مـاڵە ئـەنـدەلـوسـییـەكـە<br> واسینی ئەلئەعرەج

مـاڵە ئـەنـدەلـوسـییـەكـە
واسینی ئەلئەعرەج

خەڵک

ڕۆمانی ماڵە ئەندەلووسییەکە، لە نووسینی ڕۆماننووسی جەزائیری، واسینی ئەلعەرەجە و سەباح ئیسماعیل لە عەرەبییەوە کردوویەتی بە کوردی. ناوەندی غەزەلنووس چاپ و بڵاوی کردۆتەوە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکاندایە.

بۆ زیاتر ئاشنابوون بەو ڕۆمانە، پێشکییەکەی دادەنێین، کە واسینی ئەلئەعرەج خۆی بۆ چاپە کوردییەکەی نووسیوە.

پێشەكیی نووسەر
سڵاو لە زمانی كوردی لە "ماڵە ئەندەلوسییەكە”ـدا

  ڕۆمانێكت بكرێتە كوردی، مانای وایە كلیلی چوونەژوورەوەی ماڵێكی ترت لەدەستدایە و لەگەڵ میللەتێكدا دەژییت بەرەنگاری ماشێنی قڕكردنی ڕەگەزی و ڕۆشنبیری و ئیتنیی بووەتەوە، كە بۆ بەرژەوەندیی پرۆژەیلی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی كورتهێن بەگەڕخراوە، گرەوە بناغەییەكانی نەبینیون و بە چاكی ئەو مەترسییانەی هەڕەشەی لێ دەكەن، نەخوێندووەتەوە. هەڵبەت بە درێژایی مێژوو شكستی خواردووە، چونكە تایبەتمەندییەكانی میللەتێك و مافەكانی لە بەرچاو نەگرتووە لەوەی ببێتە ئەوەی خۆی دەیخوازێت، نەك وەك ئەوەی ئەوان بۆی دەخوازن. بە سادە و ساكاری دەیەوێت ببێتە بەرپرس لە چارەنووس و مێژووی ئەو میللەتەدا. لەبەر هەندێ دەبێت ئەو ڕۆمانەی وەردەگێڕدرێتە سەر ئەم زمانە، هەڵگری ئەو بەها خەباتگێڕییە زیندووانەی میللەتان بێت، واتە مافی لە شوناسی كراوە و ناداخراودا، هەروەها مافی لە بەردەوامبوون لە بوونی مرۆییدا وەكو ڕەنگێك مافی لە بوون و ژیاندا هەبێت.

ئا لێرەوە بڕوام وایە ڕۆمانی "ماڵە ئەندەلوسییەكە”، كە ئەمڕۆ بە زمانی كوردی پێشكەشی خوێنەر دەكرێت، دوای ئەوەی بۆ چەند زمانێكی تری جیهانی وەرگێڕدرا، هەندێك لەم مافی بوونەی هەیە، ئەمەش لەمیانەی ئەو پرسیارە گەوهەرییانەی دەیانخاتە ڕوو، وای لێ دەكەن لە دەرگەیەكی فرەوانەوە خۆی بە ماڵی كورداندا بكات، چونكە لە ئەنجامدا تەنیا باسی ئەو سەرقاڵییە زیندووەی هەر میللەتێك دەكات، كە ناهێڵێت ڕۆشنبیری و تایبەتمەندییەكەی تێرۆر بكرێت.

گرفتی شوناس بووەتە كێشەی سەردەم، كە بەرەو خۆلەناودان ملدەنێت، چونكە شوناسەكانی بە پێوەری سیاسی و ئایدیۆلۆژی چێ كردوون و هیچ تایبەتمەندییەكی ئەو نەتەوانەی لە بەرچاو نەگرتووە، كە خۆی لە ڕایەڵەیەكی كۆمەڵایەتیدا بینییەوە پێكەوە، گرێدراو نەبوون، چونكە لە كۆتاییدا لە بەدیهێنانی هاووڵاتیبوونێك تا بڵێی گرانبەها و بۆ پاراستنی یەكێتیی هاوبەشە گەورەكەی ناوی نیشتمانە پێویست بوو، هاونیشتمانیبوونیش هەموو پێكهاتە ژیارییەكان بە زمان و ڕۆشنبیرییەوە دەگرێتە خۆ، كە بە قووڵی پێكهاتوون، بەڵام ڕۆمانی "ماڵە ئەندەلوسییەكە” ئاگەداری مەترسییەكی ترمان دەكاتەوە، ئەویش گۆڕینی ناسنامە بریندارەكانە بۆ سەر ناسنامەی برینداركەر، كە ئەویش لە دۆخی سووڕانەوەیەكی بێكۆتادایە.

