کاروان کاکەسوور:
کاری ئەدەب دەرخستنی نهێنییەکانە
خەڵک
کاروان کاکەسوور، ڕۆماننووس، لە چاوپێکەوتنێکیدا کە لەگەڵ لوردستانی نوێ‌دا ئەنجامی داوە، دەربارەی نوێترین ڕۆمانی "ڕێبەنێکی سوور و ملپێچێکی ڕەش"، قسە دەکات، چاوپێکەوتنەکە محەمەد کەریم ئەنجامی داوە و وەک خۆی لێرەدا دایدەنێینەوە.
*ئه‌ڵماس به‌سماتی ئه‌گه‌رچی كاره‌كته‌رێكی لاوه‌كی رۆمانه‌كه‌یه، به‌ڵام كاره‌كته‌رێكی جوانه‌و قسه‌كانی زۆر جوان و شاره‌زایانه نووسراون كه له‌یه‌ك كاتدا قسه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێ كه‌س ده‌كات و به‌شێوه‌یه‌كی قۆشمهچییانه وه‌ڵامی هه‌موویان ده‌داته‌وه. بۆچی جارێكی تر نه‌چوویته‌وه سه‌ر ئه‌م كارهكتهرهو درێژه بهڕۆڵهكهی بده‌ی؟
-هێزی كاره‌كته‌ر له ژماره‌ی ده‌ركه‌وتنه‌كانیدا نییه، به‌ڵكو هێزه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه چ كاریگه‌رییه‌ك له ئاڕاسته‌ی گێڕانه‌وه‌دا ده‌كات و تا چ ڕاده‌یه‌ك گوته و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ده‌بنه جێگه‌ی پرسیار. به مانایه‌كی دی بوونی ئه‌و كاره‌كته‌ره له‌و تێكسته‌دا چ جیاوازییه‌ك ده‌هێنێته كایه‌وه. له ئه‌ده‌بی نوێ‌دا، وردتر له‌و ئه‌ده‌به‌ی سیماكانی پۆستمۆدێرنیزم له خۆی ده‌گرێت، سێنترالیزم به هه‌موو شێوه‌كانیه‌وه تێك ده‌شكێنرێت و ڕێگه به ده‌ركه‌وتنی ئه‌و كه‌ناڵانه ده‌درێن، كه داخراون، یان بایه‌خیان پێ نه‌دراوه، بۆیه هیچ ده‌نگێك، هیچ زه‌مه‌نێك و هیچ شوێنێك ناتوانێت ده‌سته‌ڵاتی ڕه‌های هه‌بێت و ئه‌وانه‌ی دی بخاته ژێر ڕكێفی خۆیه‌وه. به‌م شێوه‌یه كاره‌كته‌ری لاوه‌كی و كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی هه‌مان ئه‌و مانایه‌یان نییه، كه پێشتر هه‌یانبووه. ئه‌ده‌ب، كه به یاسا و لۆژیكی ناوه‌وه‌ی خۆی ده‌جووڵێت، نه‌ك به‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی، وه‌ك (لۆسیان گۆڵدمان) پێی له‌سه‌ر داده‌گرێت، ئه‌وا كورتی و درێژییه‌كه‌ی به وشه ناپێورێن. وشه ته‌نیا ئایكۆنه. ئه‌وه‌ی لێره‌دا بایه‌خی هه‌یه مانایه، كه (دێریدا) پێی وایه له ڕێگه‌ی نیشانه‌وه ماناكان له تێكستدا ده‌دۆزرێنه‌وه. دیاره ئه‌مه باسێكی قووڵه و ئێستا كاتمان بۆی نییه. پێشتر كه‌م و زۆر له‌و باره‌یه‌وه دواوم. (ئه‌ڵماس باسمه‌تی) كۆتاییی نایه‌ت، به‌ڵكو به شێوه‌ی دی، له شوێن و زه‌مه‌نی دیكه‌دا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌و ژنه دووكانداره نه‌ك هه‌ر وێنه‌یه‌كی گشتیی كارهكتهرهكانمان ده‌هێنێته به‌رچاو، به‌ڵكو شوێن و زهمهنیشیانمان بۆ ده‌رده‌خات. وه‌ك خۆیشت ئاماژه‌ی پێ ده‌ده‌یت به هۆی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌وه ده‌نگی كاره‌كته‌رێكی زۆر ده‌گه‌نه ناو سپه‌یسه‌وه، كه ئه‌مه له ڕۆمانی فره‌ده‌نگیدا پێویسته. بوونی (بەسماتی) له‌و شوێنه‌دا بۆ ئه‌وه‌یه ده‌سته‌ڵاتی كاره‌كته‌رێك كه‌م بكاته‌وه، كه (مامۆستا دلاوه‌ر)ه. به درێژاییی تێكسته‌كه به‌رده‌وام كاره‌كته‌ری دیكه‌یش ده‌رده‌كه‌ون و ناهێڵن كاره‌كته‌رێكی دیاریكراو ببێته سێنتراڵ، با گێڕانهوهكهیشی له ئه‌ستۆ گرتبێت. واته با (ست ویداد دێرتی)، یان (مامۆستا دلاوه‌ر) ڕووداوه‌كانیش بگێڕنه‌وه، به‌ڵام كاتێ ئه‌وانه‌ی دیكه به شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌مان به‌شێكی