فڕین لەسەر هێلانەی كوكوختی

فڕین لەسەر هێلانەی كوكوختی

و: شاڵاو ئەحمەد

ساڵی بڵاوكردنەوە: ١٩٧٥

دەرهێنەر: میلووش فۆرمەن

سیناریۆ: لاورێنس هووبێن

ئەكتەران: جەك نیكۆڵسۆن، لویس فلێچەر، میشێڵ بیریمەن

خەڵاتەكان:

براوەی ئۆسكار: باشترین فیلم، باشترین ئەكتەری پیاو، باشترین ئەكتەری ژن، باشترین دەرهێنەر و باشترین سیناریۆ

ناودێركراوی ئۆسكار: باشترین وێنەگرتن، باشترین مونتاژ و باشترین میوزیكی تێكست.


حەفتاكان دەیەیەكی تازە بوو لە سینەمای هۆڵیووددا. ئیتر خەبەرێك لە پیاوە باڵابەرزە فیلەتەنەكان نەبوو. گاری كۆپەر، جان ڤین و گریگۆری پیك، جێی خۆیان بۆ ئال پاچینۆ و ڕۆبێرت دینیرۆ و دەستن هاڤمەن و جەك نیكۆڵسۆن چۆڵ كرد. لەم قۆناغەدا "ناگوتن"ـەكەی مەك مۆرفی (جەك نیكۆڵسۆن) لە فیلمی "فڕین لەسەر هێلانەی کوکوختی" ڕووداوێكی تازە و تایبەت بوو.

لە ساڵی ١٩٦٢ـدا ڕۆمانی "فڕین لەسەر هێلانەی كوكوختی" نووسراوی "كەن كیسی" بڵاو بووەوە. ئەم ڕۆمانە هەرای نایەوە و سەرنجی "كێرك داگڵاس"- ئەكتەر و بەرهەمهێنەری بە لای خۆیدا ڕاكێشا و لە ١٩٦٥ـدا مۆڵەتی دروستكردنی فیلمێكی لەم ڕۆمانە كڕییەوە. هەڵبەت تا دە ساڵ دواتر نەیتوانی ئەم كارە ئەنجام بدات. لە ١٩٧٥ـدا كێرك داگڵاس هێندە گەنج نەبوو خۆی ڕۆڵی مەك مۆرفی ببینێت. پاش پرسوڕا سەرئەنجام میلووش فۆرمەنی خەڵكی چیك وەك دەرهێنەر و جەك نیكۆڵسۆن وەك دەورگێڕی ڕۆڵی مەك مۆرفی دەستنیشان كران.


فیلمەكە لە فەزای تاریكوڕوونی بەیانیدا دەست پێ دەكات و لە فەزای تاریكوڕوونی بەیانیدا كۆتایی دێت. ئەم دەستپێك و كۆتایییە دەمانخاتە بەردەم ئەم پرسیارەوە: لە فەزای نێوان ئەم دوو خۆرهەڵهاتنەدا چی شتێك گۆڕاوە؟ ئەمە پرسیارێكە پاشان وەڵامەكەی وەردەگرین.

لەم فیلمەدا، هونەر و ئەزموونگەراییی سینەمای ئەورووپا، بە تەكنیك و چیرۆكبێژیی ئەمەریكی، گۆڕاوە بۆ شاكارێكی سینەمایی. یەكێك لە كاریگەرییەكانی میلووش فۆرمەن ئەوە بوو كە سیناریۆكە بگۆڕێت، هەوڵی دەدا پێكهاتە ڕیوایییەكەی بگۆڕێت بۆ پێکهاتەیەکی ڕیواییی ئیپیزۆدی، كە لە تایبەتمەندیی سینەمای هونەری ئەورووپی لە بەرامبەر سینەمای كلاسیكی ئەمەریكا دێتە ئەژمار. كەواتە دەتوانین فیلمەكە بۆ چەند ئیپیزۆدێك دابەش بكەین، وەك: مۆرفی داخڵی ئاسایشگە دەبێت. دانیشتنی دەروونشیكارییان (کە تێیدا نەخۆشەکان بە ڕەزامەندیی خۆیان و لەبەر چاوی ئەوانی تر عەیبوعارەکانیان باس دەکەن و ئەمەیش مۆرفی شێت دەکات.) ڕاكردن و ماسیگری...


كارێكی تری فۆرمەن لە پێكهاتەی ڕیواییی فیلمەكەدا، كە بەردەوام لە نێوان دیمەنە دراماتیكی و نادراماتیكییەکاندا لە ڕەوتدایە، ئەمە بوو؛ لە دیمەنە دراماتیكییەكاندا زۆرجار كەڵك لە مونتاژی خێرا و كلۆزئەپ وەردەگرێت و لە دیمەنە نادراماتیكییەكاندا سوود لە وێنەگرتنی بێ‌كەت و هاوکات لە كلۆزئەپ وەردەگرێت.