واقعی سیاسیی سوریا و عێراق و لیبیا ئەوەمان بۆ دەردەخات، كە ئەو مەترسییانەی ڕۆمانەكە هەمبەر ناسنامە ورووژاندوونی، هێشتانەكینێ زیندوون و بە بەرچاومانەوەن و سەرلەنوێ خۆیان دروست دەكەنەوە، وەك ئەوەی مێژوو بەرەودوا بگەڕێتەوە، هەڵگری هەمان كەڵكەڵەن. لەپڕ ناسنامە لەبری ببێتە یەكێتیی هەمەڕەنگ، نەك تاكلایەن، دەبێتە ئامڕازی وێرانكردن.

چەندێك بگەڕێمەوە سەر ڕۆمانی "ماڵە ئەندەلوسییەكە” هەستێكی سەیر دامدەگرێت، هەستی ئەو كەسەی ڕووخانی پێش ڕوودانی لە نیشتمانی عەرەبیدا بینی، چون من بزانم ئەم وڵاتە پەلوپۆهاویشتووە پڕ لە خێرە دەبوو بەپێی ئەوە لە گەشەسەندن و وەرچەرخانی لە دواكەوتووییەوە بۆ پێشكەوتنی حەتمی نەتەوەیەك بوایا لە سەرووی هەموو نەتەوەكانەوە، چونكە خاوەنی بڕبڕەی مرۆڤایەتییە. لێ ئەوانی بڕیاری گەشەسەندن و ڕووخانیان بەدەستە، هەر ئەوانیشن بڕیاری كۆتایی دەدەن.

عەرەب لەمیانەی جەنگە بەردەوامەكانیاندا وێڕای دەسەڵاتی ڕۆم و نەتەوەكانی تری وەك وڵاتی هیند و سند و چین و ئەوانیتر، ژیاریان بونیاد نا. لێ لە سەردەمی نوێدا ئەم نەتەوەیە پەكیكەوت، یان پەكخرا، دوای ئەوەی ڕۆژئاوا، كە پێشكەوتنێكی تەكنەلۆژیی خێرا و بەرچاوی بەخۆوە بینی، بۆی دەركەوت نەك هەر لەسەر گۆلەنەوتێك دانیشتووە، تەمەنی بۆ چەندین سەدە دەگەڕێتەوە، بەڵكو ئەو بڕبڕەیەی كۆنترۆڵی ژیانی جیهان دەكات، بەدەستییەوەیەتی.

جەنگەكان تێكەڵەیەكن لە مێژوویەكی كۆن هێشتا حیساباتە خێڵەكی و ئیتنی و تایفییەكانی یەكلا نەكردووەتەوە. ئەمڕۆش بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە مێژوو گەڕانەوەی چەندپاتەیە و مرۆڤایەتی شكستی خواردووە لە هەنگاونان بەرەو جیهانێكی مرۆڤانەتر، چونكە مەحكوومە بە بەرژەوەندیی تەسك، هەڵبەت گشت ئیمپراتۆرییە ئاوابووەكان بەم قۆناغ و بۆچوونانەدا تێپەڕیون.

لەبەر ئەمە "ماڵە ئەندەلوسییەكە” هاواری بێئومێدییە، كەس گوێی لێ نەبوو. لە ئەنجامدا ماڵە ئەندەلوسییەكە تەنیا ئەم هاوارە مرۆییەیە، كە لە قووڵایی مرۆڤەكانەوە لە هەر كوێیەك بن، دەردەچێت، هەر لە وەختی دۆزینەوەی كۆمەڵگەی نوێ و ئەمریكاوە تاكو ئێستا.