ده‌سته‌ڵاته‌كه‌یان له ده‌ست ده‌ده‌ن. ئه‌مه هه‌م لایه‌نی ته‌كنیكی و هه‌م لایه‌نی فكری له خۆی ده‌گرێت. پێشتریش گوتوومه به‌رهه‌مه‌كانم پێوه‌ندییان پێكه‌وه هه‌یه. (بەسماتی) نه له‌م شوێنه ده‌ستی پێ كردووه و نه له‌وێیش ته‌واو ده‌بێت، به‌ڵكو ڕه‌گی له‌ناو به‌رهه‌مه‌كانی پێشوومدا هه‌یه و له‌وانه‌ی داهاتوویشمدا سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه، كه ئه‌مه ته‌نیا تایبه‌ت نییه به‌و، به‌ڵكو پێوه‌ندیی به هه‌موو كاره‌كته‌ره‌كانی دیكهیشمهوه هه‌یه. به‌ڵێ، به‌شه‌كانی دیكه‌ی (بەسماتی) له به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌مدا هه‌ن، بۆ نموونه له كتێبی (منداڵیم) و له ڕۆمانی (ماڵی نانی)دا. له‌م سه‌فه‌ره‌مدا بۆ كوردستان هاوڕێیه‌كم پێی گوتم (بەسماتی) هه‌ر (بله‌یدن ڕازهرێ)ی (ماڵی نانی)یه، به‌ڵام به شێوازێكی دیكه. لێت ناشارمه‌وه هه‌رگیز باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد ئه‌و ژنه لای خوێنه‌ر هێنده كاریگه‌ری جێ ده‌هێڵێت، به ڕاده‌یه‌ك پرسیاره‌كه‌ی تۆ خاڵی هاوبه‌شی هه‌موو ئه‌و خوێنه‌رانه‌یه، كه له‌باره‌یه‌وه گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ كردووم. ڕاستییه‌كه‌ی هه‌ر كاتێ به حه‌سره‌ته‌وه بڵێین خۆزگه فڵان كاره‌كته‌ر زیاتر درێژه‌ی پێ بدرایه‌وه، ئه‌وه مانای وایه ئه‌و كاره‌كته‌ره توانای هه‌یه به‌رده‌وام شتی نوێمان پێ بڵێت، بگره وامان لێ ده‌كات خۆمان له ڕێگه‌ی گریمانه‌وه داهاتووی بهێنینه به‌رچاو، كه ئه‌مه خه‌سڵه‌تی ئه‌ده‌بی نوێیه چۆن خوێنه‌ر ده‌كاته به‌شێكی گرنگی تێكست. به‌ڵێ، چه‌مكی خوێنه‌ر لای ئه‌و تیۆرییه ڕه‌خنه‌ییانه‌ی له ماوه‌ی ئه‌و شه‌ست حه‌فتا ساڵه‌ی ڕابوردوودا ده‌ركه‌وتوون، بونیادگه‌ری و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه وه‌ك دوو نموونه، بایه‌خی گه‌وره‌ی هه‌یه. ده‌كرێت له‌م ڕووه‌وه ناوی كۆمه‌ڵێك داهێنه‌ری وه‌ك (ڕۆلان بارت)، (مێشال ڕیفاتێر)، (ئومبێرتۆ ئیكۆ)، (هانس ڕۆبێرت یاوس) و زۆری دیكه بهێنین. واته هه‌موویان پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرن، كه نابێت مافه‌كانی خوێنه‌ر پێشێل بكرێن، به‌ڵكو پێویسته ڕێگه‌ی بدرێت خۆی به دوای نهێنیدا بگه‌ڕێت و خۆیشی لێكدانه‌وه بۆ ڕه‌گه‌زه‌كان بكات. من خۆم هه‌میشه شته‌كان به نیوه‌چڵی جێ ده‌هێڵم و ڕێگه‌ی هیچ كاره‌كته‌رێك، یان ڕووداوێك، یان زه‌مه‌ن و شوێنێك ناده‌م به ته‌وای ده‌ربكه‌وێت، كه ئه‌مه‌یش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه حه‌زم له ئاسانكاری نییه و به لامه‌وه گرنگه لای خوێنه‌ر لێكدانه‌وه‌ی جیاوازیان بۆ بكرێت. له بواری تیۆلۆگیدا چه‌مكێك هه‌یه و پێی ده‌گوترێت سه‌بمیشن (Submission)، واته ملكه‌چی، كه بۆ نموونه لای گه‌وره‌پیاوانی كه‌نیسه‌دا هه‌یه، به‌وه‌ی ده‌بێت هه‌موو ملكه‌چی ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه بن، كه ئه‌وان بۆ تێكستی ده‌كه‌ن. داهێنه‌رانی ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌یان تێك شكاندووه و ناهێڵن هیچ ده‌نگێك ملكه‌چی نووسه‌ر، یان ملكه‌چی ده‌نگێكی دیكه‌ی ناو تێكست ببێت، به‌ڵكو پێویسته هه‌ر یه‌كه‌یان سه‌ربه‌خۆییی خۆی به ده‌ست بهێنێت. لێره‌دا (دۆیستۆیڤسكی) وه‌ك ڕۆماننووس و (باختین) وه‌ك توێژه‌ره‌وه ڕۆڵی پێشه‌نگیان هه‌یه.