فۆرمەن لە وێنەگرتنی ئەم فیلمەدا بەردەوام كامێرا لەسەر پایە و تراولینگ بەكار دەهێنێت، تەنانەت لە دیمەنە جەنجاڵەكانیشدا. فۆرمەن لە هەر دیمەنێكدا هەموو توخمەكانی ئەو دیمەنە بە وردی پێكەوە دەگونجێنێت. بینەر دەتوانێت هەموو دیمەنەكان تەماشا بكات و سەرنجیان بخاتە سەر.


لەم فیلمەدا ڕووبەڕووی ئاسایشگەیەكی توندوتیژ دەبینەوە، كە زۆر وردەكار و ڕێكوپێك چاودێری دەكرێت و بەڕێوە دەبرێت: دانیشتنە دەروونشیكارییەكان، پشوو، حەبی ڕۆژانە، کاتی خەو...

لە "فڕین بەسەر هێلانەی کوکوختی"ـدا ئەوەی گرینگە، كەسایەتیی بەرز و ئەرێنیی سەرۆكە، کە سوورپێستە. پێش ئەم فیلمە و لە ژانری ویستێرندا، بەردەوام هیندییە سوورەكان وەک هۆزی وەحشی نیشان دەدران.

ئاسایشگەی نەخۆشە دەروونییەكان لەم فیلمەدا بە شێوەی ئاشكرا وێناندنی هێزە بۆ هێنانە سەر ڕێی ڕاست، كە ڕاچێدی پەرەستار وەک جێبەجێكاری نیشان دەدرێت و زۆر توند و وشكە لەگەڵ نەخۆشەكاندا. ڕاچێدی پەرەستار لە هەموو هۆكارەكان كەڵك وەردەگرێت بۆ سەركوتكردنی هەست و دركی نەخۆشە دەروونییەكان، كە هێندێکیان لەسەر داوای خۆیان ناویان لەوێ تۆمار كراوە.


مەك مۆرفی لە فیلمەكەدا كەسێكی تەندروستە و لە كێشمەكێشێكەوە گلاوە و ڕەوانەی ئاسایشگەی دەروونییان كردووە، تا بزانن سەلامەتە یان شێتە. بەڵام لەوێ بە زۆر دەیانەوێت جۆرە حەبێكی هێوركەرەوەی بدەنێ. لێرەوە سەرسەختییەكانی مەك مۆرفی دەست پێ دەكەن. ئەو بە سەركێشییەكانی خۆی هاوڕێیەكانی لەگەڵ شار و سروشت و ژن و ژیاندا ئاشنا دەكات.

لە دیمەنێكی فیلمەكەدا مەك مۆرفی تاقەتی نامێنێت و پەلاماری ڕاچێدی پەرەستار دەدات و كڵاوەكەی- كە ڕەمزی دەسەڵاتە- دەخات. لێرەوە مەك مۆرفی دەبێتە ڕەمزی ئازادی و تەقەلا بۆ ڕزگاری.


لەم فیلمەدا تەركیز دەخرێتە سەر ئەوەی كە: شێت كێیە؟ شێتی چییە؟ كێ سەلامەتیی مرۆڤ دیاری دەكات و سنووری نێوان شێتی و سەلامەتی لە کوێدایە؟ لە هەمووی گرینگتر ڕەگی ئەو شێتییە لە كوێدایە كە دەبێتە هۆكاری ڕەتكردنەوەی مرۆڤ لە لایەن كۆمەڵگەوە؟

سكانسی كۆتاییی فیلمكە لە هەمووی بەئازارترە. لێرەدا ئیدە فۆكۆیییەكە، واتا شكست لە بەرامبەر سیستمدا "چاودێری، تەمبێكردن: لەدایكبوونی بەندیخانە" دەسەلمێندرێت. زۆر بە جوانییش نیشان دەدرێت. چونكە مەك مۆرفی نەك وەك "قارەمان،" بەڵكوو وەك "پیاوە دەگمەنەكەی سەدە" لە تەقەللا لە بەرامبەر سیستمدا چارەنووسێكی جگە لە مەرگ نییە. بەڵام نەك مەرگێكی پووچ و بەتاڵ، بەڵكوو مەرگێکی جوان بە دەستی هاوڕێیەکەی خۆی، كە بە سەرۆك ناسراوە.


بەڵێ. سەرئەنجام شێتەكە لە قەفەز ڕای كرد. ئەرێ... هیچوپووچینە.


ئه‌م بابه‌ته 1941 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:26:18/03/2015