ئەم خانووە شتێكی گەورەترە لە دار و بەرد، زمان و مێژوو و ناسنامەی بریندارە. كارەكە تەنیا پێوەندیی بە تاوەرێكی بەرز و بڵندەوە نییە لە شوێن خانووە ڕووخێنراوەكە، كە پێداویستییەكانی كۆمەڵگەی نوێ و ئەو توێژانە دابین دەكات، كە لە كۆمەڵگەی بەرخۆردا گەورە بوون، بەڵكو شتێكی گەورەترە لە هەموو ئەمانە. بێگومان دەسەڵات كە شارەوانی، یان فەرمانڕەوا نوێنەرایەتیی دەكەن، لە كۆتاییدا خانووەكە دەڕووخێنن و لەگەڵیدا دواپەڕەی دەپێچرێتەوە، كە موراد هەڵیگرتبوو. دوای ئەوە گشت شتەكان بەدەم باوە دەڕۆن. بە سووربوون و پێداگیرییەكی گەورەوە موراد باستا بەڵگەنامەیەكی كۆن دەپارێزێت، چونكە ئەوە بەڵگەیەتی لە ژیاندا، هەر ئەوەیە ڕەوتەكان و مێژووی ئەم خانووە و بەرهەڵستییەكانی لە گشت ڕۆژگارەكاندا دەپارێزێت بەر لەوەی بكوژانی نوێ بێن و بە یەكجاری بیسڕنەوە. سڕینەوەی ئاوەدانی و نەوە زیندووەكان. ئەمانە مێژوو و یادگە وایان لێ ناكات جیاواز بن لە تاڵیبان و داعش، كە بوونەتە ئامڕازێك بۆ سڕینەوەی شوناس و بوونەتە ماشێنێكی زەبەلاح دەستیان بە هەر خاكێكدا بگات، دەیكەن بە وێرانە.

بە لای كەمەوە وەكو من ویستم "ماڵە ئەندەلوسییەكە” بەم مانایەیە، نەك هەر بەڵگەنامەیەك بێت سەبارەت بە كۆچی مۆریسكییەكان و ماڵوێرانیی باپیرەگەورەمان لە جەزایر پێش پێنج سەدە، بەڵكو یادگەیەكی بەكۆمەڵە، گرینگیی بۆ كورد و ئەرمەن و عەرەب و ئەورووپی و ئەوانی تریش هەیە. ماشێنی زەبەلاحی سڕینەوە هیچ یادگەیەكی بەپێوە نەهێشتووە، لەدوای خۆیەوە تەپوتۆز و باڵەخانەیەكی بێڕۆح و ئاگر و سووتماكی جێ هێشتووە، كە بەهێز و بەتوندی بەر یادگە دەكەون.

ئا لێرەدا پرسیارێك دێتە كایەوە، ئەویش پرسیاری ئێستایە، نەك ڕابردوو، چۆن پێشبكەوین و خۆمان بە مۆدێرنێتەوە گڕێ بدەین بێ ئەوەی ڕەگەكانمان كوێرەوە بن و ژیانیان پێ ببەخشین؟ هاوارەكەی گالیلیۆ لە بۆشاییەوە نەهاتبوو، بەڵكو لە كۆتایی مێژوویەكەوە هاتبوو باوباپیران دروستیان كردبوو و وەك خۆی مابووەوە، لەبری ئەوەی پینەی بكەن و نۆژەنی بكەنەوە و جارێكی تر خوێندنەوەیەكی ڕەخنەگرانەی بۆ بكەن. هەر لەبەر ئەمەشە گالیلیۆ لە هەموو وڵاتگیرەكان (فاتح) تووڕە دەبێت و بەرپرسیارێتییەكی گەورەیان دەخاتە سەرشان ڕەتیدەكەنەوە لێی ڕابمێنن، چون شتێكی پیرۆز بێت "هەشت سەدە پتر، وەك ئەوەی هیچ نەبووبێت. هەموو شتەكان گەڕانەوە دۆخی یەكەمی خۆیان. وەكو خۆی چۆن بوو ئاوا، یاخود دەبوو وا بوایا. ئەی تاریقی كوڕی زیاد وەك ئەوەی نە هاوارت كردبێ و نە وڵاتیشت گرتبێت! ئەی مووسای بن نەسیر نە دەرتیان كردووە و نە دەسەڵاتیشت گرتەدەست،  ئەی عەبدولڕەحمانی داخل دەڵێی نە شمشێرت هەڵبڕیوە و نە چوویتەتە ژوورەوەیش!