*مامۆستا دلاوه‌رو ویداد دێرتی ژن و مێردێكی خوێنده‌وارو رۆشنبیرن، كه‌چی كوڕه تاقانه‌كه‌یان داركاری ده‌كه‌ن و ده‌ری ده‌كه‌ن! ده‌ته‌وێ بڵێی خوێنده‌وارو رۆشنبیره‌كانی ئێمه ره‌فتارو گوفتاریان یه‌ك نییه‌و ئه‌وه‌ی به‌قسه ده‌یكه‌ن به‌كرده‌وه نایكه‌ن؟ یان ده‌ته‌وێ دوو خوێنده‌وارمان نیشان بده‌ن كه وه‌كو خوێنده‌واره‌كانی دیكه ره‌فتار ناكه‌ن؟
-هۆشیاری چییه و چ هۆشیارییه‌ك هۆشیارییه؟ هۆشیاری چه‌مكێكی فریوده‌ره. پێوه‌ندیی نێوان هۆشیاری و مێژوو پێوه‌ندییه‌كه له‌سه‌ر پرۆبلهماتیكی گه‌وره دامه‌زراوه. ئایا ئه‌وه‌ی له زه‌مه‌نێكدا هۆشیارییه، له زه‌مه‌نێكی دواتردا ده‌بێته ناهۆشیاری، یان هه‌ر به هۆشیاری ده‌مێنێته‌وه و گه‌شه ده‌كات؟ ئه‌و پرسیاره‌ی ئێوه چه‌ند به ڕواڵه‌ت خۆی ساده بنوێنێت، به‌ڵام له جه‌وهه‌ردا ئاڵۆزه، كه پێم وایه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ده‌كرێت په‌نا بۆ (هیگڵ) ببه‌ین، به‌وه‌ی هۆشیاری له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ودا پێگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه. به بڕوای ئه‌و هۆشیاری ناكه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی مێژووه‌وه، بگره مێژوو به‌بێ هۆشیاری نایه‌ته كایه‌وه. به‌م شێوه‌یه مێژوو له سه‌رجه‌م ساته‌كان پێك دێت، نه‌وه‌ك ته‌نیا له ڕووداوه زه‌قه‌كان، به‌وه‌ی له‌پشت هه‌ر ڕووداوێكدا كۆمه‌ڵێك ڕووداوی دیكه‌ی شاراوه هه‌ن، كه هه‌ر له ڕێگه‌ی كاریگه‌رییانه‌وه هه‌ستیان پێ ده‌كرێت. ژیانی مرۆڤ به هۆشیارییه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. واته له‌و كاته‌وه مرۆڤ هه‌ست به مرۆڤایه‌تیی خۆی ده‌كات، كه هۆشیار ده‌بێته‌وه و ژیانی به‌پێی لۆژیك لێك ده‌داته‌وه. ئه‌و هۆشیارییه‌ش به‌وانی دیكه‌وه به‌نده، به‌وه‌ی مرۆڤ له ڕێگه‌ی ئه‌وانی تره‌وه بوونی خۆی داده‌مه‌زرێنێت، چونكه ئه‌وان بۆ ئه‌م دژن، له كاتێكدا پێی وایه هه‌ر شتێك بگریت دژه‌كه‌ی خۆی له هه‌ناودا هه‌ڵده‌گرێت و به هۆی ئه‌و دژهیشیهوه بوونی خۆی دێنێته كایه‌وه، بگره درێژهیشی پێ ده‌دات. ئه‌مه‌یش ده‌چێته ناو یاسای ململانێوه. واته چۆن خوده‌كان دێنه ده‌ره‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له لایه‌ن ئه‌وانه‌ی دیكه‌وه ددانیان پێ دابنرێت. به‌م شێوه‌یه هۆشیاری به‌رهه‌می پێكدادانی خودێكه له‌گه‌ڵ خوده‌كانی دیكه‌دا. كه‌واته ناكرێت هۆشیاریی ڕه‌ها هیچ كاتێك هه‌بێت. ئێمه له‌ناو ماڵی (ویداد دێرتی) و (مامۆستا دلاوه‌ر)دا ململانێیهكمان هه‌یه له‌نێوان ئه‌وان و (ئومێد)ی كوڕیاندا. هه‌ر یه‌كه‌یان ده‌یه‌وێت خۆی بسه‌پێنێت و ئه‌وانه‌ی دی ددانی پێدا بنێن، كه هه‌مان ململانێ پێشتر له ماڵی (سیامه‌ند بێجان) و ئه‌وانه‌ی دیكه‌دا هه‌بووه. به‌ڵێ، ئه‌وان دوو كه‌سی هۆشیارن و له كوڕهكهیشیان ده‌ده‌ن، یان ده‌كرێت بڵێین له دواجاردا ده‌گاته ئه‌وه‌ی لێی بده‌ن و له ماڵیشی ده‌ر بكه‌ن. وه‌ك ده‌زانین (ویداد دێرتی) له شوێنێكدا گوتوویه‌تی: (مێرده‌كه‌ی زۆر گۆڕاوه و گه‌یشتوه‌ته ئه‌وه‌ی له كوڕه‌كه‌ی ده‌دا، كه پێشتر كاری وای به مه‌حاڵ زانیوه). ئه‌مه ده‌مانخاته به‌رده‌می ئه‌و پرسیاره‌وه: ئایا هۆشیاری ده‌توانێت ڕێ له توندوتیژی بگرێت؟ به مانایه‌كی دی، ئایا له‌ناو پرۆسێسی توندوتیژیدا (هۆشیاری) ئاماده نییه؟ كاتێ كه‌سێكی ساده‌ی كۆمه‌ڵگه له منداڵه‌كانی ده‌دات، خێرا ده‌ڵێین ئه‌وه هۆشیار نییه، به‌ڵام كاتێ هۆشیارێك هه‌مان كرده‌وه ده‌كات، ده‌كه‌وینه به‌رده‌م پرسیاری قووڵه‌وه، كه ئه‌مه‌یشه مه‌به‌ستی ڕۆمانه‌كه و ده‌توانم بڵێم هه‌میشه هه‌وڵ ده‌ده‌م پرسیاری گه‌وره بورووژێنم. لێره‌دا ئێمه له چه‌مكێكی دیكه نزیك ده‌بینه‌وه، كه ئه‌ویش ده‌سته‌ڵاته. بۆ نموونه لای (فۆكۆ) ده‌سته‌ڵات له هه‌موو شوێنێكدا هه‌یه. له‌و گفتوگۆیه‌ی له‌گه‌ڵ (دۆڵۆز) دایمه‌زراندووه، پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت، كه ده‌سته‌ڵات تایبه‌ت نییه به شوێنێكی دیاریكراوه‌وه، به‌ڵام له زینداندا زۆر به ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت. من خۆم وه‌ك نووسه‌ری ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه به‌رده‌وام هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌م ده‌سته‌ڵات له‌و شوێنانه‌دا بدۆزمه‌وه، كه شاراوه‌ن، بۆ نموونه له ماڵ و له قوتابخانه‌دا. كاری ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌یه نهێنییه‌كان ده‌ربخات، نه‌وه‌ك ئه‌وانه پێشان بداته‌وه، كه خۆیان ده‌ركه‌وتوون. به‌و مه‌به‌سته‌ی زیاتر له پرسیاره‌كه‌ت نزیك ببمه‌وه، كه بۆچی ئه‌وان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خوێنده‌وارن، كه‌چی له كوڕه‌كه‌یان ده‌ده‌ن؟ یان بۆچی ناهێڵن سه‌گ ڕابگرێت؟ ئه‌وا ده‌ڵێم له كۆمه‌ڵێك شوێنی تێكسته‌كه‌دا به نهێنی و له شێوه‌ی ئاماژه‌دا پێشان دراوه. بۆ نموونه له به‌شی دووه‌مدا (ئومێد) خۆی وای لێك ده‌داته‌وه، كه ئه‌وان ده‌ترسن به هۆی سه‌گه‌وه ژیانه تایبه‌ته‌كه‌یان لێ بشێوێت. دیاره ئه‌مه یه‌كێكه له‌و گرفتانه‌ی نێوانیان. له شوێنی دیكه‌یشدا به شێوه‌ی جیاواجیاواز هه‌یه. ڕازینه‌بوونی ئه‌وان به ڕاگرتنی سه‌گ كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری شاراوه‌ی هه‌ن، كه وه‌ك ده‌بینین لای (كۆشان)یشدا سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه. به‌ڵێ، (دلاوه‌ر) خۆی له لایه‌ن دایكوباوكیهوه چه‌وساوه‌ته‌وه، كه نه‌یانهێشتووه سه‌گ به خێو بكات، به‌ڵام خۆیشی هه‌مان شت له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌یدا ده‌كات. من به‌رده‌وام ویستوومه دوو دیمه‌ن یان زیاتر له شوێن و زه‌مه‌نی جۆراوجۆردا پێشان بده‌م، كه به ڕواڵه‌ت له یه‌كدی ده‌چن، به‌ڵام جیاوازن و ئه‌و جیاوازییانه به نهێنی هه‌ن.
*عه‌شقی مامۆستا دلاوه‌ر بۆ سه‌گه‌كه‌ی له‌چییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه؟ بۆیه پێی ده‌ڵێم عه‌شقی بۆ سه‌گه‌كه‌ی چونكه دوای فه‌وتانی (گردۆ) ئیتر واز له‌سه‌گ دێنێ، ده‌توانین بڵێین هه‌ر به‌ڕاستی عاشقی سه‌گه‌كه‌ی بووه؟
-سرووشتی ئه‌ده‌ب وایه، له‌سه‌ر نه‌زانراوه‌كان كار ده‌كات. هه‌میشه تێكستی ئه‌ده‌بی هه‌ندێك مه‌ته‌ڵ و نهێنی له خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌ی دی بدات به شێوه‌ی خۆیان هه‌وڵی كردنه‌وه و ئاشكراكردنیان بده‌ن. ئه‌مه وا ده‌كات بۆ هه‌ر جووڵه‌یه‌ك، چ هیی ناوه‌وه و چ هیی ده‌ره‌وه، زیاتر له لێكدانهوهیهكمان هه‌بێت. له ئه‌ده‌بدا سه‌رجه‌م شته‌كان بۆ سیمبۆل ده‌گۆڕێن، بۆیه پێویسته وایش بیانخوێنینه‌وه. جیاوازیی نێوان تێكستی ئه‌ده‌بی و تێكستی زانستی له‌وه‌دایه، كه دووه‌میان له‌سه‌ر ئه‌نجامی ئه‌زموونه‌كان داده‌مه‌زرێت و چه‌سپاوه، بۆیه خاوه‌نی حه‌قیقه‌ت و تێگه‌یشتنێكی دیاریكراوه، به‌ڵام یه‌كه‌میان، واته تێكستی ئه‌ده‌بی خۆی ئه‌زموونێكی خودییه و له ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌وه ئه‌نجامی جۆراوجۆر به ده‌سته‌وه ده‌دات، به‌وه‌ی سنووری حه‌قیقه‌ته‌كانی تێپه‌ڕاندووه. تێكستی ئه‌ده‌بی له یه‌ك كاتدا خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك ئاڕاسته‌ی جیاوازه، به‌وه‌ی به‌ر خودی جیاوازجیاواز ده‌كه‌وێت و هه‌ر چاوێك ئاڕاسته‌ی خۆی تێدا ده‌دۆزێته‌وه. كێ ده‌ڵێت ئه‌و سه‌گه هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا بوونی هه‌یه؟ ئاخۆ ڕاسته ڕیبه‌نێكی سووری له ملدایه؟ له گوته‌كانی (ئاواز)دا ئه‌و گومانه‌مان لا دروست ده‌بێت، كه له ڕۆژی كوژرانی باوكی‌دا به (دلاوه‌ر)ی برایانی ده‌ڵێت. ناوی هه‌موو شتێك ده‌هێنێت، جگه له هیی سه‌گه‌كه. باشه، بۆچی باوكی و (گردۆ) له یه‌ك ڕۆژدا ده‌مرن؟ بۆچی (گردۆ) له‌سه‌ر گرده‌كه، نه‌وه‌ك له شوێنێكی دیكه‌دا، كۆتایی به ژیانی دێت؟ ئه‌وه كاری خوێنه‌ری زیره‌كه به دوایاندا بگه‌ڕێت. دیسان ده‌یڵێمه‌وه تێكستی ئه‌ده‌بی به پێوه‌ری واقیع ناخوێنرێته‌وه، چونكو كاتێ دروست ده‌بێت، كه هه‌موو سنووره‌كانی واقیع تێك ده‌شكێنێت و قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆ پێك ده‌هێنێت. به‌م شێوه‌یه تێكستی ئه‌ده‌بی زۆر له تێكستی زانستی زیاتر ده‌رگه‌ی بۆ بواره‌كانی وه‌ك فه‌لسه‌فه، سایكۆلۆجیا، سۆسیۆلۆجیا، زمان‌ناسی و هیی دیكه كراوه‌یه، چونكه له‌سه‌ر ئاماژه دامه‌زراوه و ئه‌م ئاماژانه كاتێ ده‌چنه ناو ئه‌و بوارانه‌وه، لێكدانه‌وه‌ی جۆراوجۆریان بۆ ده‌كرێت. ڕه‌نگه ئێمه نه‌توانین ڕۆمانه‌كانی (دۆیستۆیڤسكی) به‌بێ بواری سایكۆلۆجیا بخوێنینه‌وه، وه‌ك چۆن كاتێ بمانه‌وێت له (جۆیس) تێبگه‌ین، پێویسته په‌نا بۆ تیۆلۆگی و زمان‌ناسی ببه‌ین. ئه‌مه بۆ هه‌موو داهێنه‌رانی دیكه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ریش هه‌ر وایه. ئه‌و وه‌ڵامه‌ی ده‌روونناسێك له تێكستێكدا ده‌ستی ده‌كه‌وێت هه‌مان ئه‌و وه‌ڵامه نییه، كه هه‌ر له‌وێدا كۆمه‌ڵناسێك پێی ده‌گات، به‌وه‌ی هه‌م گۆشهنیگاكان، هه‌م گه‌ڕان و هه‌م ئامانجه‌كانیش له یه‌كدی جیاوازن. سرووشتی تێكستی قووڵ وایه، كه پرسیاری كاریگه‌ر ده‌ورووژێنێت و خوێنه‌ر ناچار ده‌كات كه‌ناڵی جۆراوجۆری تێدا بدۆزێته‌وه. نووسه‌ری ئه‌ده‌بی له قووڵاییدا به‌ر ئه‌و ئێڵهمێنتانه ده‌كه‌وێت و ده‌یانكاته به‌شێك له تێكسته‌كه‌ی، كه له‌گه‌ڵ بواره‌كانی دیكه‌دا هاوبه‌شن، بۆیه ئه‌ده‌ب هێنده‌ی ئه‌ده‌به، هێنده‌یش بواره‌كانی دیكه‌یه. دروستبوونی ئه‌و پرسیارانه لای تۆ ڕێك پێوه‌ندیی به‌و میتۆده‌وه هه‌یه، كه كاری پێ ده‌كه‌م. به‌ڵێ، گه‌ره‌كمه كۆمه‌ڵێ پرسیاری له‌م شێوه‌یه بورووژێنم، كه مه‌رج نییه وه‌ڵامیان هه‌بێت، یان دروستتر بڵێم مه‌رج نییه یه‌ك وه‌ڵامیان هه‌بێت. كاتێ له‌گه‌ڵ خوێنه‌ران له‌باره‌ی به‌رهه‌مه‌كانمه‌وه گفتوگۆ ده‌كه‌م، ده‌مه‌وێت له ده‌می ئه‌وانه‌وه به‌شێك له نهێنیی كاره‌كته‌ره‌كانم بزانم. ئه‌و توێژینه‌وانه‌یش هه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌وه ده‌خوێنمه‌وه، كه له‌باره‌یانه‌وه كراون. ڕه‌نگه ئه‌مه هه‌ندێك سه‌یر بێت، به‌ڵام هه‌ر به ڕاستی وا ده‌كه‌م.
*سه‌رهه‌ڵگرتن و هه‌ڵاتنی مناڵه‌كان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی دایك و باوك هۆكاری ئابووری له‌پشته‌وه نییه، به‌ڵكو هه‌ڵاتنه له‌ده‌سه‌ڵاتی دایك و باوك چونكه ده‌یانه‌وێ ده‌سه‌ڵات و شێوازی ژیانی خۆیانیان به‌سه‌ردا بسهپێینن. تۆش له‌گه‌ڵ ئه‌و قسه‌یه‌ی جوبران خه‌لیل جوبران-دای كه ده‌ڵێ (مناڵه‌كانتان مناڵی ئێوه نین) واته دنیای ئه‌وان جیایه؟ مه‌به‌ستت له‌مه‌یه یان چی؟
(جوبران خه‌لیل جوبران) یه‌كێكه له‌و ده‌گمه‌نانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، كه نه‌ك هه‌ر له‌باره‌ی ئازادییه‌وه نووسیویانه، به‌ڵكو تێگه‌یشتنی قووڵیان بۆ ئه‌و چه‌مكه هه‌بووه. له سه‌ره‌تای لاویمدا وه‌ك زۆر له خوێنه‌رانی دیكه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه به‌رهه‌مه‌كانیم ده‌خوێنده‌وه، به‌تایبه‌تی ڕۆمانی (باڵه شكاوه‌كانی)، كه به شێوه‌یه‌كی قووڵ باسی عیشق و ئازاری ناوه‌وه ده‌كات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا یاخیبوونی كاره‌كته‌ره‌كانی من چ له خێزان و چ له داموده‌ستگه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دیكه، جیاوازه. به‌كورتی كاره‌كته‌ره‌كانم له دژی هه‌ر شتێك ده‌وه‌ستنه‌وه، كه بیه‌وێت ببێته سیستێم، مادام سیستێم ڕێگه‌یه بۆ دروستبوونی سێنترالیزم. ئه‌وان بۆیه له خێزان یاخی ده‌بن، چونكه بووه‌ته چوارچێوه‌یه‌ك بۆ ئازادییه‌كانیان. پێشتریش گوتوومه هیچ شتێك له دنیای مندا به ڕێكوپێكی نییه، به‌ڵكو هه‌موو شته‌كان په‌رشوبڵاو و نیوه‌چڵن. لێره‌یشدا ته‌كنیك چاو هه‌ڵده‌هێنێت، به‌وه‌ی ته‌كنیك هه‌ر خۆی دژی سیستێم و سێنترالیزمه. كاتێ كاره‌كته‌رێك نایه‌وێت درێژكراوه‌ی ئه‌وانه‌ی دی بێت، به‌ڵكو هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات ژیانێكی سه‌ربه‌خۆ دابمه‌زرێنێت، خێرا ڕووبه‌ڕووی به‌ربه‌سته‌كانی كۆمه‌ڵگه ده‌بێته‌وه. مرۆڤ ئه‌وده‌م هه‌ست به ئازادی ده‌كات، كه