ئاغێت- جینۆسایدێك

ئاغێت- جینۆسایدێك

خەڵک- بەکر شوانی

کەناڵی نیمچە فەرمی (فوێنیکس)ی ئەڵمانی پێرێ شەو فیلمێکی دۆکومێنتاری بەو ناونیشانەی سەرەوە بڵاو کردەوە. فیلمەکە ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن ئەریك فریدلەرەوە دەرهێندراوە و تا ئێستا کۆمەڵێك خەڵاتی گەورەی وەرگرتووە. دەرهێنەر لەم فیلمە ٩٠ خوولییەکدا پشتی بە ڕاپۆرت و کتێبی بیرەوەرییەکانی ئەو دیپلۆمات و ڕۆژنامەنووس و پزیشك و کارمەندانەی ڕێکخراوە مرۆیییەکان بەستووە کە لەو سەردەمەدا لە سنووری دەوڵەتی عوسمانیدا کاریان کردووە. لەم فیلمەدا هیچ گومانێك لەوەدا ناهێڵدرێتەوە کە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان لە ساڵی ١٩١٥دا لەسەر دەستی حکوومەتی ئیتحاد و تەرەقیی عوسمانی ئەنجام دراوە. هەر لەم فیلمەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە بۆچی ئەڵمانیا و ئەوروپا و ڕۆژئاوا لەو سەردەمە و لە ئێستایشدا بایەخیان بە پرسی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان نەداوە. 


لە چەندین بڕگەی فیلمەکەدا ناوی کوردیش وەك بەشدار لە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکاندا دەهێندرێت. بەڵام باس لەوە ناکرێت کە ئەوانە ژمارەیەکی زۆر کەمی کورد بوون کە لە ڕیزەکانی سوارەی حەمیدییەدا ڕێکخرابوون و شتێك بوون لە شێوەی جاشەکانی ئەمڕۆ. 
لەو کۆمەڵکوژییەدا نەك تەنیا ئەرمەنی، بەڵکو ٣٠ هەزار کوردیش کوژراون. نووسەری تورك ئۆرهان پاموك یەکەم ڕۆشنبیری تورك بوو کە ساڵی ٢٠٠٤ پەردەی لەسەر ئەو ڕاستییە هەڵدایەوە.


بەو پێیەی بەشێك لە ڕووداوەکان لەسەر خاکی باکوری قەوماون، بەپلەی یەکەم پێویستە گەل و ڕابەرایەتیی سیاسیی ئەو بەشەی کوردستان لێبووردن لە ئەرمەنییەکان بکەن و لەو ڕووەیشەوە درێغییان نەکردووە. هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش لە لێدوانێکدا جارێكی تر بەناوی کوردەوە داوای لێبووردنی لە گەلی ئەرمەنی کرد.

ئەوەی لە فیلمی "ئاغێت - جینۆسایدێك"دا مایەی سەرنجە، لەم فیلمەیشدا ئاماژە بەوە نەکراوە کە ژمارەیەکی زۆر ئەرمەنی لەسەر دەستی کورد ڕزگار کراون. هەر بۆ نموونە، بەپێی هەندێك بەڵگەنامەی مێژوویی، کوردانی ئێزدیی شەنگال نزیکەی ٢٠ هەزار ئەرمەنییان ڕزگار کردووە. 


پێرێ شەو، جاری دووەمم بوو سەیری ئەو فیلمەم دەکرد. لە ئاکامدا گەیشتمە ئەم باوەڕە پتەوە: هەرگیز نابێت چاومان لە دەستی دەرەوە بێت جینۆسایدەکانی ئەنفال و هەڵەبجە و شەنگال و دەرسیم و هتد بەفەرمی بناسێت و هاوکار بێت بۆ ساڕێژکردنەوەی برینەکان. ئەوە تەنیا و تەنیا ئەرکی خۆمانە.

تێبینی: وشەی (ئاغێت) لە زمانی ئەرمەنیدا واتای (کۆمەڵکوژی) دەگەیەنێت.

ئه‌م بابه‌ته 1860 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:12:37:20/04/2015