەفە واتا گەڕان بەدوای چڵپاو و زەلکاو و پیسیدا تا تینوێتیت بشکێنێ” (ئەمە مەغزای قسەکەیەتی، نەک ئیقیباسی تەواو)، کەواتە فەلسەفە لە دیدی ئەم سەلەفییەوە بریتییە لە گەڕان بەدوای چڵپاو و زێرابدا بۆ شکاندنی تینوێتیی مەعریفە. دیارە لە پاڵ ئەوەی کە ئەمە گەمژەییەکی لە ڕادەبەدەره‌ و عەقڵ ناتوانێت لێرەدا هیچی هەبێت بۆ گوتن، چونکی قسەکردنی عەقڵ لەسەر ئەرگومێنتە، نەک ڕایەکی ناعەقڵییانەی بانگخوازێکی کاڵفام، بەڵام تەعبیرکردنێکە لەسەر ئەو هەوڵە ترسناکەی کە لە کۆمەڵگای کوردیدا دەدرێت بۆ ڕێگەگرتن لە فەلسەفە و کارکردنی فەلسەفە و پرۆژەی عەقڵانیەت و سەرڕێگه‌خستنی پرۆژەیەکی ڕەخنەیی، یا وەک من لە چەندین بۆنەدا گوتوومە، هەوڵی زەمینەسازی و ڕێگەخۆشکردن تاکو فەلسەفە لە ماڵە هەژارەکەی کورددا سوکنایی بکات، ئێمە میوانداری لە عەقڵ و فەلسەفە بکەین تا ڕزگارمان بکات لە بێئاگایی و لە کێویبوون.

وەرگێڕانی ئەم تێکستە، کە وەرگێڕانی تێکستی دیکەی فەلسەفی لە ئەجێندا فیکرییەکەی ئێمەدایە، لە خزمەت فەلسەفە و هێنانی فەلسەفەیە وەک میوانێک بۆ سەر خوانە پڕ لە شکست و جەهل و نەهامەتییەکەی کورد، لەو دیدەوە کە فەلسەفە ڕزگارکەری مرۆڤی کوردە، نەک وەحی، نەک ئایین، نەک ئایدیۆلۆژیای موتوربەکراو بە فاشیزم. ده‌بێت ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكه‌م له‌م تێكسته‌دا چه‌ند ئایه‌تێكی قورئان هاتوون، ئێمه‌ له‌بری وه‌رگێڕانی ئایه‌ته‌كان، پشتمان به‌ وه‌رگێڕانه‌كه‌ی هه‌ژار موكریانی به‌ستووه‌ و ئایه‌ته‌كانمان ڕاسته‌وخۆ له‌ وه‌رگێڕانه‌كه‌ی هه‌ژاره‌وه‌ گواستووه‌ته‌وه‌.

ماوەتەوە بڵێم کە ئەم تێکستە لەم کتێبەوه‌ وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی.

Robert R. Reilly.

The Closing of the Muslim Mind

How Intellectual Suicide Created the Modern Islamist Crisis.

ڕۆبەرت ڕایلی کێیە؟

ڕۆبەرت ڕ. ڕایلی توێژەرێکە لە American Policy Council. لە زانکۆی National Defense University وانەی گوتووه‌تەوە و لە ساڵانی ١٩٨٣ بۆ ١٩٨٥ لە کۆشکی سپی وەک ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەمه‌ریکا کاری کردووە.

لە ماوەی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠٠٦ ڕاوێژکاری ئۆفیسی وەزیری بەرگریی ئەمه‌ریکا بوو. یەکێکە لە دۆستەکانی کورد لە ئەمریکا.

لە بەرهەمەکانی دیکەی نووسەر:

Surprised by Beauty: A Listener‌s Guide to the Recovery of Modern Music (2002)

ماوەتەوە کە سوپاسی هاوڕێ ئازیزەکانم، کاک هاوژینی مەلا ئەمین و کاک ئارام حاجی و نێوەندی غەزەلنووس بکەم، هەر کەسە بە ڕۆڵی خۆی هەوڵی داوە ئەم کتێبە گرنگە بە شێوەیەکی گونجاو و دروست بکەوێتە بەردەستی خوێنەرە جیدییەکانی کورد، سوپاس و پێزانین بۆ هەموو لایەکیان.

فاروق ڕەفیق

ئه‌م بابه‌ته 32336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:17:05/01/2016