له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتی ئه‌وانی دیكه‌دا نه‌مێنێت، بێ ئه‌وه‌ی لێیان داببڕێت، چونكه ئه‌وه پێكه‌وه‌بوونه مانا به ئازادی ده‌دات، نه‌وه‌ك دابڕان. مرۆڤێكی ته‌نیا له بیابانێك، یان له دوورگه‌یه‌كی لاپه‌ڕدا ئازاد نییه، با كه‌سیش نه‌بێت بیچه‌وسێنێته‌وه، چونكه له دابڕان‌دا ویست هیچ ڕۆڵێكی نامێنێت، وه‌ك (هیگڵ) پێی وایه ئه‌وه ئه‌وانی دیكه‌ن وا ده‌كه‌ن ئێمه هه‌ست به ئازادیی خۆمان بكه‌ین. من پێم وایه ئازادی كاتێ مانای هه‌یه، كه ئه‌وانه‌ی دی ده‌یانه‌وێت به هه‌موو شێوه‌یه‌ك لێتی بستێنن و تۆ نایده‌یت، بگره ئینجا به ڕاستی هه‌ست ده‌كه‌یت هه‌ته. به‌م شێوه‌یه كاره‌كته‌ره‌كانم چ له‌م ڕۆمانه و چ له‌وانه‌ی دیكه‌یشدا له‌ناو خه‌ڵكن، به‌ڵام له‌وێ شه‌ڕ بۆ ئازادبوونی خۆیان ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت كاتێ ئه‌و چوارچێوه‌یه‌یش جێ ده‌هێڵن، هێشتا شه‌ڕه‌كانیان ته‌واو نابن، به‌ڵكو به شێوه‌ی دیكه درێژه‌یان ده‌بێت. خێزان دنیا گه‌وره‌كه (ماكرۆكۆزم- Macrocosm))ه و هه‌ر یه‌كه‌ی ده‌یه‌وێت دنیا بچووكه‌كه (مایكرۆكۆزم Microcosm)ی خۆی، یان با بڵێین دنیای سه‌ربه‌خۆی خۆی تێدا دابمه‌زرێنێت، كه ئه‌و دوو دنیایه هه‌میشه به‌ر یه‌ك ده‌كه‌ون. یه‌كه‌م ئه‌زموونم له‌م ڕووه‌وه له ساڵی 1986 ده‌ستی پێ كرد، كاتێ ویستم چیرۆكی (مه‌رگ له‌سه‌ر شێوازی شیعر) بنووسم، كه ئه‌ندامێكه له كۆمه‌ڵه‌ی (سه‌ده‌ی یه‌كه‌می خه‌یاڵ). ڕاسته ئه‌وده‌م ده‌ره‌قه‌تی نه‌هاتم و دواتر له دانمارك پێیدا چوومه‌وه، به‌ڵام بۆ به‌رهه‌مه‌كانی داهاتووم بووه ئه‌زموونێكی گرنگ. پێویسته ئه‌وه‌یش بڵێم هه‌ردوو چه‌مكی (ماكرۆكۆزم) و (مایكرۆكۆزم)م له قۆناغی یه‌كه‌می زانكۆدا ناسین، كه ڕشته‌ی مێژووم ده‌خوێند و هاوكات ده‌مویست به‌شی خۆم له بواری تیۆلۆگی و ئه‌نترۆپۆلۆگی تێبگه‌م. به‌ڵێ، به هه‌ندێك گۆڕانكارییه‌وه ئه‌و چهمكانهم له ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌دا به كار هێنا. به مانایه‌كی دیكه ویستم وه‌ك دوو بوونه‌وه‌ر جوودایان بكه‌مه‌وه و به یه‌كیاندا بده‌م. ئه‌گه‌ر سه‌رنجت دابێت، هیچ كاتێ خێزان له به‌رهه‌مه‌كانمدا به شێوه‌ی ستاندارد پێك نایه‌ت. واته ماڵ له چیرۆك و ڕۆمانه‌كانمدا ته‌نیا دایك، باوك، خوشك و برا له خۆی ناگرێت، به‌ڵكو به‌رده‌وام ئه‌و بنه‌مایه تێك ده‌شكێت و به شێوه‌ی دیكه داده‌مه‌زرێته‌وه. ڕه‌نگه زۆر جار باوه‌ژن، باوه‌پیاره، زڕكچ، زڕكوڕ، مام، ئامۆژن، خاڵ، خاڵۆژن، منداڵی ئهدۆپتد (تهبهنیكراو) و هیی دیكه‌ت له‌ناو به‌رهه‌مه‌كانمدا به‌رچاو كه‌وتبن. ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی به‌سه‌ر بونیادی شوێندا دێت، له تێگه‌یشتن، زمان و هه‌ڵسوكه‌وتی كاره‌كته‌ره‌كاندا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه. به مانایه‌كی دیكه ململانێ دێته كایه‌وه، بۆیه ئه‌وانه‌ی ده‌چنه ناو ئه‌و ململانێیه‌وه، كاره‌كته‌ری بزۆك (Round Characters)ن، نه‌وه‌ك كاره‌كته‌ری چه‌سپاو (Flat Characters)، كه جیاوازیی نێوانیان، ئه‌وه‌یه، دووه‌میان گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا نایه‌ت، به‌ڵام یه‌كه‌میان به هۆی دینامیكیی ڕووداوه‌كانه‌وه گه‌شه ده‌كات و وێنه‌ی جۆراوجۆری خۆی ده‌رده‌خات. هه‌ر ئه‌و ململانێیهیشه فره‌ده‌نگی ده‌هێنێته كایه‌وه، به‌وه‌ی كه‌سانی جیاواز تێیدا به‌شدار ده‌بن و هه‌ر یه‌كه‌ی ده‌یه‌وێت كه‌ناڵی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت. به‌ڵێ، ململانێ لای من بایه‌خی گه‌وره‌ی هه‌یه. له‌م ڕۆمانه‌یشدا هه‌مان كۆنسێپت به شێوازی خۆی ده‌رده‌كه‌وێته‌وه. (ست ویداد دێرتی) و (مامۆستا دلاوه‌ر بێجان) منداڵێك ده‌دۆزنه‌وه و یه‌كێك له ده‌ست ده‌ده‌ن، كه ئه‌مه ئازارێكی گه‌وره‌یه، به‌ڵام هیچ شتێكی دی هێنده‌ی ئازار ناتوانێت ململانێ گه‌رم بكات و درێژه‌ی پێ بدات، به‌وه‌ی ڕێگه‌ی سه‌ره‌كییه بۆ ده‌ركه‌وتنی هۆشیاری و هۆشیارییش وه‌ك (كامیۆ) له (مرۆڤی یاخی)دا پێی وایه سه‌رچاوه‌ی یاخیبوونه.