ئەی عەبدولڕەحمانی ناسر نە مانۆرت كرد و نە دوایشكەوتی، تۆش ئەی مەنسوور بن عەمار نە كەست كوشتووەوە و نە كەسیشت دوورخستووەتەوە! تۆش ئەی محەمەد سەغیر هەر دەڵێی نە فرۆشتووتە و نە كڕیوتە، تاكو وەكو هەر خۆفرۆشێكی بچووك لە كونی دەرزییەوە دەرچیت! وەك ئەوەی ئێوە هەر نەبووبن. وەك ئەوەی من نەبووبم”.

هەموو ئەوەی "ماڵە ئەندەلوسییەكە” گوتی، ئامانج لەپشتییەوە ئێستای بەرەو وێرانبوونە، نەك تەنیا ڕابردوو. ئاشكراكردنی مێژووی ماڵە ئەندەلوسییەكە، ئاشكراكردنی هەموو ئەو داڕووخانانەیە، كە دەوری شار و وڵات و مرۆڤەكانیان داوە. ڕاستە ئەوی دەگێڕدرێتەوە یادگەی باپیرە گالیلیۆیە، لێ لە هەمان كاتدا ئامڕازێكە بۆ ڕووتكردنەوەی گەندەڵیی ئیداری و كڵۆڵیی ڕێژیمەكە و توندبوونی هەژموونی قاچاخچییان و باڕۆنەكانی بازاڕ و ئیمپراتۆرەكانی لم و خانووبەرە، هەروەها درێژبوونەوەی پێیە ئەختەبووتییەكانی كۆمپانیا نیشتمانی و بیانییە هاوبەشەكان و زۆربوونی فەندەمێنتالیست و گرووپە ئایینییە توندڕۆكان و ستەمكاریی سیاسییە، كە هەموویان دەرەنجامی مێژوویەكن، وەكو پێویست لێی حاڵی نەبووین و لە ئاستیدا كورتبین و تەسكبینین.

دووبارە هێنانەوەی ئابڕووچوونەكانی دادگە تاوانكارەكانی پشكنین، تەنیا ئاگاداركردنەوەیەكە بۆ عەرەب، ئەمجاریان لەناو خۆیانەوە هەڵدەقوڵێن و بە خێرایی لە گۆڕەپانی بەتاڵ لە هەر بزاڤێكی بەرهەڵستكاری، گەشە دەسەنێت. ئیدی هەموو ڕایەڵێكی كۆمەڵایەتی هەڵدەوەشێنێتەوە، كە بە درێژایی چەندین سەدە لە ڕێگەی چوونە ناویەكی ڕۆشنبیرییەوە دروستبوو، هەروەها ڕۆمانەكە وریاكردنەوەیەكە لە سەرهەڵدانی دەستپێكی دادگەكانی فیندەمینتاڵیستی ئیسلامی، كە بە ڕواڵەت ئایینی و لەژێریشەوە دواكەوتووییەكی بەربادی بینای ڕۆحی و تایبەتمەندییەكانییەتی لە كۆمەڵگەی عەرەبیدا. ڕۆمانەكە باش ده‌ركی بەوە كردووە ئاسۆكان هێندەی دادەخرێن، هێندەی ئەوەش دەكرێنەوە.

لە دواییدا ئەگەر بشێ خوێنەری كورد ئاگادار بكەمەوە، ئەوا دەڵێم: "ماڵە ئەندەلوسییەكە” تەنیا گوتارێكی سیاسی نییە، بۆچوونی فەندەمێنتاڵی بۆ شتەكان و تۆتالیتاریزم ڕەت بكاتەوە، بەڵكو لە هەمان كاتدا بونیادێكی ئیستاتیكیی هەیە، ڕۆمانەكە بەبێ ئەو بونیاد نانرێت. ڕیتمێكی زیندوو لە ساتەكانی شكۆمەندی و باڵابوون، هەروەها شكستیش. لەسەر مقاماتی ئەندەلوسی بونیادنراون، بۆیە ئەوی بونیادی ڕۆمانی "ماڵە ئەندەلوسییەكە” دەخوێنێتەوە، دەبێت لە لایەنی ئیستاتیكییەوە بالاد (موشح) بخوێنێتەوە و لێی تێبگات، چونكە لە بونیادیدا شتێك لە بونیادی "ماڵە ئەندەلوسییەكە”ی تێدایە. لە كۆتاییدا هیچ شتێكیش نییە لە بۆشاییەوە، یا لە هیچەوە بڕوێت.

واسینی ئەلئەعرەج
پاریس

ئه‌م بابه‌ته 31529 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:11:08/02/2016