*رازی خوگرتنی دلاوه‌ر به‌و رێبهنه سووره‌وه چییه؟ ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێ له‌و رێگه‌یه‌وه دژایه‌تی ده‌سه‌ڵات بكات هه‌ندێ جار له‌لایه‌ن بێدهسهڵاتهكانیشهوه باجه‌كه‌ی ده‌دات وه‌ك ئه‌وه‌ی كۆمۆنیسته‌كان داركاری ده‌كه‌ن؟
-ئێمه له واقیعدا تا ڕاده‌یه‌ك ده‌زانین كه‌سه‌كان كێن و چی‌یان ده‌وێت، به‌ڵام له ئه‌ده‌بدا ناتوانین هه‌مان زانیاری له‌باره‌یانه‌وه به ده‌ست بهێنین، به‌وه‌ی تێكستی ئه‌ده‌بی زمانی ناڕاسته‌وخۆی هه‌یه و له‌سه‌ر مێتافۆر، ڕێتۆریك و مێتۆنیمی دامه‌زراوه، بگره له ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه سنووره‌كانی واقیعی تێپه‌ڕاندووه و قه‌واره‌ی جیاواز و سه‌ربه‌خۆی پێك هێناوه. باشه، (گۆدۆ)ی (بیكیت) كێیه؟ ئه‌رێ ده‌گات، یان ناگات؟ ئه‌گه‌ر بگات چییه و ئه‌گه‌ر نه‌گات چی ڕوو ده‌دات؟ ئایا به گه‌یشتنی هیچ له‌و ته‌نیایی و بێهووده‌ییه‌ی (ئیتسراگۆن) و (ڤلادێمێر) كه‌م ده‌بێته‌وه؟ وا بۆ حه‌فتا ساڵ ده‌چێت ڕه‌خنه‌گران لێی ده‌كۆڵنه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی بگه‌نه ئه‌نجامێكی ڕوون، بگره بێ ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت به ئه‌نجامێكی دیاریكراو بگه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگه، ئه‌و گه‌ڕانه‌ی توێژه‌ره‌وانه به‌دوای خودی (گۆدۆ)دا. جۆری ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی هه‌ته پێت ده‌ڵێت چیرۆكه‌كه‌ت چ ئاڕاسته‌یه‌ك ده‌گرێته به‌ر. هه‌تا ئه‌و كاره‌كته‌ره قووڵ بێت و خاوه‌نی بیركردنه‌وه‌ی گه‌وره بێت، پتر ڕووبه‌ڕووی شه‌ڕه‌كانی ده‌وروبه‌ر ده‌بێته‌وه و زیاتر لای خوێنه‌ر پرسیاری كاریگه‌ر ده‌ورووژێنێت. ئه‌وانه‌ی له ڕوانگه‌ی سایكۆلۆجیاوه تێكستی ئه‌ده‌بییان خوێندووه‌ته‌وه، له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن، كه به‌شێكی زۆری گوته و هه‌ڵسوكه‌وتی كاره‌كته‌ر پێوه‌ندییان به نه‌سته‌وه هه‌یه. له ئه‌ده‌بدا به‌گشتی و له‌و تێكستانه‌ی به شێوه‌ی شه‌پۆلی هۆش نووسراون به‌تایبه‌تی، وه‌ك چۆن ئاڕاسته‌ی زه‌مه‌ن تێك شكاوه، به هه‌مان شێوه پرینسیپی (هۆ و ئه‌نجام)یش گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه، بگره قڵپ كراوه‌ته‌وه. (ئه‌لبێر كامیۆ) له سه‌ره‌تای (مرۆڤی یاخی)دا له‌باره‌ی ڕۆمانی (به‌رزاییه‌كانی وێزه‌رینگ)ی (ئیمیلی برۆنتی)یه‌وه ده‌نووسێت: {(هیسكلیف) ئاماده‌یه له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی (كاترین)ی خۆشه‌ویستیدا هه‌ر كه‌سێكی سه‌ر زه‌مین بكوژێت، بێ ئه‌وه‌ی له خۆی بپرسێت ئاخۆ ئه‌و كوشتنه ڕه‌وایه، یان بیه‌وێت به پاڵپشتی تیۆرییهكهوه پاساوی بۆ بهێنێته‌وه}. كه‌واته ئێمه‌ی خوێنه‌ر به‌شێكی گه‌وره‌ی نهێنیی ئه‌و كوشتنه نازانین. (جاك لاكان) مێتافۆر و مێتۆنیمی به بنه‌مای شیكردنه‌وه‌ی ده‌روونی داده‌نێت، بۆیه پێ له‌سه‌ر بنیادی زمان داده‌گرێت، له كاتێكدا بڕوای وایه چ ئه‌و زمانه‌ی پێی ده‌دوێین و چ ئه‌وه‌ی گوێمان لێ ده‌بێت، پچڕا‌و و ناته‌واوه. به لامه‌وه سه‌یره هه‌ندێك نووسه‌ر لێره و له‌وێ ده‌نووسن فڵان نووسه‌ر ڕووداوی بێهۆكار دروست ده‌كات. وا بزانم مه‌به‌ستیان شتێكی دیكه‌یه، به‌ڵام توانای ده‌ربڕینیان نییه، بۆیه به‌م شێوه پێكه‌نیناوییه ده‌كه‌وێته‌وه. من ده‌ڵێم ئه‌ده‌ب ئه‌و هه‌وڵه سهرنهكهوتووهیه، كه نووسه‌ر بۆ تێگه‌یشتن له خۆی، ده‌یدات. به مانایه‌كی دیكه نووسه‌ر نووسین به تاكه ڕێگه ده‌زانێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌سته شاراوه‌كانی بۆ خۆی ئاشكرا بكات، به‌ڵام تێیدا سه‌ركه‌وتوو نابێت، چونكه مێتافۆر، ڕێتۆریك و مێتۆنیمی ڕێگه‌ی ناده‌ن، بۆیه بڵاوی ده‌كاته‌وه و ده‌هێڵێت كه‌سانی دیكه بیبینن. ئه‌گه‌ر بیزانیایه ئه‌مه ڕێك ئه‌وه‌یه، كه ویستوویه‌تی پێی بگات، هه‌رگیز نه‌یده‌هێشت بكه‌وێته به‌رده‌ستی كه‌سه نزیكه‌كانیشی. به‌م شێوه‌یه ئه‌و پرۆسێسه درێژه‌ی ده‌بێت. من پێشتر له نامیلكهیهكدا به وردی له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه وه‌ستاوم و نامه‌وێت لێره‌دا گوته‌كانم بڵێمه‌وه. یه‌كێك له‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی ئه‌ده‌ب، به‌تایبه‌تی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه به مه‌به‌ستی تێپه‌ڕاندنی ئاستی واقیع و تێكشكاندنی لۆژیكهكانی په‌نای بۆ ده‌بات، ئیكزۆتیكه، كه به كوردی ده‌بێته (سه‌مه‌ره) و (تۆدۆرۆڤ)یش ناوی (فانتاستیكا)ی لێ ده‌نێت. به‌م شێوه‌یه به‌كارهێنانی (سه‌مه‌ره) بۆ ڕزگاربوونه له ده‌سته‌ڵاتی واقیع، بگره بۆ گه‌یشتنه به‌و شوێنانه‌ی هێشتا واقیع پێیان نه‌گه‌یشتووه. چ ڕێبهنی ملی (مامۆستا دلاوه‌ر) و چ ملپێچه‌كه‌ی (ئومێد)یش ده‌چنه ئه‌و خانه‌یه‌وه. ئه‌گه‌ر له ڕووی سیمۆتیكاوه سه‌رنجیان لێ بده‌ین، ده‌بینین چۆن دوو پارچه په‌ڕۆ كۆمه‌ڵێ مانای جیاواز له‌وه‌ی هه‌ن، په‌یدا ده‌كه‌ن و چۆنیش ده‌چنه بواری ده‌سته‌ڵاته‌وه. دهها بۆ ئه‌وه‌ی شته‌كان ببنه جێگه‌ی سه‌رنجی ئه‌وانه‌ی دی، پێویسته له شێوه‌ی نائاساییدا ده‌ربكه‌ون و خاوه‌نی هه‌ندێك نهێنی بن. ئه‌و ڕیبهنه هه‌م نائاسیاییه و هه‌م سه‌یره، به‌وه‌ی به ملی كهسێكهوهیه، گه‌وره‌یه و مامۆستایه. خاوه‌نی نهێنییشه، كه نازانین بۆ له ملیه‌تی و له كوێی هێناوه. دیسان ده‌پرسین ئایا ڕاسته ئه‌وه ئه‌و ڕیبهنهیه، كه پێشتر له ملی سه‌گه‌كه‌ی كراوه؟ ئایا سه‌گه‌كه‌ی به ڕاستی هه‌بووه؟ هێنده‌مان لا ڕوونه به هۆی ڕێبهنهكهیهوه ڕووبه‌ڕووی دوو جۆر توندوتیژی ده‌بێته‌وه: یه‌كه‌میان، توندوتیژیی سیمبۆڵی وه‌ك ئه‌وه‌ی (پیر بۆردیۆ) ناوی لێ ده‌نێت، كه زیاتر پێوه‌ندیی به زمان و نیشانه‌وه هه‌یه. بۆ نموونه چ ئه‌و جنێوانه‌ی به هۆی ئه‌و ڕیبهنهوه پێی ده‌درێن و چ ئه‌و گاڵتانه‌ی پێی ده‌كرێن، ده‌چنه خانه‌ی توندوتیژیی سیمبۆڵییه‌وه. جۆری دووه‌میان، توندوتیژیی فیزیكییه، كه له گرتن و لێداندا به‌رجه‌سته ده‌بن، چ له لایه‌ن خه‌ڵكی ئاسایی و چ له لایه‌ن داموده‌ستگه‌ی ڕێژیمه‌وه. ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان زیاتر فۆكه‌سی له‌سه‌ر كراوه، چونكه هه‌م سه‌ختتره، به‌وه‌ی پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی به ده‌روونه‌وه هه‌یه و هه‌م شاراوه‌تریشه، كه وه‌ك پێشتر گوترا ئه‌ده‌ب زیاتر به لای نه‌زانراوه‌كاندا ده‌چێت.
ئه‌م بابه‌ته 18663
جار خوێنراوهتهوه
PM:03:26:05/03